زووم..
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان گوت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوور لە چاوی میدیاکان، رۆن دیرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیلی بینیوە و گفتوگۆیان لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران و جەنگی غەزە کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، کۆبوونەوەکە دوو رۆژ دوای ئەوە دێت، ترەمپ بە شێوەیەکی لەناکاو ئاگربەستی لەگەڵ حوسییەکان راگەیاند. بەرپرسێکی ئیسرائیلی لەوبارەیەوە بە ئەکسیۆسی گوتووە، تووشی شۆک بوون چونکە ئیدارەی ترەمپ لە هیچ شتێک ئاگاداری نەکردوونەتەوە و هەواڵەکەیان لە تەلەڤزیۆنەوە زانیوە.
رۆن دیرمەر بە نزیکایەتییەکەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناسراوە، جیاوازی ئەم کۆبوونەوەیە ئەوەیە بە گشتی سەرۆکەکان تەنها لەگەڵ هاوتاکانیان دادەنیشن، بە دەگمەن رووبدات سەرۆکێک چاوی بە بەرپرسانی دیکە بکەوێت جگە لە سەرۆک.