زووم..
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانى دراو لە هەرێمى کوردستان بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر بەرزبووەوە، 100 دۆلار بۆ 141 هەزار و 500 دینار دابەزى.
دوێنێ بەهاى دۆلار هاتە خوار 142 هەزار دینار، بەڵام ئێوارە لەکاتى داخستنى بازاڕ بەهاى 100 دۆلار گەیشتەوە 142 هەزار و 650 دینار، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆش 100 دۆلار تا 141 هەزار و 500 دینار دابەزى، بەهۆى ئەو بەرز و نزمییە زۆرەى لە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار هەیە، بەهاى دینار زۆر ناجێگیرە و ئەم ئێوارەیەش دۆلار دەستى بە بەرزبوونەوە کرد 100 دۆلار بە 143 هەزار دینار مامەڵەى پێوەکرا.
چەند هۆکارێک لەپشت ئەم بەرز و نزمییەى بەهاى دینارەوەن، یەکێک لەوانە کەمبوونەوەى نەختینەى پارەی کاشە لە عێراق، بانکى ناوەندى بۆ کڕینەوەى دینار دۆلارێکى زیاترى خستووەتە بازاڕەوە، هۆکارێکى دیکە بۆ دروستکردنى کارتى بانکى بۆ بازرگانە بچووکەکان دەگەڕێتەوە، کە پێشتر بۆ حەواڵەى دۆلار، پەنایان دەبردەبەر نووسینگەکانى حەواڵە و دۆلاریان بە نرخى بازاڕى رەش دەکڕى، بەڵام ئێستا لە رێگەى کارتى بانکییەوە بە نرخى فەرمیى بانکى ناوەندیى کە 100 دۆلار بە 132 هەزار بۆیان دەشکێنرێتەوە دۆلاریان بۆ حەواڵە دەکرێت، ئەوەش خواستى لەسەر دۆلار زۆر کەمکردووەتەوە.
جەبار گۆران گوتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى بە زوومى راگەیاند، ئەو بازرگانانەى کاڵاکانیان بە دۆلار دەفرۆشن، دۆلارەکە دەکەنەوە بە دینار و دینار دەدەنەوە بە بانک و دەیخەنەوە سەر هەژمارەکانیان، هەروەها گفتوگۆکانى نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەگەرى گێڕانەوەى ئێران بۆناو سیستمى جیهانى یەکێکى دیکەیە لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار.