زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
ئەفکار
گوندی پاڵنگان میوانداریی فێستیڤاڵی هەزار دەف دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، فێستیڤاڵی گەورەی هەزار دەف وەک یەکێک لە رێوڕەسمە جوانەکانی موزیکی ئەمڕۆ لە گوندی گەشتیاریی پاڵنگان بەڕێوەدەچێت.
ئەم رێوڕەسمە ساڵانە بە بەشداریی گرووپەکانی دەفژەن و هۆگرانی موزیکی عیرفانی لە سەرانسەری ئێران و گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە بەڕێوەدەچێت.
ساڵی رابردوو زیاتر لە 56 هەزار گەشتیار سەردانی پاڵنگانیان کرد بۆ بەشداریی لەم ئاهەنگە.
گوندی مێژوویی پاڵنگان وەک یەکێک لە هەشت گوندی هەڵبژێردراوی ئێران بۆ کێبڕکێی پڕۆژەی جیهانیی باشترین گوندە گەشتیارییەکانی ساڵی 2025 دەستنیشانکراوە.
کەیهان
پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداریی هێنا و خۆی هەڵوەشاندنەوە
پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی کۆنگرەی خۆی کۆتایی بە خەباتی چەکداریی هێنا و خۆی هەڵوەشاندەوە.
ئەم بڕیارە لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە دێت بۆ داماڵین لە چەک و هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکە لەدوای 47 ساڵ لە دامەزراندنی.
پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە دەستی بە خەباتی چەکداریی کردبوو دژی دەوڵەتی تورکیا و ئەم بڕیارە وەکو خاڵی وەرچەرخان لە قەیرانی 41 ساڵەی شەڕی خوێناوی نێوان پەکەکە و تورکیادا سەیر دەکرێت و کۆتایی بە یەکێک لە ئاڵۆزترین شەڕەکانی ناوچەکە هێنا.

جەهانی سەنعەت
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ ئەردۆغان
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەتوانێت کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی پێکدادانەکان لە ناوچە کوردییەکان و رێگە خۆش بکات بۆ گەشەی ئابووری و باشترکردنی مافەکانی کورد، بەڵام نیگەرانی هەیە لەبارەی دابەشبوونی نێو پەکەکە و دروستبوونی گرووپی چەکداری نوێ.
هەروەها، ئەم بڕیارە دەتوانێت پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا باشتر بکات.، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بەندە بە داماڵینی تەواو لە چەک، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی عەبدوڵا ئۆجالان.
هەڵوەشانەوەی پەکەکە بە واتای کۆتاییهاتنی خەباتی کورد بۆ مافەکانی نییە، بەڵکو گۆڕینی تاکتیکە لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ کاری سیاسی.
ئارمانی میللی
بەهۆی زۆربوونی هێلکەوە خاوەن کێڵگەکانی مریشک زیانیان پێگەیشتووە
سەرۆکی بەشی پەلەوەر لە ژووری بازرگانیی ئێران رایگەیاند، زۆربوونی هێلکە لە وڵاتدا بووەتە هۆی زیان بۆ خاوەن کێڵگەکانی مریشکی هێلکەدار.
لەکاتێکدا هێلکە زۆرە، هەناردەی جووچکە بۆ عێراق وایکردووە عێراقییەکان خۆیان هێلکە بەرهەمبهێنن و بازاڕی گەورەی عێراق لە دەست ئێران دەربچێت.
نرخی هێلکە زۆر دابەزیووە و لە خوار نرخی بەرهەمهێنانەوەیە، بەڵام نرخی خۆراکی پەلەوەر و کارتۆنی هێلکە بەرزبووەتەوە.
سەرەڕای بەڵێنەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ دابینکردنی پێداویستی و کڕینی هێلکەی زیادە، هیچ کام لە بەڵێنەکان جێبەجێنەکراون، هەروەها بڕینی کارەبا بەهۆی گەرماوە زیانی زیاتری بە کێڵگەکان گەیاندووە و هەندێک لە خاوەن کێڵگەکان ناچاربوون کارەکانیان رابگرن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەمڕۆ ترەمپ دەگاتە سعودیە و ستراتیژیەتى پێکەوە کارکردنیان نوێدەکەنەوە
سەرۆکی ئەمریکا سەردانەکەى ئەمڕۆی بۆ سعودیە و دواتریش ئیمارات و قەتەر بە مێژوویی ناوهێناوە و بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت.
