ئاسۆ رۆستەم پیرۆزبایى بردنەوە لە نەفت دەکات و دەشڵێت هاندەرەکانیان گەورەترین پاڵپشت و پاڵنەریانن لە یاریگادا.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى دواى دۆڕاندنەکەى بەرامبەر نەفت لە خولى ئەستێرەکانى عێراق، ئاسۆ رۆستەمى هێرشبەرى نەورۆز گوتى: پیرۆزبایى لە نەفت دەکەم بەهۆى بردنەوەکەیان، هیواى بەختێکى باش بۆ تیپەکەمان دەخوازم.
لە بارەى ئاستیان لە یارییەکەدا، ئاسۆ ئاماژەى بەوەکرد، یارییەکى باشیان کردووە و دەستیان بەسەر یارییەکەدا گرتووە، بەڵام نەفت لە هەڵەیەکەوە گۆڵەکەى تۆمارکردووە.
دەشڵێت: ئینشەڵا دەگەڕێینەوە بۆ بردنەوەکان، هاندەرەکانمان گەورەترین پاڵپشت و پاڵنەرمانن کاتێک لە یاریگادا ئامادەدەبن.
لە هەمان کۆنفرانسدا، قەحتان جەسیرى راهێنەرى نەورۆز پیرۆزبایى بردنەوە لە تیپى نەفت و دەستەى راهێنەرایەتیەکەى کرد و گوتى: تیپەکەمان ئەو پشووەى کە شایەنیەتى وەرینەگرتووە، لەو رووەوە فشارمان لەسەرە.
بەو دۆڕاندنە نەورۆز 13یەم دۆڕاندنى لەم وەرزەى خولى ئەستێرەکان تۆمارکرد و لە ئێستادا بە 42 خاڵ و بەکاتى لە پلەى 12ى ریزبەندى خولەکەدایە.