ئەنچیلۆتى ئاشکرایکرد، لە 26ى ئەم مانگەوە دەبێت بە راهێنەرى بەڕازیل و دەشڵێت دەستبەردارى لالیگا نابن.
کارلۆ ئەنچیلۆتى راهێنەرى ریاڵ مەدرید لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووى تایبەت بە یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر ریاڵ مایۆرکا لە لالیگا ئاماژەى بەوەکرد، یارییەکانى کۆتایى هەمیشە رکابەرین و پێکانى زۆریشیان هەیە، بەڵام هەوڵ دەدەن بە تیپێکى رکابەرییەوە یارى بکەن و سێ یارى کۆتایى ببەنەوە.
ئەنچیلۆتى گوتى: هێشتا لالیگا کۆتایى نەهاتووە و دەستبەردارى نابین، دەمانەوێت ئاستێکى باش پێشکەش بکەین و بەشێوەیەکى باش کۆتایى بەم وەرزە قورسە بهێنین.
ئەنچیلۆتى ئاشکراشیکرد، لە 26ى ئەم مانگەوە دەبێت بە راهێنەرى هەڵبژاردەى بەڕازیل و دەشڵێت: هێشتا راهێنەرى ریاڵ مەدریدم، دەمەوێت ئەم بەشەى سەرکەشیە ناوازەکەم بەشێوەیەکى باش کۆتایى پێبهێنم، بەهۆى ئەو رێزەى بۆ یانەکە و هاندەرەکانى هەمە سەرنجم لەسەر ئەم قۆناغە کۆتاییە دەبێت.
باسى لەوەشکرد، ریاڵ مەدرید هەر کاتێک بیەوێت راگەیەندراو لەسەر رۆشتنى بڵاودەکاتەوە، هیچ کێشەیەکیش نییە و لەوانەیە لە کاتێکى گونجاودا راگەیەندراو بڵاوبکاتەوە.
راهێنەرە ئیتاڵیەکە پێیوایە ئێستا کاتى گۆڕانکارییە و هیچى دیکە، ئەویش بەشێوەیەکى ئاسایى مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات و کاتێکى خۆشیان لەگەڵ ریمۆنتاداکان بەسەر برد، کە لە بیرناکرێن و دڵنیاشە هاندەرانیش لەبیرى ناکەن.
لە بارەى چابى ئەلۆنسۆوە، کە پێشبینیدەکرێت ببێت بە راهێنەرى ریاڵ مەدرید، ئەنچیلۆتى گوتى: من چابى ئەلۆنسۆم خۆشدەوێت، هیچ ئامۆژگارییەکم بۆى نییە، لەبەرئەوەى هەموو ئەو پێویستیانەى هەیە کە ببێتە راهێنەرێکى مەزن لە داهاتوودا.