زوومی کلتووری
ئەکتەرێکی شوێنگرەوە بەناوی ‘جەیمز نیومان’ لە بارەی فیلمی ئۆدیسێـی کریستۆفەر نۆلان، چەند نهێنییەک ئاشکرادەکات و دەڵێت فیلمەکە حەماسیتر لە حەماسەیە.
وێنەگرتنی ئەم فیلمە لە شووباتی ئەمساڵ دەستیپێکرد و چاوەڕێدەکرێت تا چەند مانگێکی تر بەردەوامبێت.
ئەم ئەکتەرە جێگرەوەیە لە یەکێک لە ئەڵقەکانی پۆدکاستی ئاکشن فۆر ئێڤریوەن کە ئێستا ئەو ئەڵقەیە سڕاوەتەوە، دەڵێت؛ ئەم فیلمە حەماسییەی نۆلان تەواو جیاوازترە لەو فیلمە حەماسییانەی تر کە پێشتر درووستکراون.
هەروەها باس لەوەدەکات، نۆلان بۆ ئەو لۆکەیشنانەی وێنەی فیلمەکەی لێدەگرێت بە شوێن ئەو جێگایانەوەیە کە تا ئێستا کەس نەیتوانیوە وێنەی لێبگرێت.
نیومان دەڵێت: هیچ شتێک نییە نۆلان بووەستێنێت، ئەو ئەوکارانە دەکات کە کەسانی تر ئامادەنین بیکەن، ئێمە وێنەی لۆکەیشنەکانمان بینیوە و لە تەواوی ئەوروپادایە، ئەمە وەک گەشتەکەی ئۆدیسۆس شێتانەیە و رەنگە بە هەمانشێوە ١٠ ساڵ بەردەوامبێت.
لەم فیلمە نوێیەی نۆلاندا، چەندین ئەکتەری ئەستێرەی وەک زندەیا و مات دەیمن بەشدارن و بۆ یەکەمین جار چەند تەکنەلۆژیایەکی نوێی ئایماکسی تێدا بەکار دەهێنرێت.
بڕیارە فیلمەکە لە ١٧ـی تەمووزی ٢٠٢٦ لە سینەماکانی ئایماکس پیشانبدرێت.