زووم:
“داوا لە هەموو مرۆڤە بە ویژدانەکانی جیهان دەکەم لەگەڵ ئێمەدا بن، داوا لە دەوڵەتانی خۆیان بکەن، نەک بە قسە، بەڵکو بە کردەوە فشار لەسەر رژێم دروستبکەن هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم رژێمە بوەستێنن”.
ئەم گوتانەی فەریدە مورادخانی ئەڵقەیەکی تازە بوو لە زنجیرە درامای ناکۆکییە توندەکانی نێو ماڵی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران.
یەکەم زەنگی ناکۆکییەکان لەلایەن شێخ عەلی تارانی لێدرا
شێخ عەلی تارانی زاوای عەلی خامنەیی
ناکۆکییەکانی نێو ماڵی خامنەیی تازە نین، درامایەکی دوور و درێژە، ئەڵقەی یەکەمی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران.
یەکەم زەنگی ناکۆکییەکان لەلایەن عەلی مورادخانی یاخود شێخ عەلی تارانی لێدرا، کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، شێخ عەلی تارانی زاوای عەلی خامنەیی بوو، یەکێک بوو لە گوتاربێژانی ئاینی، هاوسۆز و پشتیوانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوو لە ساڵی 1979دا.
پشتیوانییەکانی شێخ عەلی تارانی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکی زۆر بڕی نەکرد، بەڵکو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا و لە گەرمەی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا بە ئاشکرا نیگەرانییەکانی خۆی نیشاندا و لەگەڵیشیدا وڵاتی جێهێشت.
شێخ عەلی تارانی و بەدریەی هاوسەری، کە دەکاتە خوشکی خامنەیی، دەچنە عێراق و تاوەکو ساڵی 1995 لەوێ دەمێننەوە، بەڵام کاتێک دەگەڕێنەوە ئێران، سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.
ئەگەرچی عەلی تارانی لە 2005 ئازاد دەکرێت، بەڵام تاوەکو کۆتایی ژیانی لە ژێر چاودێریدا دەبێت، مانگ و نیوێک لەمەوبەریش ئەوکاتەی کۆچی دوایی کرد، وەکو رووداوێکی ئاسایی بەبێدەنگی تێپەڕی.
بەدریە خامنەیی ناکۆکییەکانی لەگەڵ عەلی خامنەیی برایدا نەشاردووەتەوە
ناکۆکییەکانی عەلی تارانی لەبارەی شێوازی حوکمڕانی و مامەڵەی دەسەڵاتداران بوو لەگەڵ خەڵکەکەیدا، لەم هەڵوێستانەیدا بەتەنها نەبوو، بەدریەی هاوسەری و کوڕ و کچەکانیشی لەگەڵدا بوون.
بەدریە خامنەیی هەر لەسەرەتاوە ناکۆکییەکانی لەگەڵ عەلی خامنەیی برایدا نەشاردووەتەوە، ئێستاش کە دۆخی ئێران لەسەر ئاگرە، بەدریە دەنگی زیاتر بەرزکردووەتەوە.
ئەمە نامەیەکی کراوەی بەدریە خامنەییە، کە بەر هەردوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە و بێبەریبوونی خۆی لە عەلی خامنەیی و لە خیلافەتە تاکڕەوییەکەشی رادەگەیەنێت.
بەدریەش لە هەڵوێستە توندەکانیدا بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران بە تەنها نییە، کوڕ و کچەکانیشی لەسەر هەمان رێچکە دەڕۆن. ئەوەتا محەمەد مورادخانی کە یەکێکە لە کوڕەکانی، نامەکەی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە و پشتگیریی لە دایکی دەکات.
متن پيام همسر استاد علی تهرانی و خواهر علی خامنه ای https://t.co/58dH5gIoxAhttps://t.co/nmMMKNqOPD
— Moradkhani (@moradkhani) December 6, 2022
فەریدە مورادخانی کچیشی، کە ئەندازیاری شارستانی و چالاکێکی بواری مافەکانی مرۆڤە، دەمێکە دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی وەستاوەتەوە و ئێستاش ئایکۆنێکی ناڕەزاییەکانی چەند مانگی رابردووی ئێرانە.
فەریدە لە زستانی رابردوودا ئەم هۆنراوەیە لە ئینستاگرامەکەی بڵاودەکاتەوە، کە جۆرێک لە ستایشە بۆ فەرەح پەهلەوی شاژنی پێشووی ئێران.
لەوکاتەشەوە، کە ژینا ئەمینی کچە کوردە تەمەن 22 ساڵەکە گیانی لەدەستداوە، فەریدە پشتگیریی خۆپیشاندانی کردووە، تاوەکو لە کۆتاییدا بە زمانێکی توند گوتارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی گرت. داوای لە وڵاتانی جیهانیش کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتدا بپچڕێنن، کە لەلایەن خاڵیەوە بەڕێوەدەبرێت.
سزای سێ ساڵ زیندانیکردن بەسەر فەریدە دەسەپێنرێت
فەریدە مورادخانی، خوشکەزاى عەلى خامنەیی
گرتە ڤیدیۆییەکە فەریدەی بەرەو کونجی زیندان برد، فەریدە لە کاتی چوونیدا بۆ داواکاری گشتی دەستگیردەکرێت و بە گوتەی پارێزەرەکەی لە دادگایەکی ئاینیدا سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.
پێناچێت زنجیرە درامای ناکۆکییەکان کۆتایی بێت، ئەو زمانە توندەی “بەدریە خامنەیی” لە نامەکەیدا بەکاریهێناوە هی ئەوکاتەیە کە کچەکەی دەستگیرکراوە، بۆیە تاوەکو ئێستا نازانرێت هەڵوێستی چی دەبێت لەکاتێکدا سێ ساڵی دیکەش ناتوانێت فەریدەی کچی ببینێتەوە.