زووم…
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق داواکاری چەند پەرلەمانتارێکی عێراقی رەتکردەوە کە تانەیان لە یاساییبوونی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دابوو.
دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی لە شەشی ئایاردا ئەنجامدراوە و شەوی رابردوو ئەنجامەکەی بڵاوکرایەوە کە دادگاکە رەتیکردووەتەوە فەرمان بۆ راگرتنی رێکارەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەربکات، چونکە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە سەرجەم رێکارە یاساییەکانی تەواوکراوە و لە رۆژنامەی وەقائعی عێراق بڵاوکراوەتەوە.
سەبارەت بەم پرسە، چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە، دوای بەدواداچوونیان، دادوەرێکی دادگاکە پێی راگەیاندوون، ئەو سکاڵایەی لەلایەن پێنج پەرلەمانتارەوە تۆمارکراوە لەسەر راگرتنی رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە رەتکراوەتەوە.
رۆژی 14ـی نیسان پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسەندکرد، 29ـی مانگی رابردووش، سەرۆککۆمار یاسای بەپارێزگاکردنەکەی واژۆکرد، هاوکات دووشەممەی رابردووش یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە رۆژنامەی وەقائع بڵاوکرایەوە، بەوەش جێبەجێکردنی یاساکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.