بایەر لیڤەرکوزن رۆیشتنى ئەلۆنسۆى راگەیاند و راهێنەرەکەش لە کۆنفرانسێکدا هەواڵەکەى پشتراستکردەوە.
یانەى بایەر لیڤەرکوزنى ئەڵمانى رایگەیاند، چاپى ئەلۆنسۆى راهێنەر لە کۆتایى ئەم وەرزە یانەکە بەجێدەهێڵێت.
لیڤەرکوزن روونیکردەوە، دواى زیاتر لە دوو ساڵ و نیو پێکەوەبوون، لەگەڵ ئەلۆنسۆ لەیەک جیادەبنەوە و گوتى: پابەندى خواستى ئەلۆنسۆ بووین بە هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەى نێوانمان، کە هاوینى 2026 کۆتایى دەهات.
باسى لەوەشکردووە، دواى ئەم وەرزە راهێنەرێکى نوێ بۆ جێگەى ئەلۆنسۆ رادەگەیەنن، کە لەگەڵ راهێنەرە ئیسپانیەکەدا توانییان نازناوى خول و جامى سوپەرى ئەڵمانیا بەدەستبهێنن.
هاوکات ئەلۆنسۆ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا دووپاتیکردەوە، لەگەڵ یانەکە رێککەوتوون ئەمە دوایین دوو یارى بێت لە یانەکەدا.
لە بارەى داهاتووشیەوە گووتى: ئێستا کاتێکى گونجاو نییە بۆ قسەکردن لەسەر داهاتوو، دەمەوێت یەکشەممە ماڵئاواییەکى جوان بکەم.
بەگوێرەى سەرجەم سەرچاوەکان ئەلۆنسۆ لە کۆتایى ئەم وەرزەدا دەبێت بە راهێنەرى ریاڵ مەدرید و جێگەى کارلۆ ئەنچیلۆتى دەگرێتەوە، کە ئەم کۆتایى وەرز ریاڵ مەدرید بەجێدەهێڵێت و ئەگەر هەیە ببێت بە راهێنەرى هەڵبژاردەى بەڕازیل، وەک راگەیاندنەکان ئاماژەى پێدەکەن.