یانەى نەورۆز رایگەیاند تەنیا یانەن لە عێراقدا هاوکارى ناکرێن و داوا لە حکومەت دەکات هاوکارییان بکات.
لە کۆنفرانسێکى تایبەتدا لەسەر لایەنى هونەرى و کارگێڕى یانەکە، جێگر عەبدوڵا ئەندامى دەستەى کارگێڕى یانەى نەورۆز ئاماژەى بەوەکرد، چەند کێشەیەکى ئیدارى زۆر گەورەیان هەیە، لەگەڵ چەند کێشەیەکى هونەرى.
جێگر دەڵێت: تەنیا یانەین لە عێراقدا هیچ کەسێک هاووکاریمان ناکات، سەرۆکى یانەکە کەوتووەتە ژێر قەرزێکى زۆرەوە، نازانین مانگى داهاتوو مووچە چۆن دەدرێت، بەدەستخۆشییەوە یارمەتى دهۆک و زاخۆ و هەولێر و زەورا و شورتە دەدرێت، بەڵام یەک کەس یەک دینارى پێنەداوین، نە حیزب نە حکومەت.
جێگر گلەیى لە حکومەتى هەرێم و دەسەڵاتدارانى سلێمانى دەکات و دەڵێت: تەنیا کەس یارمەتى داراییمان بدات لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى یانەکەیە، وەک فریشتەیەکە خوا ناردوویەتى بۆ وەرزشى ئەم ناوچەیە، لە رووى داراییەوە هەفتەیەک ناتوانین بەردەوامبین ئەگەر ئەو نەبێت.
جێگر داوا لە حکومەت دەکات هاوکارییان بکات بۆ ئەوەى وەرزى داهاتوو گلەییان لێ نەکرێت، کە بۆ یاریزانى باش ناهێنن و بۆ لە پلەکانى 12 و 13یەمدان، پێیوایە ئێستا پارە حکوم دەکات و گوتیشى: سەرۆکى یانەکەمان قەرزەکانى خستووەتە سەر خۆى، ئەو نەبێت ناتوانین هەفتەیەک بەردەوامبین، بەدڵنیاییەوە هۆکارى سیاسى لە پشت یارمەتینەدانى یانەکەوەیە.
هاوکات هادى کەریم ئەندامى دەستەى کارگێڕى یانەى نەورۆز لە وەڵامى پرسیارى زوومى سلێمانى لە بارەى هەڵبژاردنى دەستەى کارگێڕى یانەکەوە باسى لەوەکرد، لە مانگى 10دا هەڵبژاردنى یانەکان دەکرێت و ئەوانیش خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادەدەکەن.