زووم..
ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت، لەماوەی گەشتە سێ رۆژییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی 350 کەس بە بۆردومان و هێرشی ئیسرائیل لە غەزە کوژراون.
ئاژانسی ئەنادۆڵ کە ئامارەکەی لە وەزارەتی تەندروستیی غەزە وەرگرتووە، دەڵێت لە رۆژی یەکەم لە 13ـی ئەم مانگە کاتێک ترەمپ سەردانی سعودیەی کرد، سوپای ئیسرائیل تۆپبارانی نەخۆشخانەی ئەوروپی و ناسری لە غەزە کرد لەگەڵ چەند ماڵ و خێمەیەکی ئاوارەکان و لە ئەنجامدا 48 کەس کوژران.

ساتی گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودیە و پێشوازیکردنی لەلایەن محەمەد بن سەلمان لە 13-05-2025. وێنە: AA
لە رۆژی دووەمیدا کاتێک ترەمپ دەچێتە قەتەر و بەرپرسانی وڵاتەکە پێشوازی لێدەکەن، هێرش و بۆردومانی ئیسرائیل 118 کەس لە غەزە دەکوژێت.

دۆناڵد ترەمپ لەکاتی گەیشتنی بە قەتەر قسە لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلتانی، میری قەتەر، دەکات. وێنە: AA
پێش سەردانەکەی ترەمپ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بڕیاردراوە بە فراوانکردنی هێرشەکان بۆ سەر غەزە. هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیل پێشتر بۆ میدیا جیهانییەکانی ئاشکراکرد، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل بە کۆی دەنگ پلانی فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر غەزە پەسەندکردووە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت، تەنانەت پێش هاتنی ترەمپ بۆ وڵاتە عەرەبییەکان، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەزە چڕکردووەتەوە و لە سێ رۆژ پێش سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، 78 کەس لە غەزە کوژراون.
لە رۆژی سێیمی گەشتەکەیدا ترەمپ سەردانی ئیماراتی کرد و لە هەمان رۆژ 94 کەس بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە کوژراون.

تەوقەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان، سەرۆکی ئیمارات و حاکمی ئەبوزەبیلە 15-05-2025 لە ئەبوزەبی. وێنە: AA
ترەمپ لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا کە لە سعودیە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنیشینی سعودیە کۆبوویەوە، لە گوتارێکیدا گوتی: فەڵەستینییەکان شایەنی ژیانێکی باشترن.
هاوکات ئەمڕۆش لەکاتی گەڕانەوەی و کۆتایهێنان بە گەشتەکەی، ترەمپ گوتی، “ئاگام لە بارودۆپخی خەڵکی غەزەیە و خەڵكێكی زۆر خەریکە لە برسا دەمرن.”
لەماوەی گەشتەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا چەندین رێککەوتنی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ سعودیە، قەتەر و ئیمارات واژۆکرد و گوتی، هەرسێ وڵات بە بەهای 10 ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکەن.
ماوەی 19 مانگە جەنگی غەزە بەردەوامە و بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەزە، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە 53 هەزار کەس.