زووم…
نرخى نەوت بەرزترین ئاستى لەم مانگەدا تۆمارکرد، یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت تا 66 دۆلار و 51 سەنت بەرزبووەوە، ئەمە لەکاتێکدایە سەرەتاى ئەم مانگە نرخى یەک بەرمیل نەوتى برێنت تا 58 دۆلار دابەزى.
چەند هۆکارێک لەپشت بەرزبوونەوەى نرخى نەوتەوەیە، ئەمڕۆ ئامارى کۆگاکانى نەوتى ئەمریکا رادەگەیەنرێت کە پێشبینى دەکرێت دوو ملیۆن بەرمیل نەوت کەمیان کردبێت، هەروەها رێژەى هەڵاوسان لە ئەمریکا کەمتر لە ئاستى پێشبینیکراو هاتووەتەوە و بۆ لەسەدا دوو پۆینت سێ دابەزیوە، ئەوەش کاریگەرى نەرێنى لەسەر ئیندێکسى دۆلار دروستکرووە و نرخى نەوت سوودى لەو دابەزینەى دۆلار بینیوە.
هۆکارەکانى دیکەى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت، پەیوەندیى بە دانوستانەکان و کەمکردنەوەى باجە گومرگییەکانى نێوان ئەمریکا و چینەوە هەیە کە دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، هەروەها کۆبوونەوەى نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکى روسیا و ڤۆڵۆدیمیر زیلێنسکى سەرۆکى ئۆکراین کە بڕیارە سبەینێ لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەبچێت، ئەمانە هۆکارن بۆ زیادبوونى خواست لەسەر نەوت و نرخەکەیان بەرزکردووەتەوە.