زوومی کلتووری
فیلمی مشن ئیمپۆسەبڵ زە فاینەڵ رێکنینگ لە رۆژی دووەمی بەڕێوەچوونی خولی ٧٨ـەمی فێستیڤاڵی کاندا لە دەرەوەی بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە پیشاندرا و ئامادەبوانی نێو هۆڵەکە، بە پێوە پێنچ تا حەوت خولەک چەپڵەیان بۆ تۆم کروزی ئەستێرەی سەرەکی فیلمەکە لێدا و ئەم چەپڵە لێدانە بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی کروز و کریستۆفەر مکواری دەرهێنەری فیلمەکە هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
ماڵپەری دێدلاین باس لەوەشدەکات لە کاتی پیشاندانی فیلمەکەدا لەگەڵ هەندێ لە دیمەنە سەرکێشییەکانی کروزدا ئامادەبوان بەگەرمییەوە چەپڵەیان لێداوە.
ئەم فیلمە تا ئێستا لە کۆی ٥٠ رەخنە کە لە رۆتین تۆمیتۆز لەسەری نووسراوە، توانیوێتی ئیمتیازی ٨٩ لەسەد بەدەست بهێنێت.
حەوت بەشی ئەم فیلمە لە ماوەی ٣٠ ساڵی بەرهەمهێنانیدا تا ئێستا داهاتی چوار ملیار دۆلاریان هەبووە و بڕیارە لە بەشی هەشتەمیدا بۆ کۆتا جار کروز بەشداری لە فیلمەکەدا بکات و ئیتر بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە کارەکتەری ‘ئیثان هانت’ و فیلمەکە بکات.
ئەم فیلمە بڕیارە لە ٢١ـی ئەم مانگە لە سینەماکان پیشانبدرێت.