زووم..
رۆژنامە ئینگلزیییەکان
هائارێتز: لەناو پرۆژە نوێیەکەی ترەمپدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەتانیاهۆ و ئیسرائیل هیچ رۆڵێکیان نییە
رێکەوتنی چەک دابینکردن کراوە، ئامێز بۆ سوریا کراوەتەوە بگەڕێتەوە کایەی نێودەوڵەتی، پێشنیازیش بۆ غەزە کراوە، بەڵام لە هەموویاندا ئیسرائیل فەرمۆشکراوە.
رۆژگاری ئێستای رووداوەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێڕایی دەگۆڕێن. ئەوە ئاشکرایە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا هەنگاوی باشیان بڕیوە و نزیکبوونەتەوە لە ئەنجام.
هەروەها گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانیش هێندە گرنگن کە بارودۆخی ساڵی 2003ـی پاش شەڕەکەی سەر عێراق تێدەپەڕێنن.ئەمریکا سەرلەنوێ تۆڕی دۆست و هاوپەیمانەکانی خۆی بونیاددەنێتەوە. دەیەوێت کۆتایی بە هەندێک لە ناکۆکییەکانی ناو ئەم ناوچە گەرمە بهێنێت. بەڵام لە کۆی گۆڕانکارییە نوێیەکاندا ئیسرائیل لایەنێکی فەرامۆش کراوە. ئەمریکا داویەتیە پاڵی سعوودیە و تورکیا و قەتەر.
دەیلی تەلەگراف: بەریتانیا داوای کردووە وەک ئەوروپا کار بە پاسپۆرتی سەگ و پشیلە بکاتەوە
بەریتانیا داوای کردووە جارێکی دیکە بۆ کارکردن بە دابینکردنی پاسپۆرت بۆ گیانلەبەرە ماڵیکراوەکان کار بە سیستمەکەی ئەوروپا بکاتەوە. ئەم بابەتە بەشێک دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانی بەرپرسانی بەریتانیا لەگەڵ ئەوروپییەکاندا.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکان هەر ساڵێک نزیکەی 250 هەزار کەس لە هاووڵاتیی بەریتانی پێویستیان بە بوونی بەڵگەنامە بۆ گیانلەبەرە ماڵیکراوەکانی خۆیان دەبێت بۆئەوەی لەگەڵ خۆیاندا گەشتی وڵاتانی ئەوروپایان پێبکەن، بەڵام کە بەریتانیا یەکێتیی ئەوروپای بەجێهێشتووە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2021ـەوە کاریشی بە پاسپۆرتی گیانلەبەران نەکردووە. ئێستا داوا دەکات سەگ و پشیلە و کرتێنەرەکانی دیکە پاسپۆرتیان بۆ بکرێت.
تایمز: لەپاش سێ ساڵ شەڕکردن کرەملین و کییڤ پێکەوە رووبەڕوو دادەنیشن
ئەمریکا دەڵێت ئومێدێکی کز پەیدابووە بۆئەوەی کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بێت، چونکە هەردوولای مۆسکۆ و کییڤ کەوتوونەتە ئامادەکاریکردن بۆئەوەی ئەمڕۆ لە ئیستانبوڵ گفتوگۆ بکەن. مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم رووەوە دەڵێت: حەزدەکەم راست و رەوان پێتان بڵێم، لەو بڕوایەدا نیم بتوانین ئومێدی گەورە لەسەر گفتوگۆکانی ئەمڕۆ دروست بکەین، نازانین چی روودەدات.
ئەم لێدوانەی روبیۆ پاش ئەوە هات کە ڤلادیمێر پوتین ئامادە نەبوو خۆی بچێتە ئیستەنبوڵ و لەگەڵ ڤلادیمیر زێلینسکیدا دابنیشێت، لەبری خۆی شاندێکی لەئاستێکی نزمدا نارد.
عەرەب نیوز: ترەمپ دەڵێت ئەمریکا نزیکبووەتەوە لەوەی رێکەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ لەگەڵ ئێراندا ئیمزا بکات
رۆژی پێنج شەممە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا گوتی، وڵاتەکەی نزیکبووەتەوە لەوەی رێکەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ تاراندا ئیمزابکات و ئەمەش مانای وایە لێدانی گورزی سەربازی لە ئێران بووە بە ئەگەرێکی دوور.
