زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
جمهوریەت
حەوت هەزار چەکداری پەکەکە ئازاد دەکرێن؛ رەزامەندی بە دەوڵەتی کوردی دراوە
رۆژنامەی جمهوریەت بڵاویکردەوە، دەوڵەت لەگەڵ پەکەکە سەودا و مامەڵەی هەیە، رێگەش بەدەوڵەتی کوردی دراوە.
تورهان سۆنمەز سەرۆکی پارتی ئی یی دەڵێ، سەودای دەوڵەت بەشێوەیەکە لەگەڵ پەکەکە، ئەوان چەکەکان دانێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، ئەمانیش لەرێگەی یاسای ئینفاز کە گۆڕانکاری تێدا دەکەن، حەوت هەزار ئەندامی پەکەکە ئازاد دەکەن هاوکات رەزامەندی دراوە بە دەوڵەتی کوردی.
قەرار
پێش خۆهەڵوەشاندنەوە یەکیانگرت
پرۆسەی چارەسەریی لەسەر بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد. دواتر پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەست، ئێستا کە چاوەڕێین بڕیار و ئەنجامی کۆنگرە رابگەیەندرێت.
گوڵستان ساییغیت پەرلەمانتاری دەمپارتی لەسەر بازنەی وان دەڵێت، ئەم دەستپێشخەرییە بۆ تەواوی گەلان و خاوەن بیروڕاکانە، ئامانجێتی هەموو خاوەن کلتورە جیاوازەکان لەیەک کۆبکەنەوە.
ئاکشام
ناڕەزایی چەند سەرکردەیەک خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی دواخستووە
لەسەر ناڕەزایەتی سێ لە سەرکردەکانی پەکەکە، لەکاتی کۆنگرەکەدا، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دواخستووە.
بەپێی زانیاریەکان، کۆنگرەکە لەشێوەی دوو گروپ ئەنجامدراوە، لە هەردووکیاندا موراد قەرەیلان بە تەواوی لەگەڵ پرۆسەکەدا بووە، بەڵام جەمیل بایک و دوران کاڵکان وەڵامیان نەداوەتەوە.
هەر لە کۆنگرەکەدا سێ لە بەرپرسان دژی خۆهەڵوەشاندنەوەکە وەستاونەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەن کە عەبدوڵا ئۆجالان قسە لەگەڵ ئەو سێ نارازیەدا بکات، هەر بۆیە پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەکە دواکەوتووە.
پۆستا
کەسێک کە بەسەرخۆشی ئۆتۆمبێلی لێخوری؛ تا ساڵی 2060 مۆڵەتی شۆفێری لێوەرگیرایەوە
لە شاری ئەرزڕومی تورکیا شۆفێرێک دوای ئەوەی پۆلیس لەسەر رێگای سەرەکی داوای لێدەکەن راوەستێت، بەڵام بەگوێیان ناکات و هەڵدێت لەدەستی پۆلیس، دوای 25 کیلۆمەتری پۆلیس دەتوانن ئۆتۆمبێلەکە راگرن.
دوای ئەوەی بۆیان دەردەکەوێت کە مادەی کحولی خواردوەتەوە، هاوکات حەوت سەرپێچی تریشی هەبووە.
بڕیاردراوە، تاوەکو ساڵی 2060 مۆڵەتەکەی لێوەرگیرێتەوە، ئەوکاتەش تەنیا ئۆتۆمبێلی فڕیو هەیە دەتوانێت لێی خورێت.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
سەرۆکی ژینگەپارێزی کرماشان دەڵێت، لە سروشتدا ئاگر مەکەنەوە
محەمەد حسێن فەلاحەتی، سەرۆکی ئیدارەی ژینگەپارێزی کرماشان رایگەیاند کە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارانی ژینگە دەبێت توند بێت.
ناوبراو لە وتووێژێکدا جەختی کردەوە، کە بە جدی رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە بە ئەنقەست و بێ هەماهەنگی زیان بە ناوچە سروشتییەکان دەگەیەنن، بە تایبەت زیانگەیاندن بە رووەک و درەختەکان.
هەروەها گوتی، کە هەر جۆرە تێکدان، دەستبەسەرداگرتن یان بڕینەوەی درەختەکان بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و پێشێلکاران رەوانەی دادگا دەکرێن. ناوبراو داوای لە خەڵک، گەشتیاران و شاخەوانان کرد کە لە داگیرساندنی ئاگر لە سروشتدا خۆ بپارێزن.

ئیمروز
گەرمایەکی بێوێنە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە
بە گوێرەی نوێترین ڕاپۆرتەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، دوو مانگی رابردوو لە گەرمترین ماوەکانی مێژووی نوێی زەوی بوون.
داتاکان نیشان دەدەن کە جیهان قۆناغێکی توندبووەوەی گەرمبوونی زەوی ئەزموون دەکات کە کاریگەریی راستەوخۆی لە وڵاتانی وەک ئێران و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
راپۆرتی دەزگای کەشناسیی کۆپەرنیک باس لەوە دەکات، کە نیسانی 2025 بە تێکڕای پلەی گەرمی 15 پلەی سەدی، دووەم گەرمترین نیسان بووە لە مێژوودا و 1.5 پلەی سەدی لەسەر تێکڕای پلەی گەرمی پێش سەردەمی پیشەسازی بووە.

