راهێنەرى دهۆک بەڵێنى ئەنجامى باشتر بە هاندەرەکانیان دەدات، زولفەقاریش هۆکارى دۆڕاندنەکەیان بۆ بێبەختى دەگەڕێنێتەوە.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى دواى دۆڕاندنەکەى بەرامبەر یانەى نەفت لە خولى ئەستێرەکانى عێراق، مەسعود میڕاڵى راهێنەرى یانەى دهۆک پیرۆزبایى لە نەفت دەکات بەهۆى بردنەوەکەیان و پێیوایە تیپێکى باشە و پایەى باشى هەیە لە ستافى راهێنەران و یاریزانان.
مەسعود میراڵ گوتى: دەستمان بەسەر یارییەکەدا گرتبوو، ئێمە هەلى زیاترمان هەبوو، بەجددییەوە کارمان کرد بۆ پێشکەشکردنى ئاستێکى باشتر لەوەى لە یارییەکانى پێشوودا پێشکەشمان کردبوو، بەڵێنى باشتر بە هاندەرەکانمان دەدەین.
هاوکات زولفەقار یونسیش یاریزانى دهۆک لە هەمان کۆنفرانسدا پیرۆزبایى لە نەفت کرد بۆ بردنەوەکەیان.
زولفەقار گوتى: وەک یاریزانەکان بەخت یاوەرمان نەبوو، هیواى بەختێکى باش بۆ خۆمان و هاندەرەکانمان دەخوازم، دۆڕاندنەکە قورسە لەسەرمان وەک یانەى دهۆک، ئینشەڵا لە یارى داهاتوودا قەرەبووى دەکەینەوە.