زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
داودئۆغڵو: دەبێت تۆڕی دارایی پەکەکەش چارەسەربکرێت
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، نەخشەڕێیەکی نۆ خاڵی تایبەت بە چارەسەری دۆسیەی پەکەکە خستووەتەڕوو.
داودئۆغڵو لە نەخشەرێگاکەدا داوایکردووە تەنیا هەڵوەشانەوەی پەکەکە بەس نییە، بەڵکو دەبێت تۆڕی ئابوری پارتەکەش چارەسەربکرێت و رێگری بکرێت لەو مافیایانەی کاردەکەن لە بەدەستخستنی ئابووریی لەڕێی مادەی هۆشبەرەوە کە پێدەچێت ئەوانە پیلانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ تێکدانی پرۆسەکە.
هەروەها داواشدەکات، چەکەکانی پەکەکە لەبەردەم رایگشتیدا رادەستبکرێن و سەرچاوەی مرۆییش پاکتاوبکرێت و میکانیزمێکی سێقۆڵیش لەگەڵ دیمەشقدا دابنرێت و دواتر هەموو شتێک لەڕێی ریفۆڕمی یاسایی لەژێر سایەی پەرلەمانی تورکیادا بە ئاشکرا و شەفافانە و بە بەشداری هەموو پارتەکان راوێژ بکرێت.
ئاکشام
پرۆسەی دوای چەکدانانی پەکەکە بەسێ قۆناغ بەڕێوەدەچێت
رۆژنامەی ئاکشام بڵاویکردەوە، بەبێ کێشە قۆناغی تورکیای بێ تیرۆر تێپەڕدەبێت، چونکە پرۆسەی چەکدانانەکە هەنگاوی پێویستی بۆ نراوە، بەتایبەت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە نزیکەوە لەگەڵ تورکیا کاردەکات بۆ ئەو پرۆسەیە.
رۆژنامەکە بەشێکی تری پەڕەی یەکەمی تەرخانکردووە بۆ پرسی قوربانیکردن بە تایبەت کە ئێستا جەژنی قوربان نزیکە و دەڵێت، نرخی ئاژەڵ لە تورکیا لەسەدا 18 زیادیکردووە.
رۆژنامەکە زانیوویەتی، نرخی سەرئاژەڵی بچوک بە 11-18 هەزار لیرە و سەرئاژەڵی گەورەش بە نرخی 100-160 هەزار لیرە دەخرێنە بازاڕەوە.
ئایدنلک
نهێنییەکانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە ئاشکراکران
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە، قسەی سەرکردەکانی ئەو پارتە بڵاوکرانەوە کە بە پێچەوانەوە بانگەوازی کۆنفیدڕاڵیزمیان کردووە و ئاماژەیان بەوەدا کە خەبات لەو پێناوەدا دەستپێدەکەن و جارێکی دیکە بە هێزێکی نوێوە دەستپێدەکەنەوە.
هەر دوای کۆنگرەکە، میدیاکانی پەکەکە قسەی سەرکردەکانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە سەرهەڵدانێکی نوێ کرد، بە نموونە موراد قەرەیلان بانگەوازی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک دەکات و دوران کاڵکانیش دەڵێت کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە واتای کۆنفیدڕاڵیش دێت.
هەرچی باسێ هۆزاتیش بوو ئاماژەی بەوەدا کە لەسەر میراتی پەکەکە جارێکی دیکە خەباتی چەکداریی لە پرۆسەیەکی نوێدا دەستپێدەکەنەوە. ئایتەن دەرسیمیش بانگەشەی ئەوەیکرد کە سەرلەنوێ پەکەکە دروستدەکەنەوە و لە ئامەد و مالازگرت دەچنەوە نێو قۆناغێکی دیکەی خەبات.
جمهورییەت
ئیمامئۆغڵو: زیندانی سیلیڤری سارد نیە بەڵکو کۆشکەکانتانە بە ئاهی مەزڵومان بەستوویەتی
پارتی گەلی کۆماری چەهەپە پێنجەمین گردبوونەوەی جەماوەری خۆی لەژێر ناوی جەهەپە خۆی دەکاتە خاوەنی ئیرادەی میللەت بەدووری 10کم لە زیندانی سیلیڤری لە ئیستەنبوڵ ئەنجامدا.
