زووم..
لە راپۆرتێکی نوێی زانستیدا هۆشداری دراوە، شەپۆلەکانی گەرما کە دەرئەنجامی دیاردەی گەرمبوونی زەوین، مەترسی لەسەر تەندروستیی ژنانی دووگیان لە تەواوی جیهان دروستدەکەن.
راپۆرتە نوێیەکە لەلایەن کۆمەڵەی کڵایمت سێنتراڵ بۆ توێژینەوەی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، هەوڵدراوە ئاستی ئەو مەترسییانە بزانرێت کە لە ساڵی 2020ـەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە رووبەڕووی ژنانی دووگیان بووەتەوە.
لە کۆی 247 وڵات و ناوچە کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە، لە 222 وڵات، گۆڕانی کەشوهەوا مەترسی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی کاتی دووگیانی لای ژنان دووهێندە کردووە، وڵاتانی ناوچەی دەریای کاریبی، ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور، دوورگەکانی زەریای هێمن، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەفریقا، لەگەڵ باشووری بیابانی گەورە زۆرترین مەترسییان لەسەرە.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا بەگوێرەی راپۆرتەکە هۆکارن بۆ زیادبوونی مەترسیی لەدایکبوونی پێشوەختە، لەبارچوونی منداڵ، کەموکوڕی لەدایکبوون و شەکرەی دووگیانی.