کار و کارگەر
ساڵانە نزیکەی 10 هەزار کرێکار لە ئێران بەهۆی رووداوی کارەوە دەمرن
عەلیڕەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستی رایگەیاند، کە ساڵانە نزیکەی 2.7 ملیۆن کەس لە جیهاندا و نزیکەی 10 هەزار کەس لە ئێران بەهۆی رووداوەکانی کارەوە دەمرن و گوتی کە ئەم رێژەیە کەم نییە و دەبێت رێکار بگیرێتە بەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم مردنانەی کە دەکرێت پێشیان بگیرێت.
هەروەها گوتیشی، کە زۆرێک لە کەمئەندامییەکان بەهۆی رووداوەکانی کارەوە دروست دەبن و کاریگەریی هەندێکیان لە درێژخایەندا دەردەکەوێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە هەندێک لە یاسا و ستانداردەکانی بواری تەندروستی ژینگە و پیشەیی بۆ سەردەمەکانی پێشتر دەگەڕێنەوە و پێویستیان بە پێداچوونەوە و نوێکردنەوە هەیە.

ئەبرار
ئاگری بەندەر عەباس هێشتا نەکوژاوەتەوە و هەندێک تەرم نەناسراونەتەوە
ئەحمەد مورادی، نوێنەری بەندەر عەباس لە پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە دوایین دۆخی ئاگرکەوتنەوەی بەندەر عەباس رایگەیاند، کە ئاگرەکە هێشتا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە و تەنها مەترسییەکەی کەم بووەتەوە.
هەروەها گوتیشی، کە ژمارەیەک لە تەرمەکان هێشتا ماونەتەوە و نەناسراون، هەندێک لە تەرمەکان بە تەواوی بوونەتە خۆڵەمێش و هیچ شوێنەوارێکیان نەماوە.
مورادی ئاماژەی بە دۆخی کرێکارە بێ ناسنامەکان کرد، بە تایبەت کرێکارانی پارێزگای بەلوچستان کە ناسنامەیان نییە و لە گوندە دوورەدەستەکان دەژین و گوتی کە رەنگە خێزانەکانیان هێشتا هەواڵی ئەم رووداوە و چارەنووسی ئەوان نەزانن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
چارەسەرێکی دابەزاندنی کێش رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەش دادەبەزێنێت بۆ نیوە
هەندێک چارەسەری دابەزاندنی کێش و قەڵەوی هەن، کە بەکاربێن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە بە رێژەی 50٪ کەمدەکەنەوە.
چەند توێژەرێکی زانستیی بواری پزیشکی لەم بارەیەوە دڵنیایی دەدەن، ئەو توێژەرانە پێداچونەوەی وردیان بە تۆماری شەش هەزار نەخۆشدا کردووە، کە کێشەی تەندروستیی قەڵەوییان هەبووە و تووشی جۆری دووەمی نەخۆشیی شەکرەش ببوون. نیوەی ئەم نەخۆشانە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری کێشیان دابەزێندراوە. نیوەکەی دیکەشیان بە پێدانی دەرمان و چارەسەر کێشیان دەبەزێندراوە.
لە ئەنجامی وردکردنەوەی زۆری داتا بەدەستهاتووەکانەوە بۆیان دەرکەوتووە، کە نەشتەرگەرییەکە دەتوانێت ئەو جۆرە قەڵەوییە لابدات کە نەخۆشیی شێرپەنجەشیان پێوەیە، بەڵام رێژەی سەرکەوتنیان 24٪ـە، کەچی ئەوکەسانەی بە دەرزیلێدان کێشەکەیان دادەبەزێندرێت، رێژەی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە 50٪ـیە.
دکتۆر یائیل وۆڵف لە بەشی نەشتەرگەرییەکانی نەخۆشخانەی تەلئەبیب دەڵێ، با نەخۆشەکانی دڵنیابن، کە چارەسەرە نوێیەکە زۆر لە بەرژەوەندیی ئەوان دەبێت.

