زووم…
ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، لەم دۆخە ئاڵۆزەدا پرۆژەکەی ئۆجالان مێژووییە و چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
ئیدارەی خۆسەر لە رۆژاڤا رۆژێک دوای راگەیەندراوەکەی پەکەکە لەبارەی خۆهەڵوەشندانەوەی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بانگەکەوازەکەی ئۆجالان دیدگایەکی هەمەلایەنەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی دەیان ساڵەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆژەکەی تەنها لە چارەسەرکردنی پرسی کورد سنووردار نەکردووە، بەڵکو نەخشەڕێگایەکە بۆ رزگارکردنی گەلانی ناوچەکە لە میراتی ستەمکاری و توندوتیژیی نەتەوەیی و ئاینی.
پرۆژەکە کاریگەری گرنگی و بەرجەستەی لەسەر دۆخی تەواوی سوریا و بەتایبەت رۆژاڤای کوردستان دەبێت و هەنگاوێکی راستەقینە دەبێت بۆ ئاشتی ناوخۆیی و پێکەوە ژیانی تەواوی پێکهاتەکان.
خۆسەر جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی هاودەنگی و پشتیوانی گەلان بۆ ئەم هەنگاوە مێژووییە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەما هاوبەشەکان، هەروەها گەرەنتی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی فرەیی کە ستەمکاری رەتدەکاتەوە و بیێتە گۆڕانکارییەکی راستەقینە لە داهاتووی ناوچەکە و بنیاتنانی سیستەمێکی نوێ.