کارولین لیڤیت گوتەبێژى کۆشکی سپیش بە گرنگییەوە باسی لەو سەردانە کرد و گوتی، دواى هەشت ساڵ سەرۆک گەشتێکی دیکەى وڵاتانی کەنداو دەکاتەوە و دەیەوێت بە پەیوەندییەکانیدا بچیێتەوە و کۆتایی بە توندڕەویی بهێنێت و ئاڵوگۆڕی رۆشنبیریی و بازرگانى جێگەى بگرێتەوە.
بەگوێرەى قسەکانى گوتەبێژەکەى کۆشکی سپی، سەردانەکە پرە لە کۆبوونەوەى دوو قۆڵی لەگەڵ سیاسی، وەبەرهێن، سەرمایەدارەکان و بەشدارییش لە (کۆڕبەندی وەبەرهێنانى سعودی-ئەمریکی) دەکات.
هەروەها پرسی جەنگەکانی ئۆکراین و روسیا، سودان و یەمەن و ئیسرائیل و حەماسیش بەشێکە لە ئەجێنداى سەردانەکەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە جگە لەوەی ئاسایشى هەرێمایەتی کەنداو، هاوکارییکردنى یەکتری لەبوارى بەرگریی، وەبەرهێنان، تەکنۆلۆجیا، وزەى نوێبوەوە، هەڕەشەکانى سەر دەریاى سوور و دواگۆڕانکارییەکانى یەمەن، غەزە، لوبنان، عێراق و لیبیاش تاوتوێدەکرێت.
رۆژنامەکە نوسیوویەتى، سەردانەکەى ترەمپ جیاکەرەوەى مێژوویی دەبێت بۆ سعودیە و ئەو وڵاتەی کە سەردانیان دەکات.
سەباح
کۆمسیۆن 19 لیژنەى بۆ سەرپێچیکارانى یاساى ریشەکێشکردنى بەعس لە هەڵبژاردنەکاندا دانا
هەیمان تەحسین بەڕێوەبەرى گشتىی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، بۆ هەڵبژادنى پەرلەمان گرنگییەکی زۆر دەدەن بە یاسای ریشەکێشکردنی بەعس و سەرەڕای ئەوەى لە بەغداد دوو لیژنەیان دروستکردووە لە نووسینگەى هەر پارێزگایەکیش لیژنەیەکی تایبەت دروستدەکەن بۆ بەدواداچوونى ئەو یاسایە و بەتەواوەتى جێبەجێدەکرێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لیژنەکان سکاڵاى هەموو لایەن و پارت و کەسایەتییەکان وەردەگرێت و بەدواداچوونیان بۆ دەکات.
گوتیشى، فەرمانگەکەیان هەماهەنگی تەواوى کردووە لەگەڵ دەستەى باڵای لێپێچینەوە و دادپەروەریی و دەزگاى هەواڵگریی نیشتمانی و دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى.
هەیمان تەحسین هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش چەندین سکاڵایان لەو بارەیەوە پێگەشتووە و لیکۆڵینەوەیان لەبارەوە کردووە و لەئێستاشدا لیستێکیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەى هەموو کەس مافى خۆی وەربگرێت و رێگە لە بەعسییەکان بگیرێت نوێنەرایەتى خەڵک بکەن.
هاوکات، حەسەن سەلمان راوێژکاری یاسایی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان ئاماژەى بەوەکردووە، هەرکەسێک لە هەڵوێستێکى سەلمێنراو، یان پۆست و کۆمێنت و نوسینێک پشتیوانى لە بەعس کردبێت یاساکە دەیگرێتەوە، گوتیشى کۆمسیۆن ناوى تەواوى کاندیدەکان دەخاتە بەردەستى لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەى بە پێچەوانەى مەرج و رێککارەکانەوە کەس نەبێتە کاندید و نوێنەرایەتى خەڵک نەکات.
