یانەی نەورۆز بردنەوەیەکی گرنگی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێنا و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە نەجەفی بردەوە و بە سێ خاڵی گرنگەوە گەڕایەوە سلێمانی.
لە یەکێک لە یارییەکانی هەفتەی ٣٢ی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی نەجەف میوانداری نەورۆزی کرد.
تایمی یەکەم هەردوو یانە بە هێرشکردن دەستیان بە یارییکرد، بەڵام یاریزانانی نەورۆز سودیان لە یەکێک لە هێرشەکان بینی و مەروان حسێن لە خولەکی ٤١ گۆڵی پێشکەوتنی یارییەکەی تۆمار کرد.
تایمی دووەم یانەی نەجەف هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی دەدا، نەورۆزیش بەهێرشی پێچەوانە یارییان دەکرد، بەڵام هەردوو یانە گۆڵیان تۆمار نەکرد.
لە کۆتاییدا یارییەکە بە تاکە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە سودی نەورۆز کۆتایی هات و سێ خاڵی گرنگیشی بەدەستهێنا.
بەو بردنەوەیە نەورۆز خاڵەکانی بۆ ٤٢ خاڵەکانی بەرز کردەوە و چووە پلەی ١١ ریزبەندی و نەجەفیش لە پلەی ١٥ ریزبەندییە بە ٣٧ خاڵ.