خوێندکارانی 16 زانکۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، دژی لەسێدارەدانی موحسین شکاری، کە لە خۆپیشاندانەکانی تاراندا دەستگیرکرابوو، رۆژى پێنجشەممە لەسێدارەدرا.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە زانکۆکانی تاران و سنە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووتە سەر خوێندکاران و راستەوخۆ تەقەیان لە خوێندکاران کردووە.
لە 16 زانکۆی ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان مانگرتنە
هاوکات ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز، کە بابەتەکانى پەیوەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بڵاودەکاتەوە دەڵێت، ئەمڕۆ ئاڵۆزیەکی زۆر لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە شارەکانی ئێران رویداوە.
لەسەر بانگەوازی رێکخراوە مەدەنی و خوێندنکارییەکان لە 16 زانکۆی شارە کوردیەکان و شارەکانی تاران، زاهدان، هەمەدانی ئێران، خوێندکاران مانگرتن و خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە.
دەیان دوکاندا و کاسبکار لە رۆژهەڵاتى کوردستان دەستگیرکراون
شەش رۆژە مانگرتنی کاسبکار و دوکاندارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، دەیان دوکاندار و کاسبکار بەهۆی نەکردنەوەی دوکانەکانیان دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە.
تۆڕى مافەکانى مرۆڤى کوردستان دەڵێت، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتووە لە رۆژى پێنجشەممەوە ژمارەیەک دوکاندار و کاسبکارى شنۆ بەهۆى بەشداربوونیان لە مانگرتنە گشتییەکان، هێزە ئەمنییەکان لە ماڵەکانی خۆیان دەستگیریان کردوون و دواتر و گوازراونەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە.
دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان “دەستیان داوەتە ئەشکەنجەدان و سوکایەتیکردن بەم کەسانە، کە ژمارەیان زیاتر لە 20 کەسە و سمێڵ و سەرى دوو کەسیان تاشیون”
لە شاری مەشهەدیش بەهۆی ئەوەی دروشم لەنێو خوێندنگاکاندا دژی لەسێدارەدانی موحسین شکاری نوسراوە، لێپرسینەوە لەگەڵ خوێنکداران دەکرێت.
پێنجشەممەى رابردوو، موحسین شکاری وەک یەکەم خۆپیشاندەرى دەستگیرکراو، لە تاران لەسێدارەدرا و سزای لەسێدارەدانیش بەسەر 11 کەسی دیکەدا سەپێندراوە، رێکخراوەکان باس لە مەترسی جێبەجێکردنى سزاکە دەکەن.