زووم..
وەزارەتى دارایی عێراق دەنگۆیەک لەبارەى مووچەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو هەواڵانە راست نین، کە باس لەوە دەکەن، تەیف سامى وەزیرى دارایی رازى بووبێت لە دابینکردنى مووچە بۆ فەرمانبەرانى سوریا.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتى دارایی عێراق روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە راست نین، کە باس لەوە دەکەن، وەزیرى دارایی عێراق رازى بووبێت بە خەرجکردنى پارە بۆ مووچەى فەرمانبەرانى سوریا.
وەزارەتەکە راشیگەیاند، هیچ بڕیار و دەستپێشخەرییەک نییە، بۆ ئەوەى وەزارەتى دارایی پارە بۆ مووچەى فەرمانبەرانى سوریا دابین بکات، یاخود لەو بارەوە هیچ هاوکارییەک بکات.
وەزارەتەکە داواى لە دەزگاکانى راگەیاند، پشت بەو هەواڵ و زانیارییانە نەبەستن، کە راست نین و هیچ پەیوەندییەکیان بە وەزارەتى داراییەوە نییە.
چەند رۆژێکە لە بەشێک لە بلاتفۆڕمەکانى سۆشیال میدیا لە عێراق، دەنگۆى ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە وەزیرى دارایی عێراق رازى بووە بە خەرجکردنى پارە بۆ مووچەى فەرمانبەرانى سوریا.