ئەمڕۆ راهێنەرى نوێى هەڵبژاردەى عێراق بە راگەیاندنەکان دەناسێنرێت و یەکەم یاریشى بەرامبەر کۆریاى باشور دەبێت.
ئەحمەد موسەوى وتەبێژى یەکێتى تۆپى پێى عێراق رایگەیاند، کاتژمێر پێنجى ئێوارەى ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسییدا، ئەبراهام ئارنۆڵدى ئوسترالى وەک راهێنەرى نوێى هەڵبژاردەى عێراق بە هاندەران و راگەیاندنەکان دەناسێنیت.
ئەمەش دواى ئەوەى لە ماوەى رابردوودا رێککەوتن لەگەڵ ئارنۆڵد کرا و دوێنێ هەینى گەیشتە بەغدادى پایتەختى عێراق بۆ جێگرتنەوەى خیسۆس کاساسى ئیسپانى، کە ئەم مانگى رابردوو لە پۆستەکەى دوورخرایەوە.
ئارنۆڵدى 61 ساڵ راهێنەرایەتى عێراق دەکات بەرامبەر هەڵبژاردەکانى کۆریاى باشور و ئوردن لە دوایین دوو گەڕى کۆتایى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى جامى جیهانى 2026، کە بەدواییەکدا لە پێنج و 10ى حوزەیرانى داهاتوو بەڕێوەدەچن.
ئارنۆڵد یەکەم ئوسترالى و 28هەمین راهێنەرى بیانییە راهێنەرایەتى هەڵبژاردەى عێراق بکات، لەو کاتەوەى یەکەم هەڵبژاردەى عێراق پێکهێنراوە، کە 82 ساڵ پێش ئێستا دەکات.
ئارنۆڵد لە 2018 بۆ 2024 راهێنەرى هەڵبژاردەى ئوسترالیا بووە، پێشتریش راهێنەرایەتى یانەکانى سەنترال کوست مارینرز و سیدنى ئێف سى کردووە.
عێراق هەوڵ دەدات بۆ دووەم جار سەرکەوتن بۆ دوایین یارییەکانى مۆندیال بەدەستبهێنێت، کە یەکەم جاریان لە مۆندیالى 1986ى مەکسیکدا بووە.
لە ئێستادا عێراق لە پلەى سێیەمى کۆمەڵەکەیدایە و بەجیاوازى چوار خاڵ لە دواى کۆریاى باشورى پێشەنگ و بەجیاوازى خاڵێک لە دواى ئۆردنى پلەى دووەمەوەیە.