رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سبەى گەڕی چوارەمی دانوستانەکانى ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکاتەوە
بیهروز کەمالوەندى گوتەبێژى وزەى ئەتۆمی ئێران بە میدیاى فەرمی وڵاتەکەى راگەیاند، ئێران تاکە وڵاتێک نییە کە چەکی ئەتۆمی نەبێت بەڵام یۆرانیۆم بپیتێنت.
گوتەکانى کەمالوەندی لە وەڵامی مارکۆ رۆبێۆى وەزیری دەرەوەى ئەمریکادابوو کە گوتبووى، بەڵێ ئێران چەکى ئەتۆمی نییە بەڵام یۆرانیۆم دەپیتێنێت.
گوتەبێژى وزەى ئەتۆمی ئێران گوتی، بەلجیکا، هۆڵەندا، کۆریاى باشوور، ژاپۆن، ئەرجەنتین و ئەڵمانیا یۆرانیۆم دەپیتێنن و کێشەیان بۆ دروستناکەن بۆیە دەبێت بەرپرسانى ئەمریکی کاتێک لێدوان دەدەن وریابن و بزانن چیدەڵێن.
ئاژانسی تەسنیمى ئێرانى لەسەر زارى ئەندامێکى لیژنەى دانوستانکاری ئێرانەوە رایگەیاندووە، سبەی گەڕی چوارەم لە عومان بە ناراستەوخۆ دەستپێدەکاتەوە، ئاماژەى بەوەشکردووە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەى ئێران ئەمرۆ شەممە سەردانى قەتەر و سعودییە دەکات و چاوى بەگەورە بەرپرسان دەکەوێت و دواتر دەچێتە عومان و کۆبوونەوە ناڕاستەوخۆکە ئەنجام دەدەن.

عەرەب
پاسپۆرتە دبلۆماسییەکانى عێراق کێشەى ناوەتەوە
عەبدولئەمیر شمەریی وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە دادگاى فیدراڵی سکاڵایەکى تۆمارکردووە بە مەبەستى رێگریی کردن لە جیێبەجێکردنى هەموارى یاساى پێدانى پاسپۆرت بۆ کەس و کارى پلە باڵاکان بە بێ هیچ مەرج و سنووردارکرندێک.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە هەموارکردنەوەى بڕگەکە هەموارکراوەکەدا هاتووە کەس و کارى بەرپرسانى پلەباڵای عێراق مافى وەرگرتنى پاسپۆرتى دبلۆماسییان پێدەدرێت بە بێ هیچ مەرج و ژمارەیەک، پێشتر تەنها بۆ 14 کەس لە کەس و کاریان دەکرا.
ئاماژەى بەوەشکردووە، یاساکە لەسەرەتاى ئەمساڵەوە هەموارکراوەتەوە، وەزیری ناوخۆ داواى لە دادگاى باڵاکردووە بڕگەکە بە نایاسایی هەژماربکات و رێگری لە جێبەجێکردنى بکات.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە بریارە رۆژى 24ـى حوزەیرانى داهاتوو دادگا یەکەم دادبینى ئەنجام بدات.
لە ئێستادا دادگاى فیدراڵی بڕیاری کارپێکردنى بڕگەکەى راگرتووە تا ئەو کاتەى دادگاکەیان کێشەکە یەکلایی دەکاتەوە.
لە راپۆرتەکەی رۆژنەمەی عەرەبدا ئەوەش هاتووە، بەرپرسانى باڵای عێراق بەردەوام لە کێبەرکێی وەرگرتنى ئیمتیازاتى جۆراوجۆردان بۆ پارتەکانیان و لە هەمان کاتیشدا وەرگرتنى ئیمتیازاتى جۆراوجۆر بۆ خێزانەکانیان، بەتایبەتى ئەوانەیان کە لەنێو وەزارەتى دەرەوەدا پلەوپۆستێکیان هەیە.

قودسى عەرەبی
ترس لە کۆتایهاتنى مانگی هەنگوینى ئیسرائیل و ئەمریکا تەلئەبیبی نیگەرانکردووە
پرۆفیسۆر ئەفرهام بن تسفى، پسپۆڕی ستراتیژیی ئیسرئیل لە تۆڕێ ئێکس نوسیویەتى ئایا پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەو کاڵبوونەوە نەچوون و تایبەتمەندییەکانى خۆی لەدەست نەداوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەمە دەرخەرى ئەو راستیەیە کە پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە لە سایەى سیاسەتەکانى بنیامین نەتانیاهۆوە بەرەو ساردربوونەوە دەچێت.
ئاژانسى رۆیتەرز لەسەر زارى دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ مەرجی ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان سعودیە و ئیسرائیلى لابردووە، بۆ ئەوەى یەکەمیان دەست بە سەرەتاکانى پرۆژە ئەتۆمییە مەدەنییەکەى بکات، ترسى تەلئەبیبیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت بڕیاربوو دوێنى ئێوارە وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەسەردانێک بچێتە تەلئەبیب بەڵام لەناکاو گەشتەکەى هەڵوەشاندەوە.

زەمان
دەیان دۆنم دانەوێڵە سوتا و جووتیاران سکاڵایان تۆمارکرد
بەهۆی شۆرتێکى کارەباوە لە پارێزگاى دیوانیەى عێراق دەیان دۆنم دانەوێڵە بوونە قەرەبرووت و رەنجی ساڵێکى جووتیارانى کردە سوتماک.
لە پارێزگاکانى بەسرەو دیالەش ئاگر کەوتەوەو زیانی بەو جووتیارانى سنورەکە گەیاندووەترسی کەوتنەوەى ئاگریش لە وەرزی پێگەشتن و دروێنەدا زیاتری کردووە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، جوتیارەکانى دیوانیە سکاڵاى یاساییان لەسەر بەڕێوەبەرایەتى کارەباى پارێزگاکەیان تۆمارکردووە لەبەر ئەوەى بەشێوەیەکى زانستیانە هێڵەکانى کارەبایان رانەکێشاوە و بوونەتە مایەى زیان بۆیان.
ماوەیەکە وەرزی دروێنەى پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق و هەندێک لە ناوچەکانی کەرکوک و دیالە دەستى پێکردووە و ترسى جووتیارانی لەوەیە رەنجی ساڵێکیان بسوتێت.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
نانەواخانەکانی کرماشان و ناڕازیین
نانەواخانەکانی شاری کرماشان، کە ژمارەیان نزیکەی هەزار و 200 نانەواخانەیە رووبەرووی کێشەی جدی بوونەتەوە و لەم دواییانەدا بە کۆبوونەوەیەکی هێمنانە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.
کێشە سەرەکییەکان بریتی بوون لە، پچرانی رۆژانەی کارەبا بۆ ماوەی دوو سەعات، کە هەویرەکەیان تێکدەدات و دەبێت فڕێ بدرێت.
هەروەها، پشکی ئاردی رۆژانەیان کەمە، تەنها حەوت بۆ 10 کیسە بە تێکرا.
نانەواکان ناتوانن مۆلیدەی کارەبا بکڕن، چونکە نرخەکەی زۆر بەرزە و قازانجی نانەواخانەکان کەمە.
یەکێکی دیکە لە کێشەکان، نرخی کەمی نانە بە بەراورد لەگەڵ تێچووی بەرزبوونەوەی کرێکار و بیمە و کرێی دوکان.
زۆرێک لە نانەواکان بەهۆی نەبوونی قازانج یان زیانکردن، نانەواخانەیان داخستووە.

خوب
کەمتر لە 2%ـی کارەبای ئێران لە وزەی ئەتۆمی دابین دەکرێت
لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان وزەی ئەتۆمی وەک سەرچاوەیەکی پاکی کارەبا بەکاردەهێنن، بەشی ئەم وزەیە لە بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران زۆر کەمە و تەنها 1.7% پێکدەهێنێت.
تێکرا لە جیهاندا نزیکەی 9٪ و لە وڵاتانی وەک فەرەنسا زیاتر لە 60%ـی کارەبا لە وزەی ئەتۆمی بەرهەم دەهێنرێت.
ئێران تەنها یەک وێستگەی ئەتۆمی کارای هەیە لە بوشەهر. هۆکارەکانی ئەم کەمییە بریتین لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، تێچووی زۆری دروستکردن، نەبوونی پلانی درێژخایەن، پشتبەستنی زۆر بە گازی سروشتی، کێشە ئابوورییەکان و فشارە سیاسی و ئەمنییەکان.
بۆ زیادکردنی بەشی وزەی ئەتۆمی، ئێران پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای خۆماڵی و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە هەیە.

ئیعتماد
وەزارەتی کشتوکاڵ ناتوانێت فرەچەشنی ژینگەیی بپارێزێت
وەزارەتی کشتوکاڵ لە ئێران بەرپرسیارە لە دابینکردنی خۆراک لە رێگەی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە.
بەڵام چالاکییەکانی کشتوکاڵ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڕەشە لەسەر فرەچەشنی زیندەیی.
پسپۆران دەڵێن چاودێریکردنی پاراستنی جۆرە جیاوازەکانی زیندەوەران نابێت بە دەست وەزارەتێک بێت کە ئەرکی سەرەکییەکەی لەگەڵ پاراستنەکەدا ناکۆکە.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەرپرسیارێتی ئەم بابەتە خراوەتە سەر وەزارەتەکانی ژینگە.
دەبێت رێکخراوی پاراستنی ژینگە بەرپرسیار بێت لە پاراستی فرەچەشنیی ژینگەیی، چونکە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم رێکخراوە وەک پاراستنی جۆرەکان و ژینگەکان و نیشتەجێبوونە سروشتییەکان لەگەڵ ئامانجەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ جیاوازە.

جامی جەم
جگەرەکێشانی دایک و باوک مەترسییە لەسەر منداڵەکانیان
عەلی جەواد موسەوی، ئەندامی کۆمەڵەی سییەکانی ئێران، هۆشداریدا لەسەر مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئاسم یان ئەزما لە منداڵاندا، بە تایبەت ئەوانەی دایک و باوکیان ماددەی هۆشبەر، نێرگەلە یان جگەرە بەکاردەهێنن.
هەروەها، منداڵانی خوار دوو ساڵ کە تووشی هەوکردنی سییەکان دەبن، ئەگەری تووشبوونیان بە ئاسم زیاترە.
بوونی مایکرۆپلاستیک لە هەوای شارەکاندا هۆکارێکی دیکەیە. نزیکەی 250 ملیۆن کەس لە جیهاندا نەخۆشی ئاسمیان هەیە و ساڵانە 450 هەزار کەس بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
سەرکردەکانی ئەوروپا دەچنە کیێڤ کار لەسەر ئاگربەستی 30 رۆژی دەکەن
سێر کێیە ستامەر لەنێوانی ئەو سەرکردانەی ئەوروپادایە، کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە بچنە کیێڤی پیاتەختی ئۆکراین و پێکەوە کارێکی هاوبەش بکەن بۆئەوەی بتوانن ئاگربەستێکی 30 رۆژە بهێننە ئاراوە.
لە چەند رۆژی رابوردوودا وەک ئاهەنگگێڕانی روسیا بەبۆنەی سەرکەوتنیەوە بەسەر ئەڵمانیادا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، تاکلایەنانە ئاگربەستیان بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاند.
ئیدارەی کیێڤ بە گومانەوە لەو بڕیارەی پوتینیان رووانی و داوایان کرد بە گوێرەی پرۆژە پێشنیازکراوەکەی ئەمریکا ئاگربەست بۆ ماوەی 30 رۆژ بێت نەک سێ رۆژ.
ئەمڕۆ سەرکردەکانی ئەوروپا دەچنە کیێڤ، گفتوگۆ لەسەر هەر ئەگەرێک دەکەن، کە بتوانرێت ئاگربەستی 30 رۆژە رابگەیەندرێت.

فاینەنشیەڵ تایمز
لیۆی چواردەهەم یەکەم هەنگاوینا
پاپا لیۆی چواردەهەم لە وێنەیەکدا دەردەکەوێتکە هۆڵی کڵێسای سیستینی ناو ڤاتیکان بەجێدەهێڵێت، ئەمە یەکەمین رۆژی پاپایە، دەبێت بە رۆژێکی پڕ لە کار و چالاکی.
267 پاپای جیهانە، لە دوێنێوە بووە بە پاپای کڵێسای کاسۆلیکی. ناوی پێشووی پاپا بریتییە لە رۆبەرت پریڤۆست بووە، پاپای ئەمریکایە و لە جیهانێکی پڕ لە ئاڵۆزیدا پۆستی پاپای کڵێسای کاسۆلیکیی وەرگرت.
ئیندیپێندەنت
ستامەر دەڵێ من بە شێوازی خۆم توانیم رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ترەمپدا ئیمزابکەم
کاتێکی درەنگی شەوی رابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوانی ستامەر و دۆناڵد ترەمپ ئیمزاکردنی پرۆتۆکۆلێکی بازرگانیی گەورەی لێکەوتەوە.
وڵاتانی ئەوروپا سەریان سووڕماوە دەڵێن، بەریتانیا چۆن وا بە خێرایی توانیی ببێت بە هاوبەشێکی بازرگانیی جدی لەگەڵ ئەمریکادا.
ستامەر دەڵێ، بوونی پەیوەندییەکی دۆستایەتیی باش لە نێوانی خۆی و دۆناڵد ترەمپدا وایکرد ئەو پرۆژەی ئیمزاکردنی رێککەوتنە بازرگانییە بەباشی بچێتە پێشەوە.
ئیندیپێندەنت لەسەر ئەم باسە دیدارێکی لەگەڵ ستامەردائەنجامداوە. ستامەر هۆکاری رێکەوتنە گەورەکەی نێوانی وڵاتەکەی خۆی و ئەمریکای بردۆتەوەسەر پەیوەندییە کەسییەکانی خۆی لەگەڵ ترەمپدا.
عەرەب نیوز
شەڕی نێوانی پاکستان و هیندستان گەیشتوە بە تۆپهاویشتن
بەرەی شەڕی نێوانی هیند و پاکستان گەرم بوو، لە سنووری کشمیردا، هەردوولا بە تۆپهاویشتن یەکترییان بۆردوومان کرد.
سێ رۆژ بەسەر دەستپێکردنیدا تێپەڕدەبێت و بارودۆخەکان بەرەو قورستربوون ملدەنێن.
لە کشمیری هیندیدا دوو کەسی دیکە کوژران، بەمەش ژمارەی مەدەنییە کوژراوەکان لە رۆژی چوارشەممەوە گەشتووە بە 18 کەس.
حکومەتی پاکستان دەڵێ، هیندستان 17 کەسی مەدەنییان لەناو پاکستانییەکاندا کوشتووە.
کوشتنی چەند گەشتیارێکی هیندی لە سنوری کشیمیری هیندیدا شەڕ و ئاڵۆزیی نێوانی ئەم دوو وڵاتە ئاسیاییەی تووندتر کردوەتەوە.