زووم..
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاسەوانی سنوور لە سنووری شارباژێڕ تەقەی لە باوک و کوڕێک کرد و بەهۆیەوە کوڕەکە کە تەمەنی 17 ساڵە کوژراو و باوکەکەش برینداربوو.
زوومى سلێمانى گواستییەوە، کاتژمێر 5:30 خولەکى بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە شارباژێر تەقەیان لەو باوک و کوڕە کردووە.
گوتیشی، لە رووداوەکەدا کوڕەکە بەناوى ئارش ئاوات کە تەمەنی 17 ساڵە کوژراوە و باوکەکەش بەناوى ئاوات ئیسماعیل کە تەمەنى 43 ساڵە برینداربووە و رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە.
کەسوکارەکەى بە زوومیان گوت، ئەو باوک و کوڕە بارێکیان پێبووە و گومرگیشیان کردووە و لە ناحیەى باسنێى شارباژێڕ ویستوویانە بیبەنە ئێران، بەڵام لە گوندی سوورەبان لە سنووری شارباژێڕ لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە تەقەیان لێکراوە و دوو پاسەوانی سنووریش بەتۆمەتى تەقەکردنەکە لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەرکراون.
کەسوکارەکەیان دەڵێن، سکاڵایان تۆمارکردووە و نیگەرانن لە هەڵسوکەوتی پاسەوانی سنوور لە ناوچەکە.