زووم..
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە رایگەیاند، هیوادارن بە زووترین کات مووچەی مانگی چوار رەوانە بکرێت.
مەسرور بارزانی، لە شاری دهۆک بە میدیاکارانی راگەیاند، وەک حکومەت تەواوی ئەرک و پابەندییەکانیان بەرامبەر عێراق جێبەجێکردووە. گوتیشی، هیوادارن حکومەتی فیدراڵیش ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن و چیدیکە مووچەی مووچەخۆران نەکرێتە کارتێکی سیاسی و دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەڵێنێکی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەرگرتووە تا 13ـی مانگ بەغداد مووچە بنێرێت، رەنگە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فشار لە سودانی بکرێت تا رەزامەندی لەسەر تەمویلکردنی مووچەی مانگی چواری هەرێمی کوردستان بدات.
رۆژی سێی شوباتی ئەمساڵ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، کێشەی مووچەخۆران بۆ ئەمساڵ کۆتایی هات و چیدیکە دابەشکردنی مووچە نابێتە هەواڵ.