زووم…
رۆژنامە فارسییەکان

باختەر
سەرۆککۆماری ئێران لە کرماشان رێککەوتننامەی گەورە واژۆ دەکات
پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، کە لە سەردانی سەرۆککۆمار و ئەندامانی حکومەت بۆ ئەو پارێزگایە، 12 رێککەوتننامە بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار ئامادەکراون بۆ واژۆکردن.
ئەم وەبەرهێنانە لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری، گەشتیاری، بازرگانی، پیشەسازی و کشتوکاڵدان.
هەروەها بڕیارە چوار پڕۆژەی گەورە بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بکرێنەوە.
نیوەی وەزیران و جێگرانی سەرۆککۆمار بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شارەکانی پارێزگای کرماشان دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک لە بوارەکانی نیشتەجێبوون، کشتوکاڵ و پیشەسازی.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆککۆمار، کەمکردنەوەی بێکاری و وەبەرهێنانە.
نزیکەی 2000 پڕۆژەی وەستاو یان نیوەچوو لە پارێزگاکە ناسێنراون و ئاسانکاری بانکی بۆیان دابین دەکرێت.
ئیمروز
ئێران دەیەوێت چوار سفر لە دراوی تمەن بسڕێتەوە
بەهۆی هەڵاوسانی بەردەوام و کەمبوونەوەی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران، لە ماوەی درێژخایەندا، کێشەی وەک بەکارهێنانی ژمارەی گەورە لە مامەڵە رۆژانەکان و لەدەستدانی ناوبانگی دراوەکە بەراورد بە دراوەکانی تر دروست بووە.
ئەمە بووەتە هۆی زیادبوونی بەکارهێنانی پارەی کاغەز و بە جێبەجێکردنی پلانی کەمکردنەوەی چوار سفر لە دراوی نیشتمانی، جگە لە باشترکردنی رۆڵی دراوەکە لە سیستەمی پارەداندا، بەشێک لە کێشەکان کەم دەبنەوە. هەرچەندە ئابووریی ئێران تووشی هەڵاوسانی زۆر بووە و بەهای دراوەکەی زۆر دابەزیوە.
بۆ رێگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای دراو، پێویستە کێشە ریشەییەکانی هەڵاوسان چارەسەر بکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، کەمکردنەوەی سفرەکان پێویستە.
کەمکردنەوەی سفرەکان ئاسانکاری دەکات بۆ مامەڵەی پارەی کاغەز، تێچووی چاپکردن کەم دەکاتەوە و کاریگەریی دەروونی دەبێت.

ئەبرار
نوێنەری سەقز و بانە دەڵێن کۆڵبەری تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی سنوورەکانە
موحسن بیگلەری نوێنەری خەڵکی سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران، لە وتارێکدا رایگەیاند، کە تاکە سەرچاوەی داهاتی سنوورنشینان کۆڵبەرییە.
سەرەڕای بەڵێنەکان، سنوورەکان نەکراونەتەوە و بازاڕەکانی کوردستان، بەتایبەت سەقز، لە وەستاندان کە داوا دەکرێت بە زووترین کات بکرێنەوە.
نوێنەری پەرلەمان هەروەها کێشەی ئاوی خواردنەوەی بانە و سەقزی وروژاند و داوای چارەسەری زانستی و دابینکردنی ئاوی کوالێتی بەرزی کرد و داوای کرد رێگا مەترسیدارەکان چاک بکرێن.
ئەفکار
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی دەڵێ، پیتاندنی یورانیۆمی ئێران ناوەستێت
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، کە رێگای ئەتۆمی ئێران ئاشتیانەیە و ناوەستێت و ئێران بە خێرایی زیاتر بەردەوام دەبێت لە پێشکەوتنەکانی.
محەمەد ئیسلامی لە رێوڕەسمێکی رۆژی مامۆستادا، جەختی لەسەر فێربوونی بە سۆز و باوەڕ کردەوە و گوتی ئەوە کلیلی مانەوەی زانستە.
ئاماژەی بەوشکرد، سەرباری گەمارۆکان گەیشتووەتە تەکنەلۆژیای خۆماڵی.
رۆژنامەی ئینگلیزییەکان

