زووم..
فەرهاد شامی گوتەبێژی هەسەدە دەڵێ، دیاریکردنی ئەبو حاتەم شەقرە وەک فەرماندەی فیرقەی 86ی سوپای سوریا لەلایەن دیمەشقەوە، هەنگاوێکی نەرێنی و قبوڵنەکراوە.
فەرهاد شامی لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی، دانانی کەسانی تاوانباری وەک ئەبوو حاتەم شەقرە لە پۆستە هەستیارەکانی سوریای نوێ، قبوڵنەکراوە و دامەزراوەکانی حکومەت پیس دەکات.
بەگوتەی فەرهاد شامی، ئەبو حاتەم شەقرە چەندین تاوانی ئەنجامداوە، لەنێویشیاندا شەهیدکردنی هەڤرین خەڵەف، ژنە چالاکی سیاسیی کورد لە رۆژاڤا.
گوتەبێژی هەسەدە دەشڵێ، شوێنی ئەبو حاتەم شەقرە زیندانە نەک دامەزراوە فەرمییەکان، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەنگاوی بوێرانە بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لەوکەسانە لەسەر تاوانەکانیان بەرامبەر سورییەکان.
فەرهاد شامی ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوانبارێک کە لەناوخۆدا داواکراو بێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزادراو بێت، نابێت شوێنی تاوانبارانی پێشوو بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت هەمان چارەنووسی ئەوانی هەبێت.