زووم..
رۆژنامە فارسییەکان:
ئارمانی ئیمروز: پێوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئێران بەهۆی شەڕی ئۆکراین تێکچووە
نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری کەنداو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ئەمریکی رایگەیاند، پەیوەندییەکان دوای جەنگی ئۆکراین و بەهۆی پشتیوانیی سەربازیی ئێران لە روسیا خراپتر بوون.
دی مایۆ جەختی کردەوە، کە یەکێتیی ئەوروپا رێخۆشکەری رێککەوتنی ئەتۆمی بوو، بەڵام ئێستا لە واقیعێکی نوێداین کە هاوبەشیی سەربازیی ئێران و روسیای تێدایە دژی ئۆکراین.
ئەو هەروەها باسی لە نەبوونی شەفافیەت لە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران کرد و گوتی، ئامانجی هاوبەشی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو ئێرانی بێ چەکی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی گرژییەکانە.
ئەبرار: ئەمڕۆ چارەنووسی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا دیار دەبێت
لە کاتێکدا کە بڕیارە ئەمڕۆ خولی چوارەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی واشنتۆن و تاران لە مەسقەتی عومان بەڕێوە بچێت، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا هۆشداریی دا کە ئەگەر دانوستانەکانی ئەمڕۆ بێ ئەنجام بن، بەردەوام نابن و دەبێت رێگایەکی دیکە بگرنەبەر.
ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی، ئەمریکا هەفتەی رابردوو لە بەڕێوەچوونی خولێکی دیکەی دانوستانەکان خۆی بەدوور گرت، چونکە پێویست بوو لەگەڵ ئێران بگەنە تێگەیشتن بۆ ئەوەی دانوستانەکان بەسوود بن.
ویتکۆف هیواخواز بوو کە دانوستانەکانی ئەمڕۆ بنیاتنەر بن و بە واتای بەردەوامبوونی دانوستانەکان بێت.
بە گوێرەی راپۆرتی سی ئێن ئێن، دانوستانەکانی ئەمڕۆ لە ئاستی بەرپرسانی باڵادا بەڕێوە دەچێت کە نیشان دەدات هەردوولا چوارچێوەیەکی گشتی بۆ پێشبردنی دانوستانەکان تاوتوێ دەکەن.
ویتکۆف جەختی کردەوە، کە پرۆگرامی پیتاندن نابێت هەرگیز لە ئێراندا هەبێت و ئەمە هێڵی سووری ئێمەیە.
ئێران رایگەیاندووە، دەبێت رێگەی پێبدرێت یۆرانیۆم بپیتێنێت و ئەم بابەتە جێگەی دانوستان نییە.
باختەر: کۆچەرییەکانی کرماشان لە بێئاویدا دەناڵێنن
کۆچەرییەکانی کرماشان وەک یەکێک لە چینە بەرهەمهێنەرەکانی وڵات، ئەم رۆژانە رووبەڕووی قەیرانی قورسی بێئاوی و نەبوونی ژێرخانە تەندروستییەکان بوونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا لە سەرەتای وەرزی بەهارداین، ئەم قەیرانە ژیانی رۆژانەی ئەوانی خستووەتە ژێر پرسیار و ئازارێکی زیاتری خستووەتە سەر شانیان.
یەکێک لە گەورەکانی کۆچەرییەکان دەڵێت، هیچ رێگایەکی هاتووچۆی باش، هیچ کانییەک و هیچ ئیمکاناتێکی تەندروستیمان نییە. چەند کیلۆمەتر رێگا دەبێت بڕۆین تا بەڵکوو بگەینە دڵۆپێک ئاو.
هەندێک لە خێزانەکان ناچار بوون ئاژەڵەکانیان بفرۆشن چونکە ئاویان نییە. بەهۆی بارانبارینی ئەم دواییانە، هەندێک لە رێگاکان زیانیان بەرکەوتووە و ئۆتۆمبێلی قورس ناتوانن تێپەڕن بۆ گەیاندنی تەنکەری ئاو.
تەجارەت: لە تاران مەترسی روودانی بوومەلەرزە هەیە
فەریبورز ناتق ئیلاهی، باوکی زانستی بوومەلەرزەناسیی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەجارەت باسی لە مەترسیی روودانی بوومەلەرزە لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران کرد.
ناوبراو گوتی، گرنگترین بابەت ئەوەیە کە زۆربەی ناوچەکانی ئێران لەسەر هێڵی چالاکی بوومەلەرزە هەڵکەوتوون.
بەهۆی ئەوەی شارەکانی ئێران لە نزیک رووبارەکان دروست کراون، ئەمەش هۆکارێکە بۆ بوونی هێڵی بوومەلەرزە.
زۆربەی بینا گشتییەکان و خانوو و کۆمەڵگە بازرگانی و نیشتەجێبوونەکان بە کەرەستەی ناتەندروست دروست کراون.
ناتق ئیلاهی گوتی، شاری تاران یەکێکە لە خراپترین خاڵەکانی بوومەلەرزە لە جیهان و ئێراندا.
پێشبینیی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی نزیکەی 7.3 پلەی رێختەر دەکات و دەڵێ، کاتی روودانی ئەم بوومەلەرزەیە تێپەڕیوە، کە ئەمەش هەواڵێکی باش نییە، واتە بوومەلەرزە ئەگەرییەکان توندتر دەبن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان:
دەیلی تەلەگراف:پێویستە پوتین بەبێ ئەملا و ئەولا بە رێککەوتنی ئاگربەست قایلبێت
دۆستە هاوپەیمانەکانی بەریتانیا، ئەمریکا و ئەوروپییەکانی دیکە ، دەڵێن ئەگەر رووسیا مل بە پرۆژەی ئاگربەست نەدات، ئەوا ئەم وڵاتانە لەڕووی چەکەوە هاوکاریی ئۆکراین دەکەن.
بۆیە دەبێت ڤلادیمیر پوتین بیرێک لە ئەو پرۆژەی پێشنیازی ئاگربەستە بکاتەوە کە دەیخەنە بەردەستی.
لەئەمڕۆوە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا قسەی خۆی ئاراستەی پوتین دەکات و دەڵێ، بەبێ ئەوەی ئەگەر و بەڵام لە وەڵامەکانتدا بەکاربهێنیت پێویستە بە ئاگربەست قایل ببیت.
تایمز: ئاگربەستەکە زۆری نەخایاند؛ بەچەند کاتژمێرێک پێشێلکرا
شەوی رابوردوو ئاگربەستێک لە نێوانی هیندستان و پاکستاندا راگەیەندرا. ئەم دوو هێزە ئەتۆمییە گەورەیە کە شەڕ کەوتووەتە نێوانیانەوە، قایل بوون شەڕەکەی نێوانیان رابگرن.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی ماڵپەڕی کۆمەڵایەتیی تروسی تایبەت بە خۆیەوە رایگەیاند، کە توانیویانە شەڕی نێوانی ئەو دوووڵاتە بگەیەنن بە ئاگربەست، بەڵام ئارامیی نێوانیان لەپاش ئەو راگەیاندنەوە هەر چەند کاتژمێرێکی کەمی خایاند، لە سنوری سرینیگار و چەند بەشێکی دیکەی سنوری کشمیرەوە دەنگی تەقینەوە و مووشەک بیسترانەوە.
ئیندیپێندەنت: لەپێناوی ئەم خێزان و منداڵانەدا کۆتایی بە بێدەنگی و چاوپۆشیکردن بهێنن
ئەم رۆژنامەیە لاپەڕەی یەکەمی خۆیی تەرخانکردووە بۆ ناردنی بانگەوازێک بۆ گوێی بەریتانیا و هەموو جیهان، دەڵێت کە ئەم منداڵ و خێزانانەی ناو کەرتی غەزە لە مەینەتیدا دەژین، داوادەکات، کە ئیتر کۆتایی بە ئەو بێدەنگبوونەی جیهان بهێندرێت، کە وایکردووە مەینەتی و گرفتی ئەو خەڵکە درێژەی هەبێت.
ئەم رۆژنامەیە نوسیویەتی هێرش و گێچەڵەکانی سەر کەرتی غەزە هەر نوێ دەبنەوە و درێژە دەکێشن، جیهانیش چاوپۆشیی لێدەکات.
گەمارۆیەک خراوەتە سەر دوو ملیۆن خەڵکی فەلەستینی و بەهۆی لێبڕینی خۆراکەوە منداڵەکانیان دەمرن.
رۆژنامەکە دەڵێت ئێمە داوا لە بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیشی دەکەین ئیسرائیل ناچاربکەن ئەو شەڕە سەخت و بێمانایەی کۆتایی پێبهێنێت، کە وەک وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەمی 2023ـدا دەستیپێکردووە، بەڵام هیچ پێوەرێکی ئاکارییانەی تێدا نەهێشتۆتەوە.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ: ترەمپ بەڵینیدا کۆتایی بە دوو شەڕ بهێنێت
لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا ترەمپ لە فلۆریدا دیدارێکی لەگەڵ بەخشەرەکانی دۆستی خۆیدا هەبوو، لەوێداقسەی بۆ ئەوکەسانە کرد، کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا پاڵپشتیی داراییان کردووە.
پێیگوتن، درێژەکێشانی شەڕی روسیا و ئۆکراین تووشی پەشۆکانی کردووە و خەویشی لێزڕاندووە. چونکە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کابرایەکی سەرسەختە و دانوستاندن کردن لەگەڵیدا قورسە.
هەروەها گوتی، شەڕەکەی کەرتی غەزەش قورسە، کۆتاییهێنان بە ئەویش ئاسان نییە، چونکە ئەوە یەک هەزار ساڵە ئەوان هەر شەڕدەکەن.
ئەودەمەی کە ترەمپ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجامدەدا بەڵێنیدا، ئەو دوو شەڕە هەردووکیان کۆتایی پێبهێنێت.
بەڵام سەد رۆژ بەسەر دەستەڵاتەکەیدا تێپەڕیکردووە و نەشیتوانیوە هیچ کام لە شەڕەکان کۆتایی پێبهێنێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان:
شەرقلئەوسەت: لەمێژوودا عێراق کەمئاویی واى بەخۆیەوە نەدیوە
خالد شەماڵ گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، هاوینى 2025 گەرمترین کات و کەمترین ئاو و زۆرترین ماندووکەر دەبێت بۆ عێراقییەکان هۆکارەکەشى پەیوەندی بە ئاسایشى نیشتمانى ئاوەوە هەیە، بەجۆرێک لە مێژووى عێراقدا کەمبوونەوەى ئاو بەم شێوەیە روینەداوە.
گوتیشى، 70%ـى ئاوى عێراق لە دەرەوەى سنوورەکانیەوە دێت و لە ئێستادا کەمتر 40% ـى دەگات، تورکیا بەردەوام بەنداو دروستدەکات، ئێران سەرقاڵی بەنداو و دروستکردنی رێڕەوى روبارەکانیەتى بۆ ئەوەى لەناوخۆی وڵاتەکەیدا سوودى لێوەرگرێت.
سەباح: کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان ئامادەیە لەوادەى خۆیدا هەڵبژاردن بەڕێوەببات
عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران جەختى کردەوە، رۆژى 11ـى تشرینى دووەمى 2025 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەڕێوەدەچێت و کۆمسیۆنەکەشیان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە.
گوتیشى، بەگوێرەى خشتەى جێبەجێکردنى پلانەکان هیچ کێشەیەک لەئارادا نییە، بۆ هەندێک لە بابەتەکان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان راوێژیانکردووە و لەبارەى ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیشەوە گوتى، لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەڵمانی تایبەت گرێبەستمان کردووە، لەبارەى بوونى چاودێریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش حەسەن سەلمان راوێژکاری یاسایی کۆمسیۆن رایگەیاند هەموو لایەنە یاساییەکانى ئەو بوارەیان تەواوکردووە.
زەمان : هەڵمەتى نیشتمانى بۆ پاراستنى قوتابیان لە مادەى هۆشبەر لەنێو قوتابخانەکان دەستپێدەکات
بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى پارێزگاى کەربەلا کۆنگرەیەکى تایبەتى سەبارەت بە هۆشیارکردنەوەى قوتابییان و خۆێندکاران بەڕێوەبرد و تیایدا 22 بەڕێوەبەری گشتى پەروەردەى پارێزگاکان و بەڕێڕوەبەرایەتى و بەرپرسانى پارێزگاکە و پارێزگاکانی دیکە بەشدارییان تێداکرد.
زیفاف حسێن تاڵەقانی بەڕێوەبەرى هۆبەى کاریگەرییە عەقڵییەکان لە پەروەردەى کەربەلاش رایگەیاند، بەشداریپێکردنى بەرپرسانى پەروەردەیی لە کۆنگرەکەدا ئەوەیە کە پرۆسەى پەروەردە لە مادەى هۆشبەر بپارێزرێت و رێگریی بکرێت لە بڵاوبوونەوەى لەنێو قوتابخانە و خێزانەکاندا.
حەیدەر مەجید گوتەبێژى تیمى راگەیاندنى حکومەت لە کۆنگرەکەدا گوتى هەزاران قوتابخانە دەخرێنە نێو پرۆگرامی ڕووبەڕووبوونەوەى مادەى هۆشبەر و لیژنەى تایبەتى بۆ دروستدەکرێت و لە ساڵی خوێندنى داهاتووەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردن.
عەرەب: هەموو شتێکى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەسەر لێوارێکى مەترسیدارە
ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانى نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتى پایتەختى سوڵتان نشینى عومان بەڕێوەدەچێت و لەلایەکەوە گەشبینى و لە لایەکی تریشەوە رەشبینى بەرۆکی هەمووانى گرتووە.
کەس نازانێت تاکەى ئێران مکوڕدەبێت لەسەر بەرنامەکانى و کەی ترەمپ و ئیسرائیلی دەست لە ئێران هەڵدەگرن و لەو نێوەندەدا رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کەوتووەتە سەر لێوارێک کە کەس نازانێت دەکەوێتە خوارەوە یان خۆی دەگرێتەوە.
رۆژنامەى عەرەب ئاماژە بەوەدەکات، دانوستانەکان بەخاویی بەڕێوەدەچن، بەڵام لە سێ گەڕی پێشوودا هەردوو لایەنى دانوستانکار گەشبین بوون و بەئەرێنی باسیان لێوەکردووە.
ئێرانییەکان باوەڕیان بە دانوستانەکان کەمبووەتەوە لەبەر ئەوەى تا دێت سزاکانی ئەمریکا توندتر دەبنەوە و ئەوەش گومانیان بۆ دروستدەکات کە ئەمریکا نیازى رێککەوتنى نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەوەتەى دانوستانەکان دەستیان پێکردووە هێزى دەریایی ئەمریکا لەناوچەکەدا زیادیانکردووە.
بەرپرسانى ئەمریکی رایانگەیاندووە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنێت ئەوا ئەمریکا پلانى دووەم بەکاردەهێنێت.