تەنها چەند کاتژمێرێک دوای بڕیاری ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی لەسەدا ١٠٠ بەسەر هەموو ئەو فیلمانەی لە دەرەوەی ئەمریکادا بەرهەمدەهێنرێن، ستۆدیۆ گەورەکانی بەرهەمهێنانی فیلم لە هۆڵیوود، رووبەڕووی دابەزینێکی گەورەی پشکەکانیان بوونەوە.
ترەمپ لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، بەرهەمهێنانی فیلمی ئەمریکی لە ستۆدیۆ نا ئەمریکییەکاندا و لە دەرەوەی وڵاتەکەی هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
کەناڵی سی ئێن بی سی، بڵاویکردووەتەوە، دوای بڕیارەکەی ترەمپ، پشکی نێتفلیکس نزیکی چوار لە سەد، دیزنی سێ لە سەد و وارنەر برازەرس دیسکەڤەری پێنچ لە سەد و پارەمەونت دوو لە سەد و کۆمکاست یەک لە سەدی بەهاکانیان لە دەستداوە.
ترەمپ رۆژی یەکەشەممەی ئەم هەفتەیە بە کەناڵی ‘سی-سپان’ گووتبوو: وڵاتان فیلم و توانا فیلمسازییەکان بۆ خۆیان دەدزن. لە هەفتەی رابردوودا لێكۆڵینەوەیەکی فراوانمکرد و تێگەیشتم فیلمی زۆر کەم درووستدەکەین. هۆڵیوود لە دۆخی وێران بووندایە.
لە دوای دابەزینی پشکی ستۆدیۆکان، کۆشکی سپی رایگەیاند ‘هێشتا بڕیاری کۆتایی’ لە بارەی جێبەجێکردنی باجی سەدا سەد بەسەر فیلمەکاندا نەدراوە، ترەمپیش بە شێوازێکی نەرمتر بە رۆژنامەنووسانی کۆشکی سپی راگەیاند، ئەو نایەوێت زیان بە پیشەسازی فیلم بگەیەنێت و دەیەوێت هاوکاری بکات.
وە رایگەیاند لەگەڵ کەسانی شارەزا و بەرهەمهێنەرانی فیلم دادەنیشێت بۆ ئەوەی بزانێت بە بڕیارەکە رازین یاخود نا.