زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
رەتکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران لەلایەن وڵاتانەوە زیادیکردووە
رەتکردنەوە و گەڕاندنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران لەلایەن وڵاتانی جیاوازەوە، وەک ئۆزبەکستان، عێراق، روسیا و هیندستان، بووەتە بابەتێکی بەردەوام.
هۆکارەکانی ئەم رەتکردنەوەیە بریتین لە پیسبوون، بەکارهێنانی قڕکەری ناستاندارد و کێشەی کوالێتی.
نەبوونی چاودێریی پێویست لەسەر ستانداردەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی و چالاکییەکانی تۆڕە نایاساییەکانی دابەشکردنی قڕکەرەکان، وەک هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشەیە باس دەکرێن. هەروەها، بەرزبوونی نرخی کەرەستەی سەرەتایی کوالێتی بەرز، جووتیاران ناچاردەکات قڕکەری هەرزان و ناستاندارد بەکاربهێنن.
ئەم دۆخە زیانێکی زۆری بە هەناردەی ئێران گەیاندووە و ناوبانگی بەرهەمی ئێرانی لە بازاڕە جیهانییەکاندا لاواز کردووە، جگە لە زیانە ئابوورییە راستەوخۆکان بۆ جووتیاران و هەناردەکاران.
ئەبرار
بە بەشداریی عێراق پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی تاران کرایەوە
بە بەشداریی عێراق و بە دروشمی بۆ ئێران بخوێنین، 36ـەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی تاران کرایەوە.
ئەم پێشانگایە تا ١٧ـی مانگ بەردەوامدەبێت و رۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە کراوە دەبێت. زیاتر لە 2300 بڵاوکەرەوە بەشدارییان تێدا کردووە و عێراق وەک میوانی تایبەتی ئەم خولە هەڵبژێردراوە.
وەزیری رۆشنبیری رایگەیاند، پێشانگای کتێب جگە لە یارمەتیدانی ئابووری چاپ و بڵاوکردنەوە، یانەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتییە بۆ ئێران و هۆکارێکە بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی نیشتمانی.
ئەفکار
غاز گەیەندرایە 140 گوندی بچووکی سنووری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گازی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تائێستا غاز گەیەندراوەتە زیاتر لە 140 گوندی بچووک لە شاری بانە کە تەنها لە 2 تا 10 خێزان پێکدێن.
گەیاندنی غاز بۆ ئەم ناوچانە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی هەژاریدایە، ئێستا 33 شار و 1660 گوندی پارێزگای سنە غازیان پێگەیشتووە و رێژەی گەیشتنی غاز بە دانیشتوانی پارێزگاکە نزیکەی 100٪ـە و بووەتە هۆی زیادبوونی رەزامەندی و ژیانی باشتری خەڵک.
جەهانی سەنعەت
لە ئێران رۆژانە 200 نەخۆشی شێرپەنجە بەهۆی نەبوونی دەرمان گیانلەدەستدەدەن
کێشە و ئازارەکانی نەخۆشانی تایبەت و نەخۆشییە قورسەکان لە ئێران زیاتر بووە، بەتایبەت لەڕووی کەمبوونی دەرمان و گرانیی نرخەکانەوە.
سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەی یاسای بنەڕەتی، دەبێت تەندروستی بێبەرامبەر بێت، بەڵام ئەم نەخۆشانە رووبەڕووی تێچووی زۆر دەبنەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی دراو و لابردنی یارمەتیی حکومەت بۆ دەرمان، نرخی دەرمانە تایبەتە هاوردەکراوەکانی زۆر بەرزکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، رۆژانە زیاتر لە 200 کەس بەهۆی شێرپەنجەوە گیان لەدەستدەدەن و هۆکاری سەرەکیی زۆربەیان وازهێنانە لە چارەسەر بەهۆی نەبوونی توانای دارایی. هەروەها بازاڕی رەشی دەرمان و وەرگرتنی پارەی زیادە لەلایەن هەندێک پزیشکەوە کێشەکانی قورستر کردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پاکستان هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی هەر دڵۆپە خوێنێک لە هیندستان دەکات
رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو سەختترین ئاستی ململانەی دەیان ساڵەی نێوانی هیندستان و پاکستان بوون.
سەرۆکوەزیرانی پاکستانیش هەڕەشە دەکات و دەڵێ، تۆڵەی یەک بە یەکی ئەو دڵۆپە خوێنانە دەکەنەوە کە بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای هیندستانەوە لە لەشی پاکستانییەکان رژاوە.
ئەم دوو ڵاتە خاوەنی چەکی ئەتۆمین و شەڕ لەنێوانیاندا روویداوە.
شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەڕێی تەلەڤزیۆنەوە گوتارێکی بۆ جەماوەری وڵاتەکەی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا گووتی، منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان لەناو ئەو کەسانەدایە کە بەهۆی بۆردومانەکانی رۆژی چوارشەممەی هێندستانەوە کوژران.
شەریف بەڵێنیدا و رایگەیاند، تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی ئەو قوربانییانە دەکەنەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا و ئیسرائیل گفتوگۆ لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ غەزە دەکەن
بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی پێکهێنانی ئیدارەیەکی نوێ بۆ کەرتی غەزە قسەیان کردووە کە لە پاش تەواوبوونی شەڕەکە و لەناو غەزەدا بۆ ئیدارەدانی کەرتەکە پێکبهێنرێت و ئەمریکا سەرپەرشتیی بکات.
پێنج کەسی ئاگادار راستیی ئەم هەواڵەیان بۆ رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست دووپاتکردووەتەوە و دەگوترێت لە ئاستێکی بەرزدا قسە لەسەر ئەوە کراوە کە حکومەتێکی قۆناغی گواستنەوە بۆ کەرتەکە دروستبکرێت، ئەمریکییەکان بەڕێوەیبەرن.
کاری ئەم حکومەتە ئەوە دەبێت سەرپەرشتیی کاروباری ناو کەرتەکە بکات، تا ئەودەمەی لە هێزی چەکدار پاکدەکرێتەوە و بارودۆخەکەی ئارامدەکرێتەوە و هەلومەرج دەڕەخسێندرێت بۆئەوەی لە کەسانی فەڵەستینیی تەکنۆکرات حکومەتێکی بۆ دروستبکرێت.
بەگوێڕەی زانیارییە باسکراوەکان هیچ ئاماژەیەک بەوە نەدراوە کە دەسەڵاتی ئەو حکومەتە ئەمریکییە لە غەزەدا ماوەی چەند بەردەوامدەبێت.
تایمز
ئێران ویستوویەتی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن بکاتە ئامانج
رۆژنامەی تایمز زانیوویەتی کە ئەو پلانە تیرۆریستییەی گرووپێکی ئێرانی کە دەیانویست لە لەندەندا ئەنجامی بدەن و تیایدا باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بکەنە ئامانج.
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە رۆژئاوای لەندەنە و دەکەوێتە ناوچەی کینسنگتن، کۆمەڵێک ئەفسەری راهێندراو لەسەر دژایەتیکردنی تیرۆر، کە سەر بە سوپان، توانییان کۆتایی هەفتەی رابردوو ئەو گرووپە تیرۆریستییە ئاشکرا بکەن و دەستگیریشیان بکەن.
دەشڵین کاتی دەستنیشانکراو بۆ ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەکەیان زۆر نزیک بووە.
یەڤیت کوپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەڵێ، ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەو گرووپە یەکێکە لە گەورەترین چالاکییەکانی دژایەتی تیرۆر لە سەردەمی نوێدا.
فاینەنشیەڵ تایمز
لەمەودوا پەنابەران دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوە لە بەریتانیا 10 ساڵ چاوەڕوانی بکەن
حکومەتی بەریتانی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە، کە وا لە پەنابەران دەکات لەمەودوا ماوەی 10 ساڵ چاوەڕوان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن داوابکەن مافی مانەوەکەیان لە بەریتانیادا بۆ بکرێت بە هەمیشەیی.
حکومەت دەیەوێت بەهەموو شێوەیەک ژمارەی ئەو پەنابەران کەمبکاتەوە کە بەو ژمارە زۆرە روو لە بەریتانیا دەکەن.
ئەم بەرنامە یاساییە نوێیە کە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بۆ پەنابەران دوادەخات بەشێکە لە بەرنامەیەکی پێداچوونەوە و ریفۆرمکردنی یاساکانی پەنابەری، بۆ ئەو کەسانەی کە دەچنە بەریتانیا بۆ ئەوەی لەوێ کاربکەن.
بەشێکی هۆکاری توندکردنەوەی یاساکان پەیوەندیی بە زاڵبوونی دەنگی راستڕەوەکانەوە هەیە لەناو کایەی سیاسەتی بەریتانیادا.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سەدان ئەفسەری پلەباڵای عێراق لوتکەى بەغداد دەپارێزن
حەمید غەزی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق رایگەیاند، سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى پەیوەست بە کۆبوونەوەى لوتکەى عەرەبی لە بەغداد کە بڕیارە 17ـى ئەم مانگە بەڕێوەبچێت کارەکانى خۆیان تەواوکردووە، نەخشەى پاراستنى ئاسایشى کۆبوونەوەکەش تەواوکراوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە پرۆسەى پاراستنى ئاسایشى کۆبوونەوەکەدا 600 ئەفسەرى عێراقى ئەرکی پاراستنى بەشداربوون و شوێنى مانەوە و رێگەوبان و کۆبوونەوەکەیان خراوەتە ئەستۆ کە پلەى لیوایان تێدایە.
میقداد میری گوتەبێژى لیژنەى ئەمنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، بەشێکى زۆریان بۆ پاراستنى شوێنى مانەوەیان دانراون، ئەرکی ئەوان پاراستنى بەشداربووانە کاتێک لە فرۆکەخانەوە دێنە بەغداد تا شوێنى مانەوە و بەڕێکردنیان بۆ شوێنى کۆبوونەوەکان. گوتیشى، هیچ بەشداربوویەکى کۆبوونەوەکە نییە پارێزەر و رێوشوێنى ئەمنى تایبەتى بۆ دیارینەکرابێت.
هاوکات فادی شەمەریی راوێژکاری سودانیش رایگەیاند، کۆبوونەوەى لوتکەى عەرەبی لە بەغداد دانانى نەخشەڕێی چارەسەرى کێشە و گرفتەکانى ناوچەکە و باسکردنى ورد و درشتى ئەو کێشانەیە کە لەناوچەکەدا روودەدەن.
سەباح
چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ عێراق بەشى خۆبژێویی گەنمی هەبێت
مەهدی زەمەد قەیسی راوێژکاری وەزارەتى کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ئاماژە سەرەتاییەکان جێگەى دڵخۆشین و بۆ ئەمساڵ ئاسایشى خۆراکیان پارێزراوە و چاوەڕێش دەکەن بەشى خۆیان دانەوێڵەیان هەبێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى سەباح، زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆنم زەوی کراوە بە دانەوێڵە و تائێستاش 200 هەزار تۆن لە پارێزگاکانى بەسرە، میسان زیقار، موسەنا، واست و کەربەلا وەرگیراوە و وەزری دروێنەش لەو پارێزگایانە دەستیپێکردووە. راشیگەیاند، یەکى تەممووزی ئەمساڵ کۆتا وادەى رادەستکردتى دانەوێڵەیە بە سایلۆکان.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، لە بەشێکى پارێزگاى دیالەش خەریکە وەرزی دروێنە دەستپێدەکات و تەنها لەو پارێزگایەدا زیاتر لە 500 هەزار دۆنم دانەوێڵە کراوە، لەهەمانکاتدا بەڕێوەبەرایەتى بەرگریی شارستانی سەر بە وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە پلانێکى گشتگیریان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەى رێگریی لە کەوتنەوەى ئاگر بکەن و لەکاتى هەر رووداوێکى ئاگرکەوتنەوەشدا بەتەواوی بتوانن کۆنترۆڵی بکەن.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، پلانەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێدەکرێت، بەشێکیان هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتیانە بۆ نەکەوتنەوەى ئاگر، دووەم بڵاوەپێکرنی تیمەکانى ئاگرکوژێنەوەیە لە نزیک کێڵەگەکان، هەروەها پشکنین و بەدواداچوون بۆ سایلۆکان دەکەن تا مەترسییەکانى کەوتنەوەى ئاگر نەهێڵن.
دەستور
عێراق دووەم وڵاتى هاوردەکردنى میوەی تورکیایە
فەرحات جوروز سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمەڵەى هەناردەی میوە و سەوزەى تورکیا رایگەیاند، عێراق لە ڕیزبەندى دووەمدایە بۆ کڕینى میوە و لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهاى زیاتر لە 971 ملیۆن دۆلار هەناردەی میوە و سەوزەیان هەبووە.
راشیگەیاند، لالەنگی تورکی لە ڕیزبەندى یەکەمدایە و لەدواى ئەویش تەماتە، لیمۆ، بیبەر و هەنار دێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، یەکەم وڵاتى هەناردەی سەوزە و میوەى تورکی روسیایە بە بەهاى زیاتر لە 215 ملیۆن دۆلار و بەدواى ئەودا عێراق دێت بەبڕی 139 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار و پاشان رۆمانیا دێت بە بەهاى 105 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار.
فەرحات گوتووشیەتى، هەناردەى ئەمساڵیان بۆ عێراق بەبڕی 29% زیادیکردووە.
مەدا
کڕینى دەنگ و ناڕوونی سەرچاوە داراییەکانی هەندێک لە کاندیدەکانى عێراق جێگەى گومانن
سۆزان مەنسور ئەندامی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، هەڵمەتى هەڵبژاردن لە عێراق یەکێکە لە کێشە و ئاڵنگارییە سەختەکانى بەردەم دەستپاکی لە عێراق هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناتوانرێت کۆنترۆڵبکرێت و نازانرێت چۆن سەرچاوەکانى دیاریی بکرێن و سەربەخۆیانە چاودێرییان بکرێت.
