زووم…
رۆژێک دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی کۆنگرەی پەکەکە، سوپای تورکیا سنووری پارێزگای دهۆکی بۆردومان کرد و هەپەگەش لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، رۆژانی 7 بۆ 10ـی مانگ 545 هێرشی جۆراوجۆر لەلایەن سوپای تورکیاوە کراوەتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنیوز، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە سوپای تورکیا گوندەكانی سنووری بەری گارا لە سنووری ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك بۆردوومان كرد و تا ئێستاش زیانە گیانی و مادییەكانی نەزاندراوە.
هەروەها ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سوپای تورک لە ئاسمان و زەمینەوە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و 545 جار هێرشی جۆراوجۆری ئەنجامداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنی هەینی، پارتی کرێکارانی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە 12ـەهەمین کۆنگرەی خۆیان لەهەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجامداوەو لەکاتێکی نزیکدا ئەنجام و بڕیارەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.