تایمز
38 ساڵە پیاوێک بە هەڵە زیندانیکراوە
پیاوێکی بێتاوان ماوەی 38 ساڵی بەردەوامی لەناو زینداندا بەسەربردووە، لەسەر تاوانی کوشتنێک، کە ئەنجامی نەداوە.
ئەم پیاوە ناوی پیتە سولیڤانە، ئەودەمەی کە زیندانیکراوە، تەمەنی سی ساڵ بووە. گوتراوە کەسێکی کوشتووە ناوی دایانا سینداڵە، حوکمی زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە.
بۆیە پیتە قوربانییەکی دەستی هەڵەيەکە، کە لەناو سیستمی دادوەریی بەریتانیدا روویداوە و بە ناحەق ئەو ماوە درێژەی زیندانیبوونی چەشتووە.
دوێنێ لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دادگای پێداچونەوەوە لەسەر تەرمی قوربانییەکە دڵنیابوون لەوەی پاشماوەی دی ئێن ئەیی بکوژەکەیان دەستنیشان کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دی ئێن ئەیی پیتەدا یەک ناگرێتەوە، ئەمەش بێتاوانیی پیتەی سەلماندووە.
لەم بۆنەیەدا پیتە بە رۆژنامەنووسانی گوت، نە تووڕەم و نە خەفەتیش دەخۆم، هەر تەنها نیگەرانم و پەلەی ئەوەمە بە زوویی بگەڕێمەوە ناو کەسە خۆشەویستەکانم و ئەو تەمەنەی کە ماومە لەنێوانی ئەواندا بژیم.
ئەو پیاوە ئێستا دەبێت ماوەی مانگێک زیاتر چاوەڕوانی بکات قەرەبووی ئەو هەموو ساڵەی پێبدرێت، بەڵام جارێ چاوەڕوانیکردنەکەی نەگەشتووە بە ئەنجام.
گاردیەن
زێلینسکی دەڵێ پوتین بووە بە لەمپەر لەبەردەم پرۆسەی رێکەوتنی ئاشتیدا
سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت هیوادارە ئەم رەوشە نائارامەی شەڕ و سیاسەتکردن و دیپلۆماسیەتە ئاڵۆزە لەنێوانی روسیا و ئۆکرایندا بەزوویی کۆتایی پێبێت.
دەشڵێ، جیهان و ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا باش لەوە تێدەگەن، کە تاکە لەمپەری بەردەمی رێگای ئاشتی بریتییە لە ڤلادیمێر پوتین.
گوتیشی، دەبێت ترەمپ لەوە تێبگات، کە پوتین درۆدەکات، بۆیە دەبێت ئێمەش لای خۆمانەوە ئەرکی خۆمان ئەنجام بدەین، بە هەستەوەرییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشەدا بکەین و جیهانیش تێبگەیەنین، کە ئەوە ئێمە نیین پرۆسەی گەیشتن بە ئاشتی خاودەکەینەوە.

فاینەنشیەڵ تایمز
بڕوانامەی زانکۆ ئەوە دەهێنێت خۆتی بۆ ماندوو بکەیت؟
ژمارەیەکی پێوانەیی لەو کەسانەی کە تەمەنیان گەشتووە بە 19 ساڵ، ئەمساڵ لە بەریتانیادا خوێندنی ئامادەیی تەواودەکەن و وا بڕیارە لە وەرزی پایزی داهاتوودا بچنە زانکۆکان بۆئەوەی بخوێنن و بڕوانامەی زانکۆیی بەدەستبهێنن.
بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەم کەسانە دەپرسن داخۆ بڕوانامەی زانکۆیی ئەوە دەهێنێت خۆتی بۆ ماندوو بکەیت؟
رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمز لە ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی خۆیدا بۆیدەرکەوتووە، کە تادێت خواست لەسەر بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆیی کەمدەبێتەوەم چونکە بە بەراورد لەگەڵ رابوردوودا ئێستا ئەو بڕوانامانەی کە داهاتێکی باش بۆ خاوەنەکانیان دابیندەکەن ، رێگای بەدەستهێنانەکانیان درێژ بووەتەوە.

عەرەب نیوز
ترەمپ سزاکانی سەر سوریا لادەبات
شانشینی سعودیە بایی 300 ملیار دۆلار رێکەوتنی بازرگانیی لەگەڵ ئەمریکادا ئیمزاکرد، چاویشی لەسەر ئەوەیە ئاستی وەبەرهێنان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بگەیەنیت بە یەک تریلیۆن دۆلار.
لەپاش ئەوەی کە گفتوگۆیەکی لەگەڵ شا محەمەد بن سەلمانی شازادەی سعوودیەدا ئەنجامدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گوتی بڕیاردەدات سزاکانی سەر حکومەتی سوریا هەڵبگرێت. ترەمپ لە دیدارەکەی ریازدا قسەی کرد و پرسی،ئایا من چی بۆ شازادەی سعوودیە دەکەم؟ داوادەکەم سزاکانی سەر سوریا هەڵبگیردرێن، بۆئەوەی هەلێکیان بدەینێ گەشەبکەن.
رۆژنامەی عەرەبییەکان