عەرەب
تائێستا نازانرێت تورکیا چۆن وەڵامی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەداتەوە
دوێنى پەکەکە بڕیارەکانى کۆنگرەى 12ـى بۆ رایگشتى ئاشکراکرد و بەبڕیاری زۆرینەى رەهاى ئەندامانى کۆنگرە خۆی هەڵوەشاندەوە و بڕیارى چەکدانانیدا.
رۆژنامەى عەرەب چاپی لەندەن نوسیوویەتى، کوردەکانى عێراق خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و دیمەشقیش پێیوایە فشارێک دەکەوێتە سەر هێزەکانى سوریاى دیموکرات و پێدەچێت زیاتر لە ئەحمەد شەرعیان نزیک بکاتەوە و پابەندى ریککەوتنەکانیان بن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، پەکەکە بڕیارە چارەنووسسازەکەى دا، بەڵام تورکیا چى دەکات و هەنگاوەکانى ئەو چى دەبن، ئاخۆ کەى پەکەکە لە لیستى تیرۆر دەهێنێتە دەرەوە و لێبوردن بۆ سەرکردە و چەکدارەکانى ئەو پارتە دەردەکات؟.
رۆژنامەکە نوسیوویەتى، چارەسەرکردنى توڕەیی شەقامی تورکیش یەکێکى دیکەیە لە کێشەکانى بەردەم تورکیا و هەر ئەوەش وایکردووە بە سێ قۆناغ پەکەکە چەکەکانیان دابنێن و رادەستى لایەنى سێیەمی بکەن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هێشتا تورکیا بە روون و راشکاوى دانیبەوەدا نەناوە چارەنووسى عەبدوڵا ئۆجەلانى سەرۆکی پارتەکە چى دەبێت، ئەوە لەکاتێکدایە بەشێکی زۆر لە شەقامی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کۆتاییهێنان بە کێشەى پەکەکە واتە گەڕاندنەوەى ئاسایش و ئارامی بۆ تورکیا و سەرکەوتنى ئەردۆغان لە دانوستانەکاندا.
دەستور
لە زانکۆى بەغداد 650 خوێندکاری بیانی لە کۆلێژە جیاوازەکان دەخوێنن
وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق سێ ساڵە دروشمى (لە عێراق دەخوێنم)ـى بەرزکردووەتەوە و تادێت ژمارەى ئەو خوێندکارانەى لە وڵاتانى دیکەوە دێنە عێراق زیاد دەکەن.
وەزارەتى خوێندنى باڵا رایگەیاند، لە زانکۆی بەغداد 650 خوێندکاری بیانی لە زانکۆکەیان دەخوێنن.
هاوکات بەها ئیبراهیم سەرۆکی زانکۆی بەغداد رایگەیاند، ئەو خوێندکارانە خەڵکی وڵاتانى ئاسیا و ئەفریقیان، کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر گۆڕینەوەى کلتور و بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى پێکەوەژیان و کاریگەریی فیکرییان لەسەر یەکتریی دەبێت، لەهەمانکاتیشدا کوالێتى زانکۆکانیش بەرزدەکاتەوە.
راشیگەیاند، پلانیان هەیە لەڕێى کۆنسوڵخانەکانى عێراقەوە لە 40 رەگەزنامەى جیاواز سێ هەزار قوتابی بێنە عێراق و درێژە بەخوێندن بدەن، گوتیشى ئەم کارە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەى ناوبانگی ئەرێنی زانکۆ عێراقییەکان.
هەروەها نەعیم عەبودى وەزیری خوێندنى باڵاش رایگەیاند، 60 خوێندکارى بەهرەمەندى عێراقیان دیاریکردووە بەمەبەستى درێژەدان بە خوێندن بنێرنە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات و شوێنیان بۆ دیاریکردوون.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
لەدوای رێککەوتنیان ئامادەکاری بۆ دیداری سەرۆکانی ئەمریکا و چین دەکرێت
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، کەوتووەتە ئامادەکاریی بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە قسەکردن و دیدارێکی لەگەڵ شی جینپینگی سەرۆکی چیندا هەبێت، چونکە نیازی وایە پەیوەندییەکی زۆر باش لەگەڵ چیندا دروستبکات.
