زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: مەترسیی رووبەڕووبوونەوەى فراوان لە هندستان و پاکستان دەکرێت
هندستان و پاکستان یەکتری تۆمەتبار دەکەن بەو هێرشانەى لە رێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە لە 24 کاتژمێری رابردوودا کردویانەت سەر یەکتر.
هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر، ترسی لای کۆمەڵی نێودەوڵەتى دروستکردووە ببێتە هێرشی بەرفراوان و هەڵاوسانى جەنگێکی بێ ئامان لەنێوان ئەو دوو ووڵاتەدا کە خاوەنى چەکی ئەتۆمن.
قودسی عەرەبی: قەتەر مووچەى مووچەخۆرانى سوریا دابین دەکات
محەمەد بەرنیه، وەزیری دارایی سوریا رایگەیاند، قەتەر بەشێک لە مووچەى مووچەخۆرانى سووریای دابین کردووە، وەزارتى گەنجینەکانى ئەمریکاش هەندێک لە سزاکانى سەر سوریای هەڵاوێرد کردووە بە مەبەستى کارئاسانیی زیاتر بۆ خستنە سەرپێی ئابووریی ووڵاتەکە.
بەرنیە بە ئاژانسی سانای سوریای گوتووە، سوپاسی قەتەر دەکەین کە بۆ ماوەى سێ مانگ، 29 ملیۆن دۆلاری وەک بەشێک لە دابینکردنى مووچەى مووچەخۆرانى سوریا ناردووە، ماوەی ناردنى هاوکارییەکەش شایانى درێژکردنەوەیە.
عەرەبی جەدید: حووسییەکان دەڵێن، بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنى غەزە
رابەری ئەنساروڵای حوسییەکان دەڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر پشتیوانیکردنى غەزە دژی ئەو جەنگەى ساڵێک و حەوت مانگە دژیان بەرپا بووە.
عەبدول مەلیک حووسی، دوو رۆژ دوای لێدوانەکەى دۆناڵد ترەمپ کە گوتبووی حووسییەکان دەستبەرداربوون و هێرشەکانیان رادەگرن، دەڵێت ئەوان بە هیچ شێوەیەک ساردنەبوونەتە لە پاڵپشتیکردنى غەزە و ئەو جەنگەى لە دژی هەڵاوساوە.
گووتەکانى رابەری گشتیی حووسییەکان هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەکانى ئیسرائیل بۆ سەریان.
جەریدە: ئیسرائیل هەڕەشە لە ئێران دەکات
سەرەڕای ئەو هەواڵە دزەپێکراوانەى لە ئەمریکا باس لە پێشەوەچوونى گفتوگۆ و دانوستانەکانى نێوان واشنتن و تاران دەکات، ئیسرائیل لەلایەکى دیکەوە هەڕەشە
لە تاران دەکات بیگەیەنێتە هەمان چارەنووسی حزبوڵا و بەشار ئەسەدى سەرۆکى رژێمی پێشووی سوریا.
یسرایل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری توند دەداتە تاران، کە شێوازی جەنگی بە وەکالەت دواییهات، ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە پشتیوانى حووسییەکان و ئەو گرووپانەى دژی ئیسرائیل دەیانجوڵێنێت، ئەوا چیمان بە حزبوڵای لوبنان و حەماس لە غەزە و ئەسەد لە دیمەشق کرد، هەمان چارەنووس چاوەڕێی تارانیش دەکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیاڵ تایمز: بیل گەیتس دەڵێت، ئیلۆن مەسک بە بەرنامەی بۆشایی ئاسمان منداڵان دەکوژێت
بیل گەیتس، ملیاردێر و دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، ئیلۆن مەسکی تۆمەتبار کرد بە کەمکردنەوەی پشتیوانی بۆ بەرنامەکانی هاوکاری و گوتی ئەم بڕیارانە هۆکاری مردنی هەژارترین منداڵانی جیهانن.
بیل گەیتس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز رایگەیاندووە، کە گرنگیدانی مەسک بە پڕۆژەکانی بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیا سەرچاوە داراییە بەرچاوەکانی لە تەندروستی و پەروەردە لە وڵاتە هەژارەکاندا لاداوە.
گەیتس ئاماژەی بەوەش کردووە، کاریگەریی ئیلۆن مەسک بووەتە هۆی بڕینی نزیکەی تەواوەتی بودجەی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کە مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان منداڵی پێویست دروست دەکەن. ململانێکان کاتێک پەرەیسەند کە مەسک رەتیکردەوە بەشداری لە بەرنامە خێرخوازییەکانی گەیتس بکات و پشتگوێی خست.
گاردیەن: پەرلەمانتارانی کرێکاران هەڕەشەی یاخیبوون دژی حکومەت دەکەن
زیاتر لە 40 پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی بەریتانیا هەڕەشەی یاخیبوون
لە حکومەت دەکەن ئەگەر پلانی کەمکردنەوەی یارمەتی کەمئەندامان جێبەجێ بکرێت.
ئەوان بڕینەکانی یارمەتییەکان بۆ کەمئەندامان بە نادادپەروەرانە ناوبردووە و داوای راگرتن و پێچەوانەکردنەوەیان کردووە.
پلانەکە سنوورێکی نوێی بۆ وەرگرتنی یارمەتی سەربەخۆیی کەسی بۆ پاشەکەوتکردنی پێنج ملیار پاوەند لەخۆدەگرێت بە کەمکردنەوەیان وەستاندنی یارمەتییەکان بۆ ئەو کەسانەی ناکارامە و کەمئەندامن.
ئەم کارانە نیگەرانییەکی بەرفراوانی پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوە و رەنگە گەورەترین یاخیبوونی پەرلەمانی لەماوەی سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا بێت.
ساوت چین: زانایان ڤاکسینی ئەنفلوانزای بێ دەرزییان دروستکرد
زانایان لە هۆنگ کۆنگ پێشکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا لە دروستکردنی ڤاکسینی ئەنفلۆنزای بێ دەرزی.
ئەم ڤاکسینە نوێیە بەرگریی بەهێزتر لە ڤاکسینەکانی ئێستا دابین دەکات و پێویستی بە دەرزی ساڵانە نییە.
توێژەرانی زانکۆی هۆنگ کۆنگ دوو رێگەی نوێیان داڕشتووە: یەکێکیان بەکارهێنانی پرۆتینی رووکاری ڤایرۆسەکان بۆ هاندانی بەرهەمهێنانی دژەتەن لە جەستەی مرۆڤدا، ئەوی دیکەیان بە گۆڕینی کۆدی بۆماوەیی ڤایرۆسەکە بۆ رێگری لە تووشبوون بە نەخۆشی.
تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کە مشکە کوتراوەکان لەسەدا سەد بەرگرییان هەیە بەرامبەر بە جۆرە جیاوازەکانی ئەنفلۆنزا و ئەم دەستکەوتە دەتوانێت رێگە خۆش بکات بۆ ڤاکسینی کاریگەر و بێ دەرزی کە کاریگەریی لاوەکی کەمتری هەبێت دژی پەتاکان.
رۆژنامەی تایمز: یەکەم پاپای ئەمریکی بەڵێنی دروستکردنی پردەکان دەدات
رۆبێرت پریڤۆست، قەشەی ئەمریکی تەمەن 69 ساڵ، وەک یەکەم پاپای ئەمریکی هەڵبژێردرا و ناوی لیۆی چواردەهەمی وەرگرت.
هەڵبژاردنەکە دوای تەنها چوار خولی دەنگدان لە ڤاتیکان هات و بە سۆزەوە گەیشتە گۆڕەپانی سانت پیتەر.
هەڵبژاردنی کاردیناڵەکان بۆ کەسێکی ئەمریکی کە بەزۆری خۆیان لێی بەدوور دەگرن، بەهۆی دوو دەیە خزمەتکردنی ئەم قەشە ئەمریکییە و توانای نوێنەرایەتیکردنی هەموو خەڵک بووە. لە شیکاگۆ لەدایکبووە و رەگ و ریشەی ئەوروپییە، وەک پردێک لەنێوان لیبراڵ و کۆنەپەرستان و لایەنگری کۆچبەران ناسراوە.
هەروەها سەرۆک ترەمپ پیرۆزبایی لێکرد و داوای کرد بە زووترین کات دانیشتنی لەگەڵ بکات.