سەباح
سودانی چاودێریی ئامادەکارییەکانی لوتکەى بەغداد دەکات
محەمد شیاع سودانى، سەرۆکوزیرانى عێراق، بۆ ئامادەکارییەکانى لوتکەى بەغداد و لوتکەى گەشەکردنی ئابوورییەکان، پێشتر سەرجەم سەرۆکی ووڵاتانى عەرەبی بانگهێشتی پایتەخت کردوە، ئەمڕۆ ئامادەکارییەکان تەواو دەبن.
سودانى فەرمانگە و لایەنی جێبەجێکردنى پلانى ئەمنی و دامەزراوەکانى دەوڵەتی خستووەتە ئامادەباشییەوە، تاکو بتوانرێت بە سەرکەوتووترین شێوە لوتکەکە بەرێوەبچێت.
ئەمرۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەیەکى گرنگ لەگەڵ نوێنەرانی هەمیشەیی و گەورە
بەرپرسانى وەزرارەتەکانى دەرەوەى ووڵاتانى عەرەبی ئەنجام دەدات، بە مەبەستى ئامادەکارییەکانى خشتەى کاری 34 هەمین لوتکەى ووڵاتانى کۆمکاری عەرەبی.
شەرقلئەوسەت
سعودیە و ئەمریکا سەردەمێکی زێڕین دەستپێدەکەن
دیدار و کۆبوونەوەکانى محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینى سعودیە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆشکى سپی ئەمریکا بە سەردەمێکی زێڕینى نوێ ناوی دەبات، لەپەیوەندییەکانى نێوان هەر دوو ووڵات.
رێککەوتنى نوێ و هاوبەشیی ستراتیژیی نوێ لەنێوان ئەو دووڵاتە ئەنجامدرا،رێککەوتنەکە خۆی لە کەرتەکانى تەکنەلۆژیا و ووزە و بەرگریی و ژێرخانى ئابووریی بینیوتەوە، پێشتر لەنێوان ئەو دوو ووڵاتەدا هاوشێوەیان نەبووە.
شازادەى جێنشین گوتى، پەیوەندییەکی لەمێژیینە و هاوڕێیانەمان لەگەڵ ئەمریکاهەیە، مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ 92 ساڵ پێش ئێستا، ئەمڕۆ بۆ قوڵکردنەوە و زیاتر و چەسپاندنى ئەو پەیوەندییە دیدارمان رێکخستووە.
سعودییە خۆی بە گەورەترین هاوبەشی ئابووریی دەزانێت لەگەڵ ئەمریکا، بەجۆرێک قەبارەى ئەو هاوبەشییە گەیشتووەتە 600 ملیار دۆلار، لە ئێستادا واژۆی کۆڕبەندێکی ئابوورییان کردووە، قەبارە ئاشکراکراوەکەى 300 ملیار دۆلارە.
بەگوتەی محەمە بن سەلمان، لەقۆناغی داهاتوودائەو قەبارەیە دەگەیەنینە یەک ترلیۆن دۆلار، هەموو ئەوانە خۆی لەکارکردنى هەزار و 300 کۆمپانیای وەبەرهێنانى ئەمریکا دەبینێتەوە لە سعودییە.
قودسی عەرەبی
واشنتن سزای نوێ دەسەپێنێت بەسەر ئێراندا
مەجید تەخت رەوانجی، جێگری وەزیری دەرەوەى ئەمریکا دەڵێت، ئێران کراوەیە بەڕووی
ئەو کۆتوبەندە کاتییانەى ئەمریکا دایناون لەسەر پیتاندنى یۆرانیۆم.
دەشڵێت، هێشتا لە گفتوگۆ و دانوستانەکانى نێوان تاران و واشنتن ئەو دۆسیەیە بە ووردیی و تەواوەتى باس نەکراوە.
گوتەکانى جێگری وەزیری دەرەوە ی ئێران، پاش چەند کاتژمێرێک لە سەپاندنى سزای نوێی واشتن بەسەر تاراندا هات، کە سزا نوێیەکانى ئەمریکا لەسەر هەناردەکردنى نەوتی ئێران بوو بۆ ووڵاتی چین.
دوای سەپاندنى ئەو سزا نوێیانە، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئێران گوتبووی، ئەو سزایانە تەواو دژی نیازپاکیی ئەمریکایە لەو گفتوگۆ ودانوستانەى لەگەڵ ووڵاتەکەى ئەنجامى دەدەن، بۆیە بەدڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر هەڵوێستەکانمان دەبێت لە داهاتوودا.

عەرەب جەدید
دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان ترەمپ و ئەحمەد شەرع
ئەگەرى هەڵگرتنى سزا ئابوورییەکانى سەر سوریا، دەرگایەکی نوێی بەڕووی پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و سوریا خستووەتە سەرپشت، کە پێدەچێت ببێتە سەرەتای پەیوەندییەکى نوێی ریشەییانەى نێوان هەردوو ووڵات، بەتایبەت بۆ سوریای نوێ و بووژانەوە ئابوورییەکەى.
دوێنێ و پاش گەیشتى ترەمپ بە ریازی پایتەختى سعودیە، دۆسیەى سوریا بووەبەشێک لەو دۆسیانەى لەسەر مێزی گفتوگۆکانى ریاز باس کرا.
پێگەى ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، رەنگە ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکى ئەمریکا، لە سعودیە چاوی بکەوێت بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا ولەوێ گفتوگۆیەکى کورت ئەنجام بدەن.