ئەم هەڵوێستە گۆڕانکارییەکی گەورەیە و لەکایەی شەڕی باجەکانی نێوانی ئەم دوو وڵاتەدا روودەدات.
ترەمپ راشیگەیاند، شاندی دانوستانەکانیان توانیویانە پەیوەندییەکانی نێوانیان بە تەواوی سازبکەنەوە و رێککەوتوون لەسەرئەوەی کارکردن بە باجە زیادکراوەکانی نێوانیان بۆ ماوەی 90 رۆژ رابگرن، لە جنێڤی سویسرا گفتوگۆا لەنێوانی هەردوولادا بەڕێووەچوو و رێککەوتوون لەسەرئەوەی باجەکان رابگیرێن، بۆیە دیداری نێوان سەرۆکی هەردوو وڵاتیش ئەگەرێکی نزیکە.
دەیلی تەلەگراف
کەوتنەوەی ئاگرەکەی ماڵی سەرۆکوەزیران گومانی کاری تیرۆریستی لێدەکرێت
بۆمبێکی ئاگرین لەناو حەوشەی ماڵی خێزانەکەی ستامەردا دۆزراوەتەوە و گوماندەبرێت پەیوەندیی بە ئاگرکەوتنەوەیەکی دیکەوە هەبێت، کە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە ماڵێکی دیکەی ستامەردا روویداوە.
پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانی دەستیانکردووە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەپاش ئەوەی بۆمبێکی ئاگرین لە ناو حەوشەی ماڵەکەی کییە ستامەردا لە باکوری لەندەن دۆزرایەوە.
لە کاتژمێر 1:30 خولەکی شەوی رابردوو لە حەوشەی ماڵەکەی ستامەردا لە ناوچەی تافنێڵ پارک دۆزرایەوە، بۆیە پۆلیس تەواوی ماڵەکە و دەوروبەری پشکنیوە بەدوای هەرشتێکی دیکەدا گەڕاون، کە پەیوەندی بە تەقاندنەوەوە هەبێت.
هەروەها دەیانەوێت لەوەش دڵنیابن ئایا دۆزینەوەی ئەم بۆمبە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاگرێکی دیکەی پێشووەوە هەیە، کە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە ماڵێکی دیکەی سەرۆکوەزیراندا کەوتووەتەوە یاخود نا.
گاردیەن
مارگرێت ئاتوود دەڵێ، سنوردارکردنی ئازادیی بیروڕا و چاودێریکردن گەیشتووە بە ئاستێکی مەترسیدار
مارگرێت ئاتوود نوسەرێکی ژنە و تەمەنی 85 ساڵە و دوێنێ لە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتێکدا گوتی، لە تەواوی تەمەنی رابردووی خۆیدا رۆژگارێکی لەیادنییە هێندەی ئێستا هەڕەشە بۆ سەر وشە و گوتن و ئازادیی رادەربڕین دروستبووبێت.
ئەم رۆماننوسە گوتی، وشەکان دێرینترین ئامرازی بەکارهێنراوی دەستی مرۆڤن، تەکنەلۆژیای دەربڕینی مرۆڤ وشەیە، بەڵام وشەش وەک ئاو وایە، رەنگێکی وای نییە سەرنجت ببات، هەروەکو ئاویش دەتوانێت هێز و وزەیەکی گەورەت بۆ دروستبکات.
ئاتوود دوێنێ لە کایەی خەڵاتی بەریتانیدا بۆ کتێب، خەڵاتی ئازادیی بڵاوکردنەوە و چاپی پێدرا. لەم بۆنەیەدا گوتارێکی هەبوو، تێیدا گوتی، جەمسەرگیریی سیاسی و ئاینی لە ساڵانی رابردووی سەدەی بیستەمدا سنوردار بووبوون، بەڵام لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا تووندتر بوونەتەوە و بە خراپی هاتوونەتەوە ناوەوە، بۆیە ئەم جیهانەی ئێستا زیاتر لە جیهانی ساڵانی سییەکان و چلەکان دەچێت.
