زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، کاتژمێر پێنجى ئێوارەى ئەمڕۆ، کە دەکاتە کاتژمێرى 10ـى بەیانى بەکاتى واشنتن، کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیى دەکات، تێیدا چەند بڕیارێکى گرنگ لەبارەى باجە گومرگییەکان رادەگەیەنێت.
دوو سەرچاوە لە کۆشکى سپى بە رۆژنامەى نیو یۆرک تایمزى ئەمریکییان راگەیاندووە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا دۆناڵد ترەمپ لابردنى باجى گومرگیى سەر هاوردەى کاڵا لە بەریتانیاوە رادەگەیەنێت.
دەڵێن، ترەمپ لێخۆشبوون بۆ بەریتانیا دەکات لەو لەسەدا 25ـى باجەى بەسەر هاوردەى ئەلەمنیۆم و پۆڵا و ئۆتۆمبێلدا سەپاندوویەتى، بەڵام باجى لەسەدا 10 کە هاوردەى هەموو شتێک لە هەموو وڵاتێکەوە دەگرێتەوە هەر دەمێنێت.
هەر لەبارەى باجە گومرگییەکان، سکۆت بێسێنت، وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا رایگەیاند، رۆژى شەممە و یەکشەممەى داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانى چین بۆ دانوستان لەبارەى باجە گومرگییەکان کۆدەبنەوە.
هاوکات حکومەتى چین رایگەیاند، کۆبوونەوەى هەفتەى داهاتوویان لەگەڵ ئەمریکا، لەسەر داواکاریى ئەمریکا بووە، مەرجیشیان ئەوەیە، سەرەتا دەبێت ترەمپ ئەو لەسەدا 145ـى باجەکان هەڵبگرێت کە سەپاندوویەتى بەسەر هاوردەى کاڵاى چینیدا، بەڵام ترەمپ هێشتا ئامادەیى پیشان نەداوە ئەو باجانە هەڵبگرێت.