زووم..
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ترەمپ لە رێگەی نامە و قسەکانییەوە داوای لە ئێران کردووە بە بێ مەرج ئەو داواکارییانە قبوڵ بکات کە خۆی دیاری کردوون و دەیویست وەک فەرمانێک ئەو مەرجانە بە ئێران رابگەیەنێت.
محەمەد باقر قالیباف جەختی کردەوە، کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا ئەم داواکارییەی ترەمپی رەتکردووەتەوە.
گوتیشی: ئێمە ئەو جۆرە زەلیلییە قبوڵ ناکەین. رێبەر ئەمەی قبوڵ نەکرد و گوتی شەرەفمەندانە نییە و ئێمە ئەم کارە ناکەین.
ئاماژەی بەوەشدا، هۆکاری ئەنجامدانی دانوستانەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە ئێستادا ئەوەیە کە ئەو ترەمپە زلهێزە لە هەموو قسەکانی کە لەسەر بنەمای زۆرداری بوون، پاشەکشەی کرد.
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە پرسی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و چارەنووسی رێککەوتنی ئەتۆمی هەمیشە یەکێک بووە لە پرسە هەستیار و گرنگەکان لە سیاسەتی ناوخۆیی ئێراندا.