زوومی کلتووری
ئاندریا لێرڤۆلینۆ، بەرهەمهێنەری ئیتاڵیایی، دەیەوێت فیلمێکی بیوگرافی پڕخەرج لە بارەی ژیانی ‘دۆناڵد ترەمپ’ بەرهەمبهێنێت.
بڕیارە فیلمەکە کۆتاییەکانی ئەمساڵ لە ئەمریکادا دەست بە وێنەگرتنی بکرێت و لە بازاڕی فێستیڤاڵی کاندا بۆ فرۆشتن نمایشبکرێت.
لێرڤۆلینۆ، ئامادەیە بۆ درووستکردنی ئەم پرۆژەیە، ١٠٠ ملیۆن دۆلار خەرجبکات.
بڵاوکراوەی دێدلاین ئاماژەی بەوەداوە، ئەم فیلمە لە چاو فیلمی’زە ئەپرێنتس کە لەلایەن عەلی عەباسییەوە دەرهێنانی بۆکرا و ‘سباستین ستان’ رۆڵی ترەمپی بەرجەستەکرد، مهیرەبانانەتر دەبێت.
لە فیلمەکەی عەباسیدا، ترەمپ وەک کەسێکی هەلپەرەست و دەستدرێژی کار پیشاندەدرێت، کە تازە هاتووەتە نێو دنیای بەرهەمهێنانی خانووبەرەوە.
کۆمپانیاکەی لێرڤۆلینۆ، دەڵێت: پرۆژەکە فیلمێکی بیۆگرافی گەورەیە، لە بارەی ژیان و میراتی دۆناڵد جەی ترەمپ، گەورە بازارگانی خانوبەرە، ئەستێرەی تەلەفزێۆن و ٤٥ـین و ٤٧ـمین سەرۆکی ئەمریکا.
تا ئێستا هیچ ئەکتەرێک بۆ ئەم فیلمە هەڵنەبژێردراوە و دیار نییە بۆ دروستکردنی فیلمەکە قسە لەگەڵ ترەمپ کراوە یان نا، لێرڤۆلینۆی بەرهەمهێنەریش دەڵێت: چی لەگەڵ سیاسەتەکانی ترەمپ بیت یا نا، ناتوانیت کاریگەرییەکانی لەسەر سەردەمی مۆدێرن نادیدە بگرین، من وەک بەرهەمهێنەرێک فراوانتر و قوڵتر سەیری چارەنووسی ئەم پیاوە دەکەم.
لێرڤۆلینۆ، تا ئێستا بەرهەمهێنانی بۆ چەندین فیلمی بیۆگرافی کردووە، دیارترینیان فیلمی ‘فێراری’ و فیلمی لامبەرگینی’ و فیلمی ‘مازێراتی’ـیە.