زووم..
یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا کە ژنێکی تەمەن 45 ساڵە.
وەزارەتی تەندروستی لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوو حاڵەتی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون لەسنووری دهۆک هەبوون و دوای هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و پشکنینیان لە دوو رۆژی رابردوودا، دوای پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان حاڵەتێکیان وەک دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تووشبووەکە دانیشتووی ناحیەی شیلادزێ بووە، تەمەنی 45 ساڵ و ژنی ماڵ بووە و خاوەن و بەرکەوتەی ئاژەڵە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەر بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە گیانی لەدەستدا.
داواش لە هاووڵاتیان دەکات پابەندی جێبەجێکردنی رێنماییەکان بن و لەکاتی هەبوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێتەرنەری ئاگاداربکەنەوە.
لای خۆیەوە، سەگڤان دۆسکی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازای لە دهۆک بەزوومی گوت، لەئێستادا هیچ حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکەدا نییە.
ئەمە دووەم حاڵەتە کە لە هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێت، سێی ئەم مانگە یەکەم حاڵەت لە کۆیە بوو، کە کەسێکی تەمەن 42 ساڵ و پیشەی گۆشتفرۆشی بوو.