زووم:
ئیحسان یاسرى، راوێژکارى بانکى ناوەندى عێراق راگەیاند، کێشەى بەهاى دۆلار، پەیوەندى بە خستنەڕووى بڕەکەیەوە هەیە و لە دوو هەفتەى داهاتوودا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
یاسرى لە لێدوانێکدا بە ئاژانسى هەواڵى عێراق (واع)ى راگەیاندووە، ئێستا بانکى ناوەندى رەزامەندى دەربڕینى لەسەر داواکارییەکانى فرۆشتنى دۆلار توندوتۆڵتر کردووە و وردبینییەکى زیاتر لەو داواکاریانە دەکرێت، کە پێشکەشى بانکەکە دەکرێت، ئەوەش وایکردووە بڕى خستنەڕووى دۆلار کەم ببێتەوە.
تائێستاش داواکارى نێودەوڵەتى لە عێراق هەیە لە پرسى دۆلاردا
ئیحسان یاسرى، راوێژکارى بانکى ناوەندى عێراق
دەشڵێت، تائێستا داواکارى نێودەوڵەتى لە عێراق هەیە لەسەر پرسى دۆلار و بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارە و پشتوانى دارایی تیرۆر، باسى لەوەشکردووە هەندێک لە بانکەکانى عێراق کاتی زیاتریان پێویستە بۆ جێبەجێکردنى ئەو داواکاریانە.
یاسرى روونی کردووەتەوە، کە پێشتر بانکەکان داواکارییەکیان پێشکەش بە بانکى ناوەندى دەکرد و دۆلاریان پێدەدرا، بەڵام ئێستا دەبێت بانکەکان داواکاییەکانیان لە رێگەیەکى یەکەیەکى تایبەتەوە بەزر دەکەنەوە، کە تازە بانکى ناوەندى دروستیکردووە، کاتێکیش داواکارییەکە دەگات، لەلایەن بانکەکەوە وردبینى بۆ دەکرێت، ئەم پرۆسەیەش رەنگە کاتى زیاتر بخایەنێت.
ئەو راوێژکارەى بانکى ناوەندى ئاشکراشیکردووە، هەندێک لە بانکەکانى عێراق سنوردارکردنى نێودەوڵەتییان لەسەرە و چیتر بانکى ناوەندى ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
یاسرى روونی کردەوە، کە بانکى ناوەندى چارەسەرى ئەو بابەتەى کردووە لە رێگەى بەرزکردنەوەى ئاستى خستنەڕووى فرۆشتنى دۆلار بە نەختینەیی و زیادکردنى پشکى دۆلار بۆ ئەو بانک و کۆمپانیایانەى کە لە پلەکانى (ئەلف – با – جیم)دان.
بەگوتەى یاسرى رێوشوێنەکانى وردبینى، رەنگە لە ئایندەیەکى نزیکدا بگەڕێتەوە ماوەى ئاسایی خۆى، بەوەش بەهاى دۆلار بەرامبەر بە دینار وەکو پێشووى لێدێتەوە، ئەمەش دوو هەفتەى دیکە زیاتر ناخایەنێت.
خستنەڕووى رۆژانەى دۆلار لە 220 ملیۆنەوە بۆ 120 ملیۆن کەمبووەوە
زیاتر لە دوو هەفتەیە بەهاى دۆلار بەرامبەر بە دینارى عێراقى بەرزبوونەوەی بەرچاوى بەخۆوە بینیوە، بەرزبوونەوەکە گەیشتە ئاستێک کە لە پاش ساڵى 2003ەوە هەگیز پێى نەگەیشتووە: 100 دۆلارى ئەمریکى 150 هەزار دینارى عێراقى تێپەڕاند لەکاتێکدا بانکى ناوەندى نرخى 100 دۆلارى بە 146 هەزار دینار دیاریکردووە.
بۆ ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەش، بەرپرسانى بانکى ناوەندى عێراق، کەمبوونەوەى بڕى خستنەڕووى دۆلار بە هۆکار دەزانن، پێش دوو مانگ بانکى ناوەندى رۆژانە 220 ملیۆن دۆلارى دەخستە بازاڕەوە، بەڵام لە دوو هەفتەى رابردوودا ئەو بڕە بە رێژەیەکى زۆر کەم بووە و پێنجەشەممەى رابردوو تەنها 122 ملیۆن دۆلارى خستە بازاڕەوە.