ناوبراو لە لێدوانەکەیدا گووتی، گفتوگۆکانی نێوانی ستێڤ ویتکۆفی نێرەدەی ئەمریکا و عەباس عێراقچیی دانوستاندنێکی زۆر جدی بوون و ئاشتییەکی درێژخایەنیان لێدەکەوێتەوە، ئەگەری بەرەوپێشچوونی زیاتریشیان تێدایە.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی گەشتەکەی خۆیدا بۆ کەنداوی عەرەبی سەردانی وڵاتی قەتەری کرد و لەوێش ئەم هەواڵەی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوە و گوتوویەتی ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو مەرجەکانی پەسەندکردووە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: ترەمپ دەڵێت، ناتوانرێت ئەو پەیوەندییە بەهێزەى ئەمریکا و سعودیە بشکێنرێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەخت دەکاتەوە ناتوانرێت هێزی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان خۆی لەلایەک و سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز شای سعودیە و محەمەد بن سەلمان شازادەى جێنشین لەلایەکى دیکەوە دروست بووە تێکبشکێنرێت.
دەشڵێت لە سەردانەکەى ئەم دواییەشی بۆ ریازی پایتەختى سعودییە ئەو پەیوەندییە زیاتر رەنگى داوەتەوە، بە شێوەک هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت زەفەری پێ ببات.
دوێنێ سەرۆکى ئەمریکا، گەڕی سەردانەکانى بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە ئیمارات کۆتایی پێهێنا، هاوکات جەختى لەوەش کردەوە، پەیوەندیی ئەمریکا و ئیمارات قوڵ و ستراتیژیین.
قودسی عەرەبی: رۆبیۆ دوای دیداری شەیبانى: دیمەشق لەگەڵ ئیسرائیل گرنگی بە ئاشتەوایی دەدات
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا، دوایدی دارەکەى لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەى سوریا لە ئەتاڵیای تورکیا، دەڵێت، سوریا گرنگی بە ئاشتەوایی دەدات لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتەکەش بەرەو کۆمەڵگەیەکى هەمەچەشن هەنگاوی گرنکى هەڵگرتووە.
رۆبیۆ دەشڵێت، سوریای نوێ گرنگی بە پەیوەندییەکانى سەرجەم وڵاتانی دراوسێی دەداتەوە، لەنێویشیاندا ئیسرائیل، واشنتن جێبەجێکردنى بڕیارەکانى بۆ سەر هەڵگرتنى سزا ئابوورییەکانى سوریا دەستپێدەکات.
عەرەبی جەدید: دانوستانى ئاگربەستى غەزە بێسەروشوێنە
بزووتنەوەى حەماس دەڵێت، دوای ئازادکردنى ئەو بارمتە ئیسرائیلییەی هەڵگری رەگەزنامەى ئەمریکا بوو، دوای لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا چاوەڕوانی دەستپێشخەرییەک بوون بۆ ئاگربەستى کەرتى غەزە.
بەگوێرەى رۆژنامەى عەرەبی جەدید، سوپای ئیسرائیل هێرشەکانى توندتر کردووەتەوە بۆ سەر کەرتى غەزە، بۆردومانە چڕوپڕەکانى وایکردووە، لە دوو رۆژی رابردوودا 200 کەس بکوژرێن، لە 24 کاتژمیری رابردووشدا زیاتر لە 100 کەس کوژراوان.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیلیش رایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەک نیازیان نییە بۆ راگرتنى جەنگ نەرمی بنوێنن، نێوەندگیرانی میسر و قەتەریش دەڵێن، ئیسرائیل کارێکی وای کردوە دانوستانى ئاگربەست بخاتە نێو تونێلێکی تاریک و مەترسیدارەوە.
عەرەب: پرسی مووچە جارێکی دیکە پەیوەندیی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەوە بەر باس
پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە سێبەری خستە سەر پەیوەندی نێوان بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق.
بەغداد لەژێر فشاری هێزە ناوخۆییەکانیدا، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە سەر هەڵوێستە توندەکانى پێشووی سەبارەت بە ناردنى ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، ئەو هەنگاوەش سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانی تووڕە کردووە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو مامەڵە نەشیاوەى بەغداد رەتدەکاتەوە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر چەند پرسێک ئەنجامى دەدات، لەوانەش مووچەی مووچەخۆران.