تایمز
زێلینسکی ئامادەیی پیشانداوە بچێتە ئیستانبووڵ و لەوێ پوتین ببینێت
ترەمپ داوای لە سەرۆکی ئۆکراین کرد، کە رووبەڕوو لەگەڵ پوتیندا دابنیشێت و هەردوولا پێکەوە گفتوگۆ لەسەر مەسەلەی ئاشتیی نێوانیان بکەن.
زێلینسکیی ئامادەیی خۆیی پیشانداوە بۆئەوەی چاوپێکەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ پوتیندا هەبێت. لەم ڕووەوە قسەی بۆ هاونیشتمانیانی خۆی کرد و گوتی، رۆژی پێنجشەممە دەچم لە تورکیا چاوەڕوانی هاتنی پوتین دەکەم.
گوتیشی، ئومێد دەخوازم ئەمجارەیان پوتین ئامادەبێت قسە لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکات.
عەرەب نیوز
ریاز سەرکردە عەرەبەکانی کەنداو بانگدەکات بۆ دیدارەکەی ئەمریکا و سعودیە
کەناڵی ئەلعەرەبییە دەڵێ، شا سەلمانی پادشای سعودیە داوەتنامەی ئاراستەی سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کردووە ئامادەی دیدارەکانی گفتوگۆی نێوانی ئەمریکا و سعودیەببن. ناردنی ئەم داوەتنامانە لە کاتێکدایە، کە چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ لە کەنداوی عەرەبی سەردانی وڵاتەکانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات بکات.
سعودیە چاوی لەسەر ئەوەیە هەندێک بەرنامەڕێژی بکات بۆ قەواڵەی ئابوریی خۆی تا ساڵی 2030، بۆیە لە ئێستاوە چاوی لەسەر ئەوەیە هاوکارییەکی ئابوریی باشی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان
دەستور
عێراق لە هاوردەکردنى غازى ئێران بەردەوامە
عەدنان جابری جێگرى سەرۆکی لیژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، هاوردەکردنى غازی ئێرانى بەردەوامە بۆ بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا و بەو هۆیەشەوە کارەبا نەبڕاوە.
راشیگەیاند، جێگرەوەکانى غازی ئێرانى بەشێکى پشت بە بەرهەمهێنانى ناوخۆیی دەبەستێت و بەشێکى دیکەشى هاوردەکردنى لە وڵاتانى دیکەوە.

عەرەب
لەسەردانەکەی ترەمپ دا بۆ دەوحە فڕۆکەیەکى بۆینگی پێشکەوتووى دەکرێتە دیاریی
میدیاکان بڵاویانکردەوە لەکاتى سەردانیکردنى دۆناڵد ترەمپ بۆ دەوحەی پایتەختى قەتەر لە لایەن میری ئەو وڵاتەوە فرۆکەیەکى بۆینگی پێشکەوتووى لە جۆری (8-747 جامپۆ)ـى پێشکەش دەکرێت.
رۆژنامەکە نوسیویەتى فرۆکەکە ئەوەندە پێشکەوتووە کە ترەمپ دەتوانێت وەک فڕۆکەى سەرۆکایەتى بەکاریبهێنێت.
تۆڕی ئەبی سی نیوز نوسیویەتى، ترەمپ تا کۆتایی دەسەڵاتەکەى لە ساڵی 2029 دەتوانێت بەکاریبهێنێت، ئەوە لە کاتێکدا کە ترەمپ داواى فرۆکەیەکی نوێی سەرۆکایەتى کردووە و ئیلۆن مەسکیش پێی راگەیاندووە، بە تیمی سەرپەرشتیاری راگەیاندووە دەستوبرد بکەن لە کەیشتنیدا، بەڵام ترەمپ نیگەرانە لەدواکەوتنى.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، وا چاوەڕێدەکرێت لەمیانى گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانى ناوچەکە سعودیە و ئیمارات و قەتەر، ئەو دیارییە پێشکەش بە سەرۆکی ئەمریکا بکرێت.
ئامانجی قەتەر ئەوەیە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ ئەمریکا رێکبخاتەوە ئەوە لەکاتێکدا بە خولى یەکەمى سەرۆکایەتى ترەمپ دا کەمێک ئاڵۆزیی بەخۆوە بینیوە.
شەرقلئەوسەت
هەزاران بارهەڵگر لە چاوەڕوانى چوونە نێو غەزەدان و ئیسرائیل رێگەیان پێنادات
ئۆنروا لە بەیاننامەیەکى تایبەتدا کە لە تۆری ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هەزاران بارهەڵگریان ئامادەیە بچنە نێوغەزە و هاوکارییەکانیان پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەن و پێداویستى مرۆیی و پزیشکى و بازرگانى یان هەڵگرتووە.
داواشى کردووە ئیسرائیل گەمارۆی سەر غەزە هەڵبگرێت حەماسیش بەبارمتەگیراوەکان ئازادبکات

سەباح
یونسێف گەورەترین ناوەندى کوتان لە بەغداد دەکاتەوە
عەلى عەبدولحسێن ساڵح پزیشک لە رێکخراوى یونسێفى سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، دروستکردنى ناوەندی کوتان لە بەغداد گەورەترین ناوەند دەبێت لە سەر ئاستى وڵاتانى ناوچەکە.
گوتیشى، تێچووى ناوەندەکە سێ ملیۆن 500 هەزار دۆلاری تێدەچێت و لەسەر رووبەری پێنج هەزار مەتر چوارگۆشە جێبەجێ دەکرێت. پرۆژەیەکى هاوبەشى نێوان یونسێف و وەزارەتى تەندروستى عێراقە لە 58 هۆڵی گەورە پێکهاتووە دەبێتە ناوەندێکى چالاک بۆ راهێنان و پشتیوانیکردنى ناوەندەکانى ترى کوتان لە دابینکردنى پێداویستى پزیشکی.