بەفەرمى سزاکەى سەر یانەى نەورۆز و زاخۆ کەمکرایەوە و یارییەکەش لە خولەکى 80وە دەکرێتەوە.
لیژنەى رێکاى لە یەکێتى تۆپى پێى عێراق، تانەکەى یانەى زاخۆى دژى سزاکانى سەریانە بەهۆى رووداوەکانى یارى نێوان نەورۆز و زاخۆ لە خولى ئەستێرەکانى عێراق قبوڵکرد و سزاکەى کەمکردەوە.
لیژنەکە بڕیاریدا سزاى بێبەشکردنى هاندەرانى هەردوو یانە تا کۆتایى وەرز بۆ تەنیا دوو یارى کەمبکاتەوە، هاوکات یارییەکە لەو خولەکەوەى راگیرا بەهۆى ئاژاوەى هاندەرانەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام لە یاریگایەکى بێلایەندا، کە دواتر یاریگاکە و کاتى یارییەک دیارى دەکرێت.
هەروەها هەردوو یانە سزادراون بە پێبژاردنى 25 ملیۆن دینارى عێراقى و جەختیش لە یانەکانى هەرێمى کوردستان کراوەتەوە لەسەر پێویستی ئامادەکردنی یاریگاکان و پاراستنیان بە کارمەندانی ئەمنی لێهاتوو.
داواش لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە کارمەندی ئەمنی گونجاو بۆ هەر یارییەک دابین بکات، هاوکات پێکهێنانی هێزێکی پاراستنی ئاژاوەگێڕی (ئاسایشی یاریگا)، بە مەبەستی پاراستنی هاندەران لە هەر سەرپێچییەک کە زیان بە ژیان هاندەرانی وەرزشى بگەیەنێت.