ئۆرشەلیم پۆست
ترەمپ هێرشەکانی سەر کەرتی غەزە راناگرێت
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیان گوتووە، دڵنیان دوایین هۆشداریی توندی ئیسرائیل دراوە بە حەماس و پێیگوتراوە کە هێشتا درێژەدان بە رێکەوتنەکەی هەردوولا لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان درێژەی هەیە، بەڵام هەتا ئەوکاتەی کە گەشتەکەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێدێت.
ئەو سەرچاوانە بە ئۆرشەلیم پۆستیان گوتووە، دیدارێک لە نێوان بنیامین نەتانیاهۆی سەرکوەزیرانی ئیسرائیل و ستیڤ ویتکۆفی نێردەی تایبەتی ئەمریکا و مایک هاکبابیی باڵوێزی ئەمریکادا ئەنجامدراوە. لەناو ئەو دیدارەدا ترەمپ و نەتانیاهۆش بە تەلەفۆن پێکەوە قسەیان کردووە. لەوێدا جەخت لەوەکراوەتەوە، کە ئەو پێشنیازەی ئەمریکا خستوویەتیە بەردەستی حەماس، هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە.
پێیگوتراوە، ئەگەر ئەو لەلای خۆیەوە دە بارمتەی ئیسرائیلی ئازادبکات، چەند هەفتەیەک کاتی وەک ئاگربەست دەدەنێ، بەڵام ئەم ئەگەرەی بەردەستی حەماس هەتا ئەوکاتە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، کە ترەمپ گەشتەکەی بۆ وڵاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێدەهێنێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
چەکدانان و چارەنووسی سەرکردەکانی پەکەکە بەمشێوەیە دەبێت
چەکداران لە عێراق و سوریا و ئەرمەنستان و ئێرانەوە لە ماوەیەکی نزیکدا دەچنە باکووری عێراق، دەچنە ریزی هەپەگە کە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانە.
ئەو سەرکردە سیاسییانەی هاووڵاتی تورکیان و لە شاخن، دوای زەمینەسازی یاسایی دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، 40 کادیری پەکەکە لە ریزی سەرکردەکانی سەرەوە، ناگەڕێنەوە بەڵکو دەچنە وڵاتی سێهەم.
13 هەزار کەس لە کەمپەکانی شنگال و مەخمور لە ریزەکانی هەپەگە لەگەڵ 580 چەکداری پەکەکە کە هێشتا لە سنووری تورکیان، بە راڕەوێکی ئەمنیدا دەچنە باکووری عێراق.
پرۆسەی دانانی چەک سێ بۆ چوار مانگ دەخایەنێت.
چاوەڕێ دەکرێت چەکەکانیان لە چەند خاڵێکی جیاوازی باکووری عێڕاقدا دابنێن، ئەویش پاش وەرگرتنی کۆد و ژمارەی چەکەکان لەگەڵ ئەوەی کە دروستکراوی چ وڵاتێکە، پرۆسەکە لە حوزەیراندا دەستپێدەکات.
جمهوریەت
لۆزان قابیلی مشتومڕ نییە
بەرپرسانی جەهەپە ئاماژە بە راگەیەندراوەکەی پەکەکە دەکەن کە باسی لە لۆزان و دەستووری 1924 کردبوو، ئەمە بە مەترسی دەزانن و دەڵێن لۆزان تاپۆی کۆمارەکەمانە، قابیلی مشتومڕ نییە.
بۆیە پشتگیری لە پرۆسەیەک ناکەن کە بنەماکانی دامەزراندنی کۆمار بکاتە ئامانج.
بەرپرسانی جەهەپە گومانیان هەیە و هێشتا دەپرسن، بۆچی بەس پەکەکە چەک دادەنێت، ئەی یەپەگەپە بۆ نا؟ باجی ئەم پرۆسەیە چییە؟ چی بەسەر ئەوانەدا دێت کە چەکەکانیان فڕێ دەدەن؟ ئەو چەکانەی فڕێ دەدرێن چیان لێدێت؟ بیر لە چی دەکرێتەوە بۆ ئۆجالان؟
چارەنووسی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەکوێ دەکات؟
ئەمانە لەلایەک، لەلایەکی دیکە بەرپرسانی ئاکپارتی باس لەوە دەکەن کە کوردەکان ناویان لە دەستووردا جێگیر دەکرێت.