زووم..
ئەمڕۆ فشارەکانی یەکێتی لەسەر حزبەکانی رۆژهەڵات بۆ گواستنەوەیان بۆ کەمپی سورداش جێبەجێ دەکرێت و کاروانێکی دیکەی ئەندام و لایەنگرانی هەر سێ کۆمەڵەکە رەوانەی کەمپەکە دەکرێت.
دوو سەرچاوە لە کۆمەڵەکان بە زوومیان گوت، ئەو مۆڵەتەی یەکێتی بە حزبەکانی رۆژهەڵات (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)ـیان دابوو بۆ جێهێشتنی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە کۆتاییهات و کاروانێکی دیکەی هەر سێ کۆمەڵەکە رەوانەی کەمپی سورداش دەکەن.
بە گوتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک بارهەڵگر رەوانەی هەرسێ شوێنەکەی کۆمەڵە کراوە لە زرگوێزەکان و بارەکانیان بارکردوە و چاوەڕوانن بیگوازنەوە بۆ کەمپی سورداش.
کۆتایی مانگی رابردوو ئاسایشی سلێمانی مۆڵەتی 10 رۆژی بە کۆمەڵەکانی رۆژهەڵات لە زڕگوێز دابوو بۆ ئەوەی تەواوی خێزان و لایەنگرانیان بچنە کەمپی سورداش.