زووم…
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکرد، ئیدارەی ترەمپ و ئیسرائیل سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکن بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەزە لەرێی حاکمێکی ئەمریکییەوە، ئەمەش هاوشێوەی هاوپەیمانیی دەسەڵاتیی کاتییە لە عێراق کە دوای رووخانی رژێمەکەی سەدام حسێن دامەزرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، ئەمریکییەک دەبێتە حاکمی ئیدارە نوێیەکەی غەزە، لەگەڵ ژمارەیەک تەکنۆکراتی فەڵەستینی کەرتەکە بەڕێوەدەبەن، ئەمە جگە لەوەی واشنتن وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستانی بانگهێشت دەکات تاوەکو لە ئیدارەکەدا بەشداربن.
ئەم ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامدەبێت تا ئەو کاتەی کۆنترۆڵی تەواوی کەرتەکە دەکەن و لە ژێر کۆنترۆڵی حەماس دەریدەهێنن و دواتریش ئیدارەیەکی فەڵەستینی دادەمەزرێت، ئەوکات ئەو ئیدارەیەی بە سەرپەرشتی ئەمریکا دروستکراوە هەڵدەوەشێتەوە، هەرچەندە سەرچاوەکانی رۆیتەرز هیچ کاتێکی دیاریکراویان دانەناوە.
لە راپۆرتەکەی رپۆیتەرز پێنج سەرچاوە قسەیان کردووە و سەرجەمیان ئەو ئیدارەیەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەنیازن لە غەزە پێکیبهێنن بەراوردیان کردووە بە هاوپەیمانیی دەسەڵاتی کاتیی لە عێراق کە حکومەتێکی راگوزەر بوو لەدوای رووخانی رژێمی بەعس.
ئەم حکومەتە ماوەی 14 مانگ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، دادوەریی و یاسادانانی بەڕێوەدەبرد لە 21ـی نیسانی 2003 تاوەکو 28ـی حوزەیرانی 2004. سەرەتا جەی گارنەر، جەنەڕاڵی ئەمریکی، بەڕێوەی دەبرد و دواتر پۆڵ بریمەر، دیپلۆماتکاری ئەمریکی، دوای مانگێک بووە حاکمی عێراق.
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەکان، لە ئیدارە نوێیەکەدا ئەندامانی حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینی تێدا نابێت، ئەمەش پێچەوانەی دەستپێشخەرییەکی ئیماراتە کە دەیەوێت دەسەڵاتی فەڵەستینی لە ئیدارەکەدا بەشداربێت.
پێشتر گیدۆن سار، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سکای نیوزی عەرەبی باسی لەوە کرد، قۆناغێکی راگوزەر لە غەزە دەبێت لەدوای جەنگ کە تێیدا ئەنجوومەنێکی متمانەپێکراوی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی غەزە دەکات و ئەو ئەنجوومەنە “وڵاتە میانڕەوە عەرەبییەکانیشی” تێدا دەبێت.
دوو لە سەرچاوەکانی رۆیتەرز ئەوەیان گوتووە کە ئەو ئیدارەیەی ئەمریکا بەنیازە دروستی بکات مەترسی بەرچاوی هەیە چونکە ترس هەیە واشنتن لەنێو وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی وەک “داگیرکەر” ببینرێت، هەروەک چۆن هاوپەیمانیی دەسەڵاتی کاتیی بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر لەلایەن زۆربەی عێراقییەکانەوە بەوشێوەیە سەیر دەکرا.
بنیماین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەندین جار رەتیکردووەتەوە دەسەڵاتی فەڵەستینی بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس بەشداربێت لە هەر حکومەتێکی داهاتووی غەزە و دژی سەربەخۆیی فەڵەستینیشە. لە چەند رۆژی رابردووشدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەشکرکێشی بۆ سەر غەزە فراوان دەکەن.