راشیگەیاند، کاندید هەیە هەموو سنوورەکانى هەڵمەتى هەڵبژاردن تێدەپەڕێنێت، بە ئاشکرا دەکەوێتە کڕێنى دەنگی خەڵک یان پارە دەبەخشێتەوە، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر شێواندنی هەڵمەتى هەڵبژاردن و ئەوانەى تواناى ئەو کارانەیان نییە بە نەتوانا و کەمتەرخەم دێنە ئەژمار هەرچەندە تواناى بەڕێوەبردن و شارەزییان زیاتریش بێت.
گوتیشى، دەبێت بە یاسا ئەوە رێکبخرێتەوە کە هەر کاندیدێک دەتوانێت چەندە خەرجبکات و چۆن کارەکانى هەڵمەتى هەڵبژاردن بەڕێوەببات و بۆ هەمووانیش وەکو یەک بێت، هەرچەندە لە رێنماییەکانى کۆمیسۆن ئاماژە بە هەندێکیان کراوە، بەڵام ناچنە بوارى جێبەجێکردنەوە و وەک مرەکەبی سەر کاغەز ماونەتەوە.
هەروەها سۆزان مەنسور راشیگەیاند، هاوکاریی دەرەکی هەندێک لایەن بەئاشکرا دەبینرێت، بەڵام هیچ کەسێک لێپێچینەوەی لەگەڵ ناکرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
سەرۆکی چەهەپە: ئەو کەسەی هێرشیکردە سەرم بەبێ مەبەست نەهاتبووە ناوەندی کلتوری
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی دەزگای توسیاد کۆبووەوە و رایگەیاند، ئەو کەسەی لە مەڕاسیمی بەڕێکردنی تەرمی سری سورەیا ئۆندەردا هێرشیکردە سەری بەبێ مەبەست نەهاتبووە ناوەندی کلتوری.
گوتیشی، ئەو کەسە بەزەیی بە منداڵی خۆیدا نەهاتووەتەوە و کوشتونی ئێستا بەزەیی بە ئەودا دێتەوە. پەیامەکە بۆ ئەو ئەوە بوو کە بەڵێ ئۆزال دووجار بیرکەرەوە، بۆیە ئەو بڕوای وایە ئەمانە پەیوەندیان بە دەوڵەتی قوڵەوە هەیە.
سۆزجو
هەژاری وایکرد خانەنشینان لەبەردەم دەزگای ئاماردا بەرد لێبنێن
خانەنشینان لەبری گۆشت بەرد دەکوڵێنن لەنێو مەنجەڵەکانیاندا. خانەنشینان بەردەوامن لە بایکۆتکردنی کارەکانی دەزگای ئامار و راپرسی تورکیا ناسراو بە تویک، لەکاتێکدا تەواوی رێکخراوەکانی سەندیکای خانەنشینان لەبەردەم لقی ئەنقەرەی دەزگاکەدا گردبوونەوە.
خانەنشینان دژ بەو ئامارانە دەوەستنەوە کە لەبارەی هەڵاوسانەوە بڵاویدەکاتەوە. ئەوان دەڵێن، ئەو ئامارانە راست نین و ئەوان مەحکومن بە هەژاری، ئەوەتا نە گۆشت و نە هێلکەیان پێناخورێت، چونکە دەڵێن، ئەمە ژیانی شاهانەیی دەرەقەتی دێت.
جمهورییەت
دادگای دەستوریی رەزامەندە لەسەر کوشتار
دادگای دەستوریی داوایەکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپەی رەتکردەوە سەبارەت بە یاسای رەشەکوژی. هەربۆیە تەواوی رۆژەکە مانیانگرت و هێزە ئەمنیەکانیش بە توندی وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و دەستوەردانیان کرد بۆ بڵاوەپێکردن.
ئایدنلک
بەردیان گرتە پرۆسەی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
یەکێکی دیکە لە هەوڵەکان دژی کۆتاییهێنان بە چەک و کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە ئەڵمانیا روویدا.
لە بەرلین لەکاتی یادکردنەوەی رووداوەکانی ١٩٣٧-١٩٣٨ـی دەرسیمی باکووری کوردستان لەبەردەم دەرگای ساڵۆنەکە دەستەواژەی رەشەکوژی دەرسیم بەکارهاتبوو کە یەکێتیی رێکخراوەکانی دەرسیم لە بەرلین رێکیخستبوو.