گردبوونەوەکە لە مەیدانی ئەتاتورک بەڕێوەچوو، تێیدا ئۆزگور ئۆزال هاوسەرۆکی گشتیی چەهەپە رایگەیاند، ئەوەی لە 19ـی ئازاردا روویدا، بۆسەیەک بوو هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی ئەرگەنەکۆن.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵیش دەڵێت، بە خۆشەویستی میللەت زیندانی سیلیڤری گەرمبووەتەوە، بەڵام کۆشکەکانتان بە ئاهی ساردی میللەت بەستوویەتی.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە کۆبوونەوەیەکى 33 خولەکیدا ترەمپ پێنج داواى لە شەرع کرد
بە ئامادەبوونى محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشنی سعودییە لە ریاز دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع بۆ ماوەى 33 خولەک کۆبوونەوە و ئەردۆغانیش بە تەلەفۆن بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە.
کارولین لیڤیت گوتەبێژى کۆشکى سپی رایگەیاند، سەرۆک ترەمپ پێنج داواکاریی لە ئەحمەد شەرع کردووە کە جێبەجێیان بکات ئەوانیش بریتیبوون لە واژۆکردنى رێککەوتننامەی ئیبراهیمیی و ئاساییکردنەوەى پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل، دووەم دەرکردنى هەموو چەکدارە بیانییەکان لە سوریا، دەرکردنى چەکدارە فەڵەستینییەکان لە خاکی سوریا.
چوارەم هاوکارییکردنی ئەمریکا بۆ سەرهەڵنەدانەوەى داعش و پێنجەمیش سوریا بەرپرسیارێتى ئەو زیندانانە لەئەستۆبگرێت کە گیراوەکانى داعشیان تێدایە.
ترەمپیش بە رۆژنامەنووسانى گوت، بە ئیسرائیلیەکانی گوتووە، هەموو سزاکانى سەر سوریا هەڵدەگرێت و بەو ئومێدەى سوریا بتوانێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە کە لە 1974ـەوە بچڕاوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەحمەد شەرعیش گوتوویەتى هەلێکی داوە بە ئێرانیەکان وڵاتەکەى بەجێبهێڵن، هیواشى خواست سوریا ببێتە پردی پەیوەندیی بازرگانى لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا و داواى لە کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش کرد بێنە سوریا و وەبەرهێنان بکەن و بڕیاریدا لەنێو دیمەشقدا بورجێک بەناوى ترەمپەوە دروستبکات و نەوت و غازی وڵاتەکەى بخاتە خزمەتى ئەمریکاوە.
سەباح
زیاتر لە 66 هەزار ئۆتۆمبێل بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هاوردە دەکرێن
حەسەن خوام گوتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق رایگەیاند، بەگوێرەى یاساى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانى ژمارە 38ـى ساڵی 2013 و بەگوێرەى رێنماییەکانى هاتووچۆ ژمارەى ئەو خاوەن پێداویستییانەى داواى هاوردەی ئۆتۆمبێلى تایبەتیان کردووە ژمارەیان گەیشتووەتە 66 هەزار و 786 کەس.
گوتیشی وەزارەتەکەیان رەزامەندیداوە لەسەر هاوردەی ئۆتۆمبێلى تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و سەرجەم گومرگ و باجەکانیان لێوەرناگیرێت و هەر پێنج ساڵ جارێکیش کە ساڵنامەکانیان نوێ دەکرێنەوە لە باجەکان دەبەخشرێن.
گوتیشی، دەبێت تەمەنى داواکار لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت و مۆڵەتى لێخوڕێنى ئۆتۆمبێلى هەبێت و رێژەى کەمئەندامییەکەى لە 50% زیاتر نەبێت، دەشڵێ، هاوردەی ئۆتۆمبێلەکانیش لەڕێى دوو کۆمپانیاى تایبەتەوە دەبێت.
