زووم..
سروە محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، کێشەی مووچە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ساڵی 2025 چارەسەرکراوە، کێشەی کەمی نەختینەش بەمزووانە چارەسەردەکرێت و مووچەی مانگی چوار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
سروە محەمەد لەمیانی 360 خولەکی زووم کە ئاراس ئەحمەد پێشکەشی دەکات گوتی، عێراق دەتوانێت بە دەرهێنانی نەختینەی یەدەگ و وەرگرتنی قەرز کێشەی کەمی نەختینە پڕبکاتەوە، بۆیە کەمی نەختینە نابێتە مەترسی لەسەر مووچەی ئەم مانگە و مانگەکانی داهاتوو.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی، قسەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزیرە کوردەکان کردووە و ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە مووچە کێشەی نییە و “دڵنیام لە چەند رۆژی داهاتوو مووچە دەنێردرێت.”
لەبارەی ناردنی مووچەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زوومی گوت، تەنها فەرمانی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ماوە بۆ خەرجکردن و رەوانەکردنی مووچە.
ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەرییەتی لە ناردنی تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچە، جێبەجێیکردووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانیش ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی پەسەندکردووە.