زووم..
هەفتەی داهاتوو وڵاتانی ئەندام لەنێو رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە جنێف کۆدەبنەوە بە مەبەستی پەسەندکردنی رێککەوتنێکی گرنگ لەبارەی ئەگەری دەرکەوتنی پەتای نوێ، لەگەڵ بودجەی کەمکراوەی رێکخراوەکە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا 10 گەورەترین بەرپرسانی وڵاتانی ئەندام و هەزاران نوێنەر بەشداری بکەن، کۆبوونەوەکان لە19 بۆ 27ـی ئایار دەخایەنێت.
کاسرینا بەیم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، ئەم کۆبوونەوەیە لە ساتەوەختێکی میحوەریی تەندروستیی جیهانیدایە.
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر دەرکەوتنی نەخۆشی کۆڤید-19، کە ملیۆنان کەسی کردە قوربانی، سەرنجی سەرەکی کۆبوونەوەکانی هەفتەی داهاتوو لەسەر چۆنێتی خۆپارێزی دەبێت لە ئەگەری دەرکەوتنی پەتای نوێ لە داهاتوودا و چۆنێتی چارەسەرکردنی.
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، رێکخراوەکە لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدایە بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی لە رێکخراوەکە دا.