راهێنەرى بەرشەلۆنە پێیوایە لە بارودۆخێکى باشدان و تەنیا سەرنجیان لەسەر کلاسیکۆى سبەینێیە.
هانسى فلیکى راهێنەرى بەرشەلۆنە لە کۆنفرانسى رۆژنامەنوسى تایبەت بە کلاسیکۆى سبەینێ لە هەفتەى 35ى لالیگا ئاماژەى بەوەکرد، دۆڕاندنەکەیان بە ئینتەر میلان راستە ئاسان نەبووە، بەڵام ئێستا لە دۆخێکى باشدان، لەو بارەیەوە قسەیان کردووە لەسەر ئەوەى دەیانەوێت بکەن لە دوو هەفتەى داهاتوودا.
لە بارەى کلاسیکۆوە فلیک گوتى: هێشتا چوار یاریمان لەبەردەمدایە، بەدڵنیاییەوە کلاسیکۆى سبەینێ زۆر گرنگە بۆمان، یاریزانەکان لە بارودۆخێکى زۆر باشدان، دەماوێت چالاکبین، بە چرییەوە لە یاریگادا یارى بکەین، دەزانین ریاڵ مەدرید تیپێکى زۆر باشە، بەڵام لە یاریگاى خۆماندا یارى دەکەین و هاندەرانمان لەگەڵدایە.
باسى لەوەشکرد، ریاڵ مەدرید ئارەزووى بردنەوە دەکات هەروەها ئەوانیش، دووپاتیشیکردەوە ریزبەندى لالیگا گرنگ نییە بەلایانەوە، بردنەوەیان دەوێت و بەو ئەقڵیەتەوە دەچینە یاریگا، سەرنجیان تەنیا لەسەر کلاسیکۆیە.
ئاشکراشیکرد، پێشبینى ئەوە ناکات لیڤا و باڵدى بە سەرەکى یارى بکەن لە ئێستادا، بەڵام بەشداریکردنیان وەک یەدەگ لە تایمى دووەم ئەگەرى هەیە.
لە کۆتاییدا باسى لە لالیگا کرد و گوتى: نازناوى لالیگا نازناوێکى زۆر دادپەروەرانەیە، پێویستە 38 یارى بکەیت، ئەگەر بگەیتە دوایین یارى و نازناوەکە بەدەستبهێنیت، ئەوا دادپەروەرانەترین نازناوە.