زوومی کلتووری
فێستیڤاڵی فیلمی کان، یەکێک لە گرنگترین و پڕ بایەخترین رووداوە هونەرییەکانی دنیای ئەمڕۆمانە، کە بەشێوەی ساڵانە لە وڵاتی فەرەنسا و بە دیاری کراوی لە شاری کانی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت و زیاتر ئەو فیلمانەی تێدا پیشاندەدرێت کە هێشتا لە هیچ شوێنێک بڵاونەکراوەتەوە.
ساڵانە لە ١٠٠ وڵاتی دنیاوە زیاتر لە ٢٠٠٠ هەزار فیلم بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەنێردرێت.
هەرچەندە فێستیڤاڵەکە بۆ هەموو چەشنەکانی فیلمە و فیلمسازان لە هەرکوێی دنیابن دەتوانن فیلمەکانیان بۆ فێستیڤاڵەکە بنێرن و بەشداری پێبکەن، بەڵام ئەم فێستیڤاڵە وەک جۆرێک لە مەیدانی لێهاتووە بۆ ئەو فیلمانەی کە بە تێچوویەکی کەم بەرهەمهێنراون و زیاتر پشتگیری کۆمپانیا ناوەندی و بچووکەکانی بەرهەمهێنانی فیلم دەکات، لەگەڵ فیلمی دەرهێنەرانی سەربەخۆ.
مێژووی فێستیڤاڵی کان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٣٠، ئەوکاتەی ‘ژان زای’ وەزیری پەوەردەی فەرەنسا بوو، لەکاردانەوەی فاشیستیانەی دەوڵەتی ئەڵمان و ئیتاڵیا لە هەڵبژاردنی فیلمەکانی نێو فێستیڤاڵی ڤینسیا، بە هاوکاری هەریەکە لە دەوڵەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە فەرەنسادا ئەم فێستیڤاڵە دروستکرا.
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکەش لە ئەیلولی ١٩٣٩ لە شاری کانی باشووری فەرەنسا بەڕێوە چوو.
بەڵام تا کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم فێستیڤاڵەکە وەستێنرا و نەتوانرا بەردەوامی پێبدرێت.
تا ئەوەی لە ١٩٤٦ دا بە هاوکاری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرەنسا جارێکی تر فێستیڤاڵەکە سەرپێخرایەوە و خولی دووەمی بەڕێوە چوو.
لە ١٩٥٥ وە خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونی وەک خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵەکە دانرا و لە ١٩٦٩ وە فێستیڤاڵەکە توانی خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی دنیا بناسێنێت.
ئەم فێستیڤاڵە لە حەوت بەشی سەرەکی پێکهاتووە کە هەریەکە لە بەشەکانی ‘پێشبڕکێی بردنەوەی خەڵات، کەسەرەکی ترین بەشی فێستیڤاڵەکە و گرنگترین بەشێتی، لەگەڵ بەشی دەرەوەی پێشبڕکێ و بەشی جۆری بینین و بەشی سینە فۆنداسیۆن کەتایبەتە بە پێشبڕکێی فیلمە کورتەکان و بەشی هەفتەی رەخنەگران و بەشی دوو هەفتەی دەرهێنەران و بەشی بازاڕی فیلمی کان’.
لە ساڵی ٢٠٠٤ یشەوە بەشێکی تایبەت بە فیلمە کلاسیکییەکان کرایەوە، کە تایبەتە بەو فیلمانەی کە ساڵانێکی زۆرە بەرهمهێران و دوای نۆژەنکردنەوەیان لەم بەشەی فێستیڤاڵەکە پیشاندەدرێن.
فێستیڤاڵی فیلمی کان، ساڵانە بە بوودجەی ٢٠ ملیۆن دۆلار رێکدەخرێت، کە کۆی ئەو پارەیەش نیوەی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری فەرەنسا و نیوەکەی تری لە لایەن شارەوانی کانەوە بۆ دابیندەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە فێستیڤاڵەکە ساڵانە بڕی ٣٣ ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە.