زووم..
دواى ئەوەى دوێنێ دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، کوێخا دێرین گەڕاوەتەوە هەرێمى کوردستان، دەستگیرکراوە، بەڵام ئەمڕۆ ئازاد کرا، بە گوێرەی زانیارییەکانیش یەکێتى رێککەوتنى کۆمەڵایەتى و سیاسى بۆ کوێخا دێرین کردووە.
زووم دەزانێ، ئەمڕۆ کوێخا دێرین عوزێرى بە کەفالەت ئازاد کراوە و یەکێتى رێککەوتنى کۆمەڵایەتى و سیاسى بۆ کردووە.
ساڵی رابردوو ئاسایش رایگەیاندبوو، کوێخا دێرین بەهۆی سەرانە و هەڕەشەوە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ خۆی و دەستبەسەرکرداگرتن بۆ ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی دەرکراوە، جگە لەوەش رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی دروستکراون.
کوێخا دێرین عوزێری فەرماندەی سەربازیی بووە بە پلەى نەقیب لە لیوا تایبەتەکانی کۆسرەت رەسوڵ، تاوەکو پێش رووداوەکەش هێزێکی زۆری یەكێتی بە کەرەستەی سەربازییەوە لەبەردەستدابووە، بەڵام دواتر یەکێتی و میدیاکانی گوتیان کوێخا دێرین سەرانەی وەرگرتووە و فەرماندەی سەربازیی نەبووە.
زووم دەزانێ، یەکێتى رێککەوتنى کۆمەڵایەتى و سیاسى بۆ کوێخا دێرین کردووە و چەند کەسێک کە بەشدارییان لە دانیشتنەکەی ماڵی کۆسرەت رەسوڵ کردووە دەڵێن، سکاڵاکار کە بازرگانێکى شارى سلێمانییە، لە دانیشتنەکەدا بەڵێنی داوە سکاڵاکەی بکشێنێتەوە و پاش گەڕانەوەی کوێخا دێرین و زیندانیکردنی بۆ چەند رۆژێکی کەم، دواتر بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.
ساڵی رابردوو دواى تاقاندنەوەى کۆشک و قەڵاکەى کوێخا دێرین، ئاسایش رایگەیاند، دۆسیەی کوێخا دێرین بە فەرمانی دادوەر بووە، بەڵام یەکێتی و میدیاکانی وایان بڵاودەکردەوە کە ئەوەی کراوە لەسەر فەرمانى بافڵ تاڵەبانی بووە.
میدیای یەکێتی ئەوکات رووداوەکەیان بە فراوانى رووماڵ دەکرد و راستەوخۆ دیمەنی تەقاندنەوەی قەڵاکەیان دەگواستەوە، وەکو تۆمەتبارێکی گەورەی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ کوێخا دێرین دەکرد و دەیانگوت کەس ناتوانێت لەسەرووى یاساوە بێت، بەڵام ئێستا بە کوێخا دێرین ناڵێن سەرانەوەرگر بووە بەڵکو تەنها دەڵێن، دەستگیرکراوە.
زووم دەزانێت لە دوای رووداوەکەی کوێخا دێرینەوە ساردییەک کەوتبووە نێوان شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تاڵەبانییەوە، چونکە کوێخا دێرین لە هێزەکەی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بووە.