مەدا
بەریتانیا داواى بەسزاگەیاندنی ئەو داعشانە دەکات تاوانیان بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجامداوە
لیژنە هاوبەشەکانى مافى مرۆڤی پەرلەمانى بەریتانیا (JCHR) داوای لە حکومەتى وڵاتەکەى کردووە ئەو داعشانەى گەڕاونەتەوە وڵات و لە عێراق و سوریادا بەشداریی جەنگیان کردووە دادگایی بکرێن لە پاى ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییانەى ئەنجامیانداوە بەتایبەتى ئەوانەیان کە لە کوشت و بڕ و هێرشى سەر ئێزدییەکاندا بەشدارییانکردووە.
لیژنەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، تائێستا 400 چەکداری داعش گەڕاوەنەتەوە بەریتانیا و هیچ یەکێک لەوانە سزا نەدراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە سەبارەت بەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییانەى کە لە عێراق و سوریا ئەنجامیانداون.
لیژنە پەرلەمانییەکە راشیگەیاندووە، پێویستە هەرکەسێک چەکداری داعش بووبێت لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا بکرێت تا بەشێوەیەکى دادپەروەرانە سزاى خۆی وەربگرێت لەبەرئەوەى لەو ماوەیەدا تاوانى دژە مرۆڤایەتى زۆریان لە سوریا و عێراق ئەنجامداوە، خەڵکیان کوشتووە، دەستدرێژی سێکسی زۆریان کردووەتە سەر ژنان و ئافرەتان بە تایبەتى ئێزدییەکان.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، داواى سزادانى داعشە گەڕاوەکانى بەریتانیا لەلایەن خەڵکەوە ئێجگار زۆرە و لەو بارەیەشەوە بۆچوونى بەشێک لە پەرلەمانتارەکانى بەریتانیاى بڵاوکردووەتەوە کە هەموویان داواى لێکۆڵینەوەى دادپەوەرانەیان لەگەڵدا دەکەن.
قودسى عەرەبی
لە غەزە نەخۆشی جۆراوجۆر بڵاوبووەتەوە و 90%ـى تۆڕی ئاویش لەکارکەوتووە
کەرتى تەندروستیی غەزە بڵاویکردەوە، زەنگی مەترسی گەورە لە غەزە دەبسترێت و نەخۆشى جۆراوجۆر بڵاوبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانى ئیسرائیلەوە 90%ـى تۆڕی ئاوی غەزە لەکارکەوتووە،ئەوە لەکاتێکدایە وەرزی هاوین بەڕێوەیە و هاووڵاتیان پێویستى زۆریان بەئاو هەیە، ئەو کەمپانەش کە ئاوارەکانیان لەخۆگرتووە هەمان کێشەى دابینکردنى ئاوى خواردنەوەیان هەیە.
تەندروستیی غەزە ئەوەشی خستووەتەڕوو، 80%ـى ئاوەڕۆکانی غەزەش لەکارکەوتوون، ئەوەش رێژەى پیسبوونى ئاوى دەریاى بەرزکردووەتەوە.
ئۆنراوش کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئاگادارکردووەتەوە، 75%ـى دانیشتوانى غەزە ئاوی خواردنەوەیان زۆر بەزەحمەت دەستدەکەوێت و راشیگەیاند، ئیسرائیل پێنج کۆگاى ئاوی گەورەى لە غەزە وێرانکردووە و زۆرینەى زیانەکانیش لە منداڵانى غەزە دەکەوێت و بەشێکى زۆریان تووشى بەدخۆراکیی بوون و ئەوەش دەبێتە پەڵەیەکی رەش بەنێوچاوانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە ئەگەر بەزووترین کات چارەسەرنەکرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، بەو هۆیەوە نەخۆشی جۆراوجۆر لەنێو کەرتى غەزە بڵاوبووەتەوە و وەزریى هاوینیش هێندەى دیکە کێشەکە گەورەتر دەکات.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
رێژەیەکی زۆر لە ئاوی تاران بەهۆی بۆریی کۆنەوە بەفیڕۆدەچێت
بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 30%ـی ئاوی خواردنەوەی شاری تاران بەهۆی کۆنی و داڕووخانی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنەوە بەفیڕۆدەچێت، ئەم رێژەیەش زۆرە و یەکسانە بەدوو هێندەی قەبارەی دەریاچەی چیتگەر لە شارەکە.
ژێرخانی ئاوی تاران زۆربەی کۆنە و تەمەنی لە 25 ساڵ زیاترە، ئەمەش کێشەی گەورەی دروستکردووە، رێژەی لەدەستدانی ئاو بەهۆی دزەکردنەوە دەبێتە هۆی نیشتنی زەوی و پیسبوونی ئاو و خاک.
کارناسان رەخنە دەگرن لەوەی کە سەرەڕای ئەم کێشەیە، حکومەت زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پڕۆژەی گرانبەهای گواستنەوەی ئاو لە شوێنانی ترەوە، لەبری ئەوەی بۆرییە کۆنەکان چاکبکاتەوە. ئەوان دەشڵێن، بە چاککردنەوەی تەنها بەشێکی کەم لەم دزەکردنە، دەتوانرێت بەشێکی زۆر لە کێشەی دابینکردنی ئاوی تاران چارەسەربکرێت و پێویست بە پڕۆژەی گەورە و گران ناکات.
ئارمانی میللی
لە تاران ژنان دەبنە شۆفێری هاتووچۆی هێڵی گشتی
تەیمور حوسەینی سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران پشتگیری خۆی بۆ ژنان راگەیاند، وەک شۆفێری گواستنەوەی هێڵی گشتی لە تاران، جەختیکردەوە، ژنان زیاتر پابەندن بە یاساوە، کەمتر تووشی رووداو دەبن و توانایەکی بەرزیان هەیە لەم بوارەدا.
ئەم پێشنیازە دوای ئەوەدێت کە ئەندامێکی ئەنجومەنی شاری تاران داوایکرد ژنانی خاوەن مۆڵەتی شۆفێری قورس لە هێڵەکانی پاس و بی ئاڕ تی بەکاربهێنرێن.
بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 340 تا 350 ژن لە تاران مۆڵەتی شۆفێری قورسیان هەیە و زۆربەیان ئێستا لە دەرەوەی تاران و لەسەر رێگاوبانەکان کاری شۆفێریی بارهەڵگر یان پاسی گەشتیاری دەکەن و سەلماندوویانە کە سەرکەوتوون و کەمتر تووشی رووداو دەبن.
پۆلیسی هاتوچۆ ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پشتگیریی لەم پڕۆژەیە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی هەلی کار بۆ ژنان و یەکسانی زیاتر لە بوارێکدا کە بەشێوەیەکی نەریتی پیاوانە بووە.
جامی جەم
بەڵێنەکانی حکومەت بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بوونەتە چیرۆکێکی دووبارە
بەڵێنەکانی حکومەتی ئێران بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە چیرۆکێکی دووبارە و بێئەنجام.
ئەمساڵ رێژەی هاتنی ئاو بۆ بەنداوەکانی دەورووبەری دەریاچەکە زۆر کەمترە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو.
جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای ورمێ باسی لە پلانی نوێ کرد بۆ دابینکردنی ئاو لەڕێی رووباری ئاراس و پاککردنەوەی ئاوی پیس، هەروەها باراندنی دەستکرد، بەڵام راپۆرتەکان دەریانخستووە لە ماوەی نزیکەی 30 ساڵی رابردوودا، سەرەڕای پێکهێنانی لێژنە و خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار، دۆخی دەریاچەکە باش نەبووە و هەندێک پێشبینی وشکبوونی تەواوی دەکەن. پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو لە ئاراسەوە بەهۆی گەمارۆکانەوە بەهێواشی بەڕێوەدەچێت.
جەهانی سەنعەت
بەهۆی قوڵبوونەوەی قەیرانی کارەبا وەزیری وزەی ئێران لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت
قەیرانی کارەبا لە ئێران بۆ چوارەمین ساڵ لەسەریەک خراپتر دەبێت و کارناسان پێشبینیدەکەن ئەم هاوینە کەمیی کارەبا زیاتر بێت لە ساڵانی پێشوو.
هۆکارەکانی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی وەبەرهێنان، بەرزبوونی رێژەی بەکارهێنان و کۆنیی وێستگەکانی بەرهەمهێنان.
وەزیری وزە هۆکارەکەی بۆ بەکارهێنانی زۆر، دەرخستنی دراوی دیجیتاڵی و دزینی کارەبا دەگەڕێنێتەوە، بەڵام کارناسان کێشەکە بە بنەڕەتی لە بەڕێوەبردندا دەبینن. ئەم دۆخەش کاریگەریی خراپی لەسەر پیشەسازی و داخستنی کارگەکان هەیە.
بەهۆی زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان، وەزیری وزە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە هەڕەشەی لێپرسینەوەی لێدەکرێت بەهۆی ئەوەی پلانە درێژخایەنەکان بۆ پەرەپێدانی وزەی نوێ سەرکەوتوو نەبوون.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینانشیەڵ تایمز
ترەمپ هەڵوێستەکانی لە بەرامبەر سوریا نەرمدەکاتەوە و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوی کەوت بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا. ئەمەش بووە یەکەم دیداری نێوان سەرۆکێکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی سوریا لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا.
ئەمەش دوای ئەوە هات ترەمپ بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتەی دا وەک هیوایەک بۆ بووژاندنەوەی دۆخی ئابووری و ژیان و گووزەرانی گەلی ئەو وڵاتە.

تایمز
پوتین و ترەمپ گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی ئۆکراین بە ئەنقەست پشتگوێ دەخەن
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، رەتیکردەوە چاوی بکەوێت بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، کە بڕیار بوو لە ئیستەمبوڵ یەکتری ببین و گفتوگۆ لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکراین.
لە بری خۆی، پوتین شاندێکی ئاسایی نارد کە لەلایەن وەزیری پێشووی کلتووری وڵاتەکەوە سەرۆکایەتی کرا و ئەمەش بووە هۆی لەناوبردنی ئەو هیوایانەی کە هەبوون بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە زێلێنسکی تەحەدای پوتینی کرد کە رووبەڕوو یەکتری ببینن.
ئۆرشەلیم پۆست
ترەمپ داوای لە سەرۆکی سوریا کردووە رێککەوتننامەی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، کردووە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا رێککەوتننامەی ئیبراهیمی واژۆ بکات. هاوکات هیواشی خواستووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئاسایی بکاتەوە.
ترەمپ لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شەرع رایگەیاند، سەرۆکی سوریا دەرفەتێکی مەزنی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی کارێکی مێژوویی لە وڵاتەکەیدا بکات. ستایشی هەوڵەکانیشی کردووە بۆ کردنە دەرەوەی ئێرانییەکان لە سوریا و داواشی لێکردووە یارمەتییان بدات لە بنەبڕکردنی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
عەرەب نیوز
ئەمریکا و قەتەر چەند رێککەوتنێکیان بە بەهای 1.2 ترلیۆن دۆلار واژۆکرد
لە سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆناڵد ترەمپ سەردانی قەتەری کرد و لەگەڵ میری قەتەردا چەند رێککەوتنێکی بە بەهای 1.2 ترلیۆن دۆلار واژۆ کرد، کە گرنگترینیان کڕینی 210 فڕۆکەی بۆینگی ئەمریکی بوو لەلایەن کۆمپانیای فڕۆکەوانیی قەتەر ئێرلاینەوە، کە بەهاکەیان زیاتر لە 96 ملیار دۆلارە. لە دوای رێککەوتنەکانیش، ترەمپ داوای لە ئێران کرد کە واز لە شەڕی بە وەکالەت بهێنێت وەک پێش مەرجێک بۆ دانووستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.