زووم..
ئەفسەرێکی باڵای هاتوچۆی سلێمانی بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن، چوار رۆژ دەستبەسەر کرا، دواتر ئازاد کرا و گەڕایەوە سەر کارەکەی.
یەکشەممەی رابردوو، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەفسەرەکەی دەستگیرکردبوو، چوار رۆژ لە زینداندا بوو.
زووم دەزانێت، لە ئێستادا ئەفسەرەکە ئازاد کراوە و وەک ئەوەی هیچی نەکردبێت گەڕاوەتەوە سەر کار و ئەرکەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی.
ئەفسەرەکە بەگوێرەی مادەی 307 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، لە مادەکەدا هاتووە، هەر فەرمانبەرێک، یان کەسێک خزمەتی گشتی پێسپێردرا، ئەگەر داوای دیارییەکی کرد، یان رەزامەند بوو دیارییەک یان سوودێک وەربگرێت، یاخود بەڵێنێکی پێبدرێت بۆ خۆی یان کەسێکی تا کارێک بکات کە کارەکانی فەرمانبەریەتییەکەی یان ئەرکەکانی فەرمانبەریەتییەکەی پێشێل بکات، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک، لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت، یان بەندکردن و پێبژاردن زیاتر نەبێت لەوەی داوایکردووە، یاخود پێی دراوە.
بەڵام ئەگەر رەزامەند بوو بە وەرگرتنی، سزاکەی دەبێتە زیندانی بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێ لە حەوت ساڵ.