زووم..
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، داهاتی گومرگی عێراق لەدوای جێبەجێكردنی سیستمی ئۆتۆماتیكی گومرگ، بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوت، داهاتی گومرگ بەر لە جێبەجێكردنی سیستمی “ئەسیكودا”، 375 ملیار و 675 ملیۆن دینار بووە، بەڵام دوای جێبەجێكردنی سیستەمەكە، بە شێوەیەكی بەرچاو رێژەى داهاتەکە بەرزبووەتەوە و گەیشتۆتە 435 ملیار و 675 ملیۆن دینار،بەم پێیە، داهاتەکە 59 ملیار دینار زیادیكردووە.
وەزیری دارایی عێراق دەشڵێت، دەستەی گشتی گومرگ لە 15 ناوەندی گومرگیدا، سیستمی “ئەسیكودا” جێبەجێ دەكات، دەستیشی كردووە بە جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی سیستەمەكە.
هەشت ناوەندی گومرگی دیكە کە هێشتا سیستمەکەیان جێبەجێ نەکردووە، لە ماوەی دوو ساڵدا دەبێت سیستمەکە جێبەجێ بکەن، بەوەش چاوەڕێ دەکرێت داهاتی گومرگی زیاتر بەرزببێتەوە.