زووم..
ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حیاجیانی عێراق بەڕێگەی ئاسمانی بەرە و وڵاتی سعودیە بەڕێدەکەون و 14ـی ئەم مانگەش یەکەم کاروانی حاجیان بەڕێگەی وشکانی دەڕۆن و بڕیارە تا 28ـی مانگ تەواوی حاجیانی عێراق بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بگەنە ئەو وڵاتە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، وەزارەتەکەیان بۆ گواستنەوەی حاجیان بۆ سعودیە نوێترین فڕۆکەی دابینکردووە و رۆژانە لە فڕۆکەخانەکانی بەغداد، نەجەف، بەسرە، هەولێر و سلێمانی و کەرکوکەوە گەشتی حاجیان بۆ سعودیە بەڕێوەدەچێت، جگە لەو فڕۆکانەش ئامادەکارییان کردووە ئەگەر ژمارەی گەشتەکان زۆربێت فڕۆکەی دیکە ئامادەیە.
هاوکات عەباس بەهادلی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، تەواوی رێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی حاجیان و گواستنەوەیان بەڕێگەی ئاسمانی و وشکانی دابینکردووە و یەکەمجاریشە حاجیانی عێراق پاسپۆرت و ڤیزای ئەلیکترۆنی بۆ گەشتەکانیان بەکاردێنن.
پێشتر بەڕیوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 16ـی مانگ بە رێگەی وشکانی بەڕێدەکەون بەرەو سعودیە و گەشتە ئاسمانییەکانیش لە 19ـی مانگ دەستپێدەکەن تاوەکو 28ـی مانگ.
حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، بە هەماهەنگییان لەگەڵ دەستەی حەج و عومرەی عێراق ئەمساڵ بۆ یەکەمجار سیم کارتی ئینتەرنێت و پەیوەندی بەبێ بەرامبەر بۆ حاجیان دابین دەکەن.