سەدان هاوڵاتی تونس رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە قەیس سەعید، سەرۆکى وڵاتەکەیان. ناڕەزایەتییەکە هەفتەیەک پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە. “سەرۆک بڕۆ هەڵبژاردنەکەت مەهزەلە” دروشمى خۆپیشاندەران بوو.
ئەمڕۆ شەممە، 10ى کانوونى دووەمى 2022، بەشێک لە تونسییەکان رژانە سەرشەقامەکان. داواکارى ئەوان دژى ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەى وڵاتەکەیانە، کە رۆژى 17ى ئەم مانگە بۆ ئەنجامدانى دیاریکراوە.
قەیس سەعید یارییەکە تەواو بوو
گوتاردەرانی ناڕەزایەتییەکە زیاتر سیاسەتمەدارانی باڵای حزبەکە ئۆپۆزسیۆنەکان بوون، ئەوان دەیانگوت، ئەو دەنگدانەی بڕیارە بەڕێوەبچێت، ناشەرعییە و داوای بایکۆتیان کرد و قەیس سەعیدیان بە ئەنجامدانی کودەتایەک بەسەر دیموکراسیدا تۆمەتبار کرد.
قەیس سەعید، سیاسەتمەدار، یاساناس و مامۆستای خانەنشینکراوی یاسای تونسییە، لە تشرینى یەکەمى 2019 بوو بە هەشتەمین سەرۆکی وڵاتەکەى، خۆى وەک سەربەخۆ ناساندووە.
هەموو ئۆپۆزسیۆن لەسەر یەک هەڵوێست رێککەوتوون
سەمیرە شواشی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی هەڵوەشاوەى تونس
قەیس سەعید لە 25ى تەمموزی 2021 پەرلەمانی هەڵپەسارد، دواتر لە 30ى ئاداری ئەمساڵ پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و سەرۆکوەزیرانیشى لە پۆستەکەى دورخستەوە.
لەنێو خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆدا سەمیرە شواشی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی هەڵوەشاوەى تونس بەشداربوو، گوتى “هەموو ئۆپۆزسیۆن لەسەر یەک هەڵوێست رێککەوتوون، کە رەتکردنەوەی کودەتا و داوای گەڕانەوە بۆ دیموکراسییە”.
بەشداربووانى ناڕەزایەتییەکە، هەڵبژاردنەکە بە ناڕەوا دەزانن و داوای بایکۆت و یەکهەڵویستى حزبەکانى ئۆپۆزسیۆن دەکەن.
هەڵبژاردنى هەفتەى داهاتوو، یەکەم هەڵبژاردن دەبێت لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی دەستوری وڵاتەکە، کە لە 25ى تەمموزدا بەڕێوەچوو، دواتر قەیس سەعید لە 15ى ئەیلولدا رێسای نوێی هەڵبژاردنەکانی دەرکرد.
دەنگدان بە کاندید لەبری حزب
بەگوێرەى فەرمانی هەڵبژاردنەکان، کە لەلایەن قەیس سەعیدەوە دەرکراوە، دەنگدەران لەبری لیستە حزبییەکان، کاندیدی تاکەکەسی هەڵدەبژێرن.
دوابەدوای ئەم پەیڕەوە نوێیە، چەند لایەنێکی سیاسی بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتوویان راگەیاند، ئەوان رەخنەیان لە سیستمی نوێ هەیە و وەک پلانێک بۆ دورخستنەوەی حزبەکان لە ژیانی گشتی و پرۆسەی بڕیاردان دەیبینن.
فێمینیستەکان رەخنەیان لە سیستمەکە هەیە
رەخنەگران و حزبەکانى ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، ئەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای تاکەکەسی گونجاو نییە بۆ دیموکراسییەکی تازەپێگەیشتووی وەک تونس، تەنها ئەو کاندیدانە دەتوانن سەربکەون، کە “پارەیان” هەیە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن یان ئەوانەى ناسراون.
رێکخراوە فێمینیستەکانیش رەخنەیان لە سیستمەکە هەیە و دەڵێن گورزێکی بەهێزە، کە لە رێساکانی یەکسانی جێندەر بۆ پەرلەمانی نوێ دەدرێت.
ئەوان ئاماژەیان بەو ژمارانە داوە، کە جیاوازی رەگەزی لە لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی 17ى ئەم مانگە دەردەخەن؛ لە کۆی هەزار و 55 کاندید، تەنها 122 کاندیدیان ژنن.
پێشتر حکومەت بڕە پارەیەکى دیاریکراوى دەدا بە حزبەکان بۆ کەمپینى بانگەشە و خەرجى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە، بەڵام لە سیستمە نوێیەکەدا کاندیدەکان دەبێت پارەى خۆیان بەکاربهێنن و دەستخستنى پارەى دیکە قەدەغە کراوە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تونس رایگەیاندووە، کاندیدەکان پابەندن بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانەوە و دەبێت سەرچاوەی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان بۆ کۆمسیۆنەکە رونبکەنەوە.
سەعید بناربیا، بەڕێوەبەری ناوچەیی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی یاساناسان هۆشداریدا، کە دەستوری نوێ “بیرۆکەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و هاوسەنگیەکان لەناو دەبات”
وڵات رزگار دەکەم، نابنە دیکاتۆر
قەیس سەعید، سەرۆکى تونس
ئەو دەڵێت، “دەستوری پێشنیازکراو، سەرۆکێک بە هەموو توانا و پەرلەمانێکی بێدەسەڵات و دەسەڵاتێکی دادوەری بێ ددان دابین دەکات”.
سەربارى ئەو رەخنانە قەیس سەعید، بانگەشەى ئەوە دەکات، کارەکانی یاسایی و پێویستن بۆ ئەوەی تونس لەو قەیرانە رزگار بکات، کە ساڵانێکە تێی کەوتووە، ئەو چەندینجار رایگەیاندووە، کە نابێتە دیکتاتۆر.
بەرەی رزگاری نیشتمانی، کە نوێنەرایەتی حزبە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی تونس دەکات، لەنێویاندا پارتى ئێناهدا، داوای لە لایەنگرانی کردووە بایکۆتی دەنگدان بکەن.
ئەحمەد نەجیب چێبی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە گوتی، هەڵبژاردنەکان بەسەرپەرشتی ئۆرگانێک بەڕێوەدەچێت، کە بێلایەن نییە.
زۆرینەى خەڵکی تونس ترسیان لە زیاتربوونى قەیرانی ئابوری و هەڕەشەکانە بۆ سەر دارایی گشتی، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی موچە و مەترسی کەمی شتومەک و کاڵا سەرەکییەکان لە وڵاتەکە.
قەیس سەعید، خۆى لەژێر چەترى ئەو دەنگە ناڕازییانەدا دەبینێتەوە، کە سیاسییەکان بەهۆکارى قەیرانى 10 ساڵى رابردووى وڵاتەکەیان دەزانن.
ئەو قەیرانەى، کە ئاگرى جەستەى محەمەد بوعزیزی زیاتر دەریخست. ئەو فرۆشیارێکی هەژاری سەر شەقامەکان بوو، لە ناڕەزایەتییەکدا بەرامبەر بە هەراسانکردنی دەسەڵاتداران ئاگرى لە جەستەى خۆی بەردا، ئەوەى ئەو کردى راپەڕینی ساڵی 2010 لێکەوتەوە، کە روخساری وڵاتی گۆڕی و دواتر زەین ئەلعابیدین بن عەلی، